برایانی زێ زێ

0
415
ze ze

ڕۆژی کورد: لەساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، گۆرانیی و شایی کوردی، جموجوڵ و خرۆشێکی نوێی بەخۆیەوە بینی، ئەمیش بەهۆی پەیدابوونی گروپێکی دەنگبێژ و موزیکژەنی کەلتووەییەوە، کە لەشاری سەقز و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە کایەوە.

گروپی برایانی زێ زێ “زی زی” بۆماوەی چل ساڵ، بە گۆرانییەکانییەکانیان، شایی و زەماوەند و هەڵپەڕکێی کوردییان، لەزۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕازاندووەتەوە. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی ” شەمامە و خاڵ خاڵ، سۆیلە باڵابەرز، ئۆخەی دەستە پەشمینە، شیرینەو خانم، مەنیجە باوانم، کوێستانان خاڵ خاڵ و بەبانانەوە”، چەند نموونەیەکن لەو گۆرانییانە.

هەردوو برا ” عەلی شۆخ کەمان و حسەین شۆخ کەمان” کوڕی میرزا شوکروڵڵان. وەک دەگێڕنەوە، باوکیان، خاوەنی دەنگێکی خۆش و ناسراو بووە. عەلی براگەورە، ئەم هەستە هونەرییەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و زۆرتر، لەلێدانی ئامێری تەپڵ و بندەستیدا پەروەردەی کردووە و دواتریش دەستی حسەینی، برای گرتووە و هێناوێتییە بوارەکەوە.

عەلی شۆخ کەمان ساڵی ١٩٣٠ لەدایک بووە. سەرەڕای ئەوەی مەرگی باوکی و براگەورەکەی، باری ژیانی لەسەر گران کردووە، بەڵام لە کاری هونەری دانەبڕاوە. ساڵی ٢٠٠٨ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.

برا بچوکتریان ” حسەین شۆخ کەمان” لەساڵی ١٩٤٢ لەشاری سەقز لەدایک بووە. لەبەر ئەوەی کەبە مناڵی زمانی لەسەر دەربڕینی پیتی “ز” دەست پێ کردووە، بە ” زی زی” یان ” زێ زێ” ناسراوە. لەتەمەنی پازدە ساڵیدا، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و هەر لەو کاتانەوە لەگەڵ عەلی برایدا بە دوو قۆڵی لە دیوەخان و ماڵەکانی سەقزدا و دواتریش لەگەڵ گۆرانیبێژ ” حسەین نەجەفی” دا دەستی بە گۆرانی وتن کردووە. لەبەر ئەوەی لەگەڵ ” عەزیزی نەیژەن، حسەین والیدی، مینە سووزەنی (مینەی حەسەن فەرەج)، ئەحمەدی ساڵح، تۆفێقی تارژەن و عەلی برای، وەک برا پێکەوە کاری هونەرییان کردووە، بە گروپی ” برایانی زێ زێ” ناسراون.

یەکێک لە تایبەتمەندی گۆرانییەکانی برایانی زێ زێ ئەوەیە کە هۆنراوەی گۆرانییەکان، بەشێوەی ڕاستەوخۆ، وەکو بوێژ یان شایەر، لەدانراوەی برایان خۆیانن.

حسەینی شۆخ کەمان، لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوو بە دواوە، نزیکەی شەست گۆرانی بۆ ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی ئێران تۆمار کردووە و لەم ساڵانەی دواییشدا، کۆنسێرتیان لەشارەکانی سەقز، چابەهار، کامیاران و دیواندەرە پێشکەش کردووە و لە وڵاتی کەنەداش بەشداری ژمارەیەک ئاهەنگ و شایی کردووە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی بارودۆخی وڵات و پەیدابوونی گروپی هونەری نوێ و ئامێری ئەلکترۆنی، لەکاری دوورکەوتووەتەوە.

ناوبراو لەساڵی ٢٠١٥ کۆچی دوایی کرد.

ze ze

zeze
بۆ بیستنی چەند یادگارییەکی هونەرمەند زێ زێ لێرە کرتە بکەن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت