ئەندامێکی سوپای پاسداران لە بۆکان دەستدرێژیی کردە سەر کچێکی مێرمنداڵ

0
657

رۆژی کورد: کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەیكی میراوای بۆکان بەناوی “ژ، ح” و کچی رەحیم لەلایەن ئەندامێکی بەکرێگیراوی سوپای پاسدارانەوە رفێندرا و دەستدرێژیی کرایە سەر.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو کچە مێرمنداڵەیە بە هەواڵنێری رۆژی کوردی راگەیاند: ” ژ، لە کاتێکدا رۆژی سێ‌شەممە لە خولێکی پەروەردەیی بەرەو ماڵەوە لە میراوا دەگەرایەوە، لەلایەن پاسدارا(جاش)ـکەوە بەناوی ئەیوب رۆستەمی ناسراو بە ئەیوبی مینە رەش رفێندرا و لە کێڵگەیەکی مریشک دەستدرێژیی کراوەتە سەر”.

ئەو سەرچاوەیە روونی کردەوە، ئەیوب رۆستەمی کە ماوەی ١٣ ساڵە چەکداری سوپای پاسدارانە ئەو کچەی زۆر و راکێش راکێش خستۆتە ناو ماشێنەکەی و رفاندوویەتی.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، کەسوکاری “ژ، ح” رۆژی چوارشەممە لە بەشی ئەمنیەتیی سوپای پاسداران لە بۆکان سکاڵایان لەو بەکرێگیراوە تۆمار کردووە، بەڵام پێیان راگەیاندراوە دەبێ بێدەنگی لێ بکەن، چونکە ئەیوب رۆستەمی ١٣ ساڵە لە خزمەت کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداراندایە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، لە کاتێکدا کەسوکاری “ژ” لەلای دادگای بۆکانیش سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام وڵامیکی روونیان پێ نەدراوەتەوە و هیچکام لەو ناوەندانە بەدواداچوونیان بۆ ئەو کێشەیە نەکردووە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی “ژ، ح” بنەماڵەی شەهیدی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رژیمی ئیسلامین و ئەو جاشە بەپێی پلان و رق و تۆڵەی سوپای پاسداران لە بەرامبەر بنەماڵەی ئەو شەهیدەدا ئەو کچەی رفاندووە و دەستدرێژیی کردۆتە سەر.

رەحم، ح، باوکی ئەو کچە مێرمنداڵەیە لە شاری بۆکان سەرقاڵی کرێکارییەو لە کاتێکدا هەموو هەوڵی ئەوەیە بە شێوەیەکی سەربەرزانە ماڵ و منداڵەکەی بەخێو بکات، بەڵام بەکرێگیراوانی رژیم بۆ سووکایەتی پێکردن و  بەتاڵکردنی رق و کینەی خۆیان دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئەو کچە.

ژ، بەهۆی ئەو دەستدرێژیەوە تووشی خەمۆکی بووەو لە ژێر زەمینی ماڵەکەیاندا ماوەتەوەو ئەو دەستدرێژی کردنە کاریگەریی زۆر رووخێنەری لەسەر داناوە و هاوکات دەستدرێژی کردنی ئەو ئەندامەی سوپا پاسداران رق و توورەیی خەڵکی بۆکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

سێ ساڵ پێش ئێستاش کچیکی تەمەن ١٧ ساڵ لە بۆکان بەناوی سومەیە فەیسوڵلاپوور لەلایەن کەسێکی ناوسراوەوە رفێندرا و پاش دەستدرێژی کردنە سەر، خنکێندرا. سەرەڕای ئەوەی شوناسی ئەو کەسەش ئاشکرا بوو، بەڵام ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامی خۆیان لە سزادانی دەبوارد، کە ئەو بێ وڵامییەی ناوەندەکان، ناڕەزایەتیی و کۆبوونەوەی خەلكی بۆکانی لەبەر دەم فەرمانداریی ئەو شارەدا لێکەوتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت