بزوتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئێستاش نرکەی دێت

0
1023
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

زیاتر لە سەد ساڵە بزوتنەوەی رەوای کورد لە چوارپارچەی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی لە ئارادایە و لەو ماوەیەدا لە هەرشوێنێک و کاتێکدا بە شێوازێک سەری هەڵداوە وبەرەوپێش چووە، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، ئەوەی لە چوارپارچەدا هاوبەش بووە  بەردەوامبوون و نەپچراوەبوونی بزوتنەوەکەیە کە لەهەر سەردەمێکدا و بەدوای هەرنسکۆ و شکەستێکیش بە شێوازێکی تر و لە شوێنێکی ترەوە سەری هەڵداوەتەوە و بگرە لەوەی پێشخۆشی بە هێزتر بووبێت.

شێوازەکانی بەکارهاتوو لەو بزووتنەوانەدا زۆرە و بەیەک شێوازەوە نەبەستراوەتەوە و بە پێی سەردەمەکەی دەرفەتە جیاوازەکانی بۆ قۆستنەوەی هەلەکان بەکار هێناوە و کەڵکی لە هەموو شیوازەکانی خەباتی سەربازی، دیپلۆماسی ومەدەنی وەرگرتووە.

بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش هەر ئەو تایبەتمەندییانەی هەبووە و بگرە لە زۆربواریشدا داهێنەری شێوازەکانی نوێ خەبات بووە و بووەتە نمونەیەکی گرینگ بۆ باقی پارچەکانی تر و کاریگەری لەسەر ئەوانیش داناوە.

ئەگەر کۆماری کوردستان یەکەم نمونەی سەرکەوتووی دەسەڵاتدارێتی کورد لە سەردەمی نوێدا بووە و ئەزمونێکی جێی شانازی بۆ هەموو کوردێکە کە بوارە جیاوازەکانی پێشکەوتنخوازی هەتا ئەمڕۆشی پێوە دیارە و لە کاتی خۆیدا لە هەموو وڵاتانی دەوروبەر لە بوارەکانی ڕێزلێنان لە کەرامەتی ئینسان پێشکەوتووتر بووە،بەدوای ئەودا لەسەرهەڵدانێکی مێژوویی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ئاستی بەرزی هوشیاری سیاسی و داهێنانی نوێ کورد لەو پارچەیەی کوردستان دەبینین کە هەتا ئەمڕۆش بۆ کورد و بزوتنەوەکەی لە ناو ئازادیخوازانی کورد و ئێرانیشدا جێی شانازیە.

دامەزراندنی یەکەمین ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پەرەپێدانی بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا و هەڵوێستی دروست و مێژووی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی و بەکارهێنانی کۆچی مەریوان وەکوو گەورەترین بەرپەچدانەوەی مەدەنی لە مێژوویی سیاسی ئێران دا هەتا ئەمڕۆش هەر بێوێنە ماوەتەوە.

کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئەزمونێکی پڕ لە شانازی لە بوارەکانی خەباتی مەدەنی و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو بەدیهاتنی ئاواتەکانی، ئەمڕۆش ئاڵاهەڵگری پێشکەوتنخوازی و خەباتی مەدەنی لە هەموو ئێرانە و لە ماوەی ڕابڕدوو دا سەرەڕای دیتنی دەیان کۆبوونەوەی ئیعترازی کرێکاران لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران کە ئەویش بە نۆبەی خۆی شتێکی باشە بەڵام بە هۆی جیاوازی ئاستی وشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان و هەروەها ئەزمونێکی پڕ لە سەروەری لە شێوازەکانی تری خەبات، تەنیا کردەوە مەدەنییەکانی کوردستان توانیان لە ئاستێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی دەرکەون و پشتیوانی و سەرەنجی جەماوەری بۆلای خۆیان ڕاکێشن. گرینگی بە ڕێکخستنی جەماوەری و ئاگادارکردنەوەی جەماوەر لە گرینگی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری لەواندا بەدڵنیاییەوە دەتوانێ هەنگاوگەڵێک باش بێت بۆ بەرەو پێشچونی زیاتری خەباتی گەلەکەمان لە هەموو بوارەکاندا و بنەمایەکی باشتریشە بۆ پتەوتر کردنی بنەماکانی کۆمەلگایەکی مەدەنی زیندوو و وشیار، هەموو ئەو تایبەتمەندییانەش لەژێر کاریگەری راستەوخۆی هەڵسورانی حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە سەریان هەلداوە.

بۆیە سەرەڕای پێویستی بەشداری و ئاگادارکردنەوەی هەموو کەس بە پێی تواناکانی خۆی ئەرکێکی گرینگتر لەسەر شانی هەڵسوراوانی مەدەنی و سیاسییە کە بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو بوارەکانی بەردەستیان  یارمەتیدەری هەموو جۆرە بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی پێشکەوتنخواز بن و ئەوە وەکوو ئەرکێکی حیزبی دابندرێ.

سەرهەڵدانی نوێ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان قۆناغێکی نوێ خەباتی گەلەکەمانە کە بە دڵنیاییەوە لەو ئاستەدا نامێنێتەوە و لە کەش و هەوای کپکراوی سیاسی ئێرانی ئیسلامیدا دەتوانێ مەندی گۆمی ئیستێبداد بهەژێنێت و گڕوتینێکی نوێ بداتە خەباتە رەواکەمان و هەر وەهاش ببێتە سەرچاوەیەکی فێربوون بۆ هەموو بەشەکانی تری ئێران و کاریگەری بەرچاوی لەسەر داهاتو ببێت.

کوردستانی رۆژهەڵات دوبارە نیشانی داوەتەوە کە سەرەڕای بارودۆخی ئیستبدادی ناو ئێران و شلەژانی سیاسی ناوچەکە خەباتەکەی بەردەوامە و رژیمی ئێران نەیتوانیوە ئەو بزوتنەوەیە لە ناو ببات و ئەگەر بەهەر هۆکارێک مەودای شێوازێکی خەباتمان لەبەردەست نەبێت شێوازێکی نوێ خەبات دەدۆزینەوە و کەڵکی لێوەردەگرین و هاواری زیندووبوونی بزوتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گۆی هەموو جیهان دەگەیەنین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت