بیرەوەرییەکانی حەسەن سیساوەیی

0
186

حەسەن سیساوەیی ناوی “حەسەن ڕەسوڵ”ە. ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی “ئاری سیرەک” لە دایک بووە. لەناو خزمانیدا بە “خاڵ حەسەن” و لە بواری هونەرییشدا بە “حەسەن سیساوەیی” ناسراوە.

خۆشەویستی بۆ هونەر وای لێ کردووە کە لە منداڵییەوە، خۆرسکانە ئارەزوو لە وتنی حەیران بکات. گەرچی باوکی ئەمەی پێ خۆش نەبووە و ڕێگری لێ کردووە،  بەڵام خاڵ حەسەن دەستبەرداری حەیران نەبووە و وەک حەیرانبێژی دیوەخانی ئاغای سیساوە دەرکەوتووە.

گەرچی هەلی خوێندەواری بۆ هەڵنەکەوتووە، بەڵام توانا هونەرییەکەی پێی گەیاندووە و ناوبانگی بڵاوکردووەتەوە، بۆیە دوای کردنەوەی ئێستگە لە بەغداد، داوای لێ کراوە تا چەند حەیرانێکی بۆ تۆمار بکرێت، ئەمیش ساڵی ١٩٥٨ چووتە بەغداد و حەیرانەکانی “غەریبم، حەیران بەربووم لە بەندێ”ی بۆ ئێستگە تۆمار کردووە و دواتریش چەند جارێکی تر سەردانی ئێستگەی کردووەتەوە.

لە ژیانییدا، چەند شارێکی کوردستان گەڕاوە و لەگەڵ چەند هونەرمەندێکدا ئاشنایەتی پەیداکردووە. بۆ ماوەی سیازدە ساڵ و تا ساڵی ١٩٩١ لە پرۆژەی “بەستی حەدیسە، باشووری ئێراق”دا کاری کردووە و دواتر بۆ کوردستان گەڕاوەتەوە. هەر بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، چەند کارێکی کردووە، لەوانە: سەپانی، ڕەزەوانی، جوتیاری و کرێکاری.

گەرچی هونەرمەند حەسەن سیساوەیی زۆرتر وەک حەیرانبێژ ناسراوە، بەڵام لەداڕشتنی بیرۆکە و هونەری گێڕاوەی چیرۆکیشدا، توانایەکی بەرزی هەیە و خاوەنی چەندین چیرۆکە کە تا ئێستا بڵاونەکراونەتەوە. ئەم توانایەشی یارمەتی داوە کە سەربردەی دوورودرێژ بهۆنێتەوە و بەرهەمەکانی “عەیشانێ ١٩٧٦، نەورۆز ١٩٧٦، کەوێ ١٩٧٩” کە هەریەکەیان نزیکەی ساعەتێک دەبن، لە نموونەی دەرخستنی ئەم توانایەن.

لەلایەن ئەو کەسانەی کە دووچاری کۆست و خەم و پەژارە بوونەتەوە، داوای لێ کراوە تا چیرۆکیان بەشێوەی حەیران بۆ بهۆنێتەوە و ئەمیش دڵی زۆربەیانی نەشکاندووە و بەقسەی کردوون، هەر لەم بوارەدا، ئاماژە بۆ چیرۆکی دڵداری خۆی و کەسێک دەکات کە هەوێنی زۆربەی حەیرانەکانی بوون.

ژمارەی کارە هونەرییەکانی سیساوەیی زۆرن، لەوانە “سورمێ و خورشیدی چاو بەخاڵ، حەسەن حەیدەر، محەمەدو سیوێ، خەج و سیامەند، مەم و زین، ناسر و مارمار، خەزاڵە شۆری مەلا نەبیسان، حەبیب ئاغای سیاوێ، مامە ڕاغا و ئەسمەری کابایزی، خەلیلی غازی، مەتران عیسا، شەڕی نەهلەی لاوکی شەهیدان، میر سلێمان بەگی خانزادی سۆران، کاکی جوتیار، ساڵح و نورێ…” و چەند بەرهەمی تریشی هەبووە کە بە هۆی ئەوەی لە کاتی خۆیاندا تۆمار نەکراون، لە ئێستادا نەماون.

بەداخەوە هونەرمەندی ناسراوی لاوک و حەیران لە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٥دا کۆچی دوایی کرد.

 

sisawa proushur 002

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت