تاوتوێ‌و هەڵسەنگاندنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ، به‌شی دووهه‌م

0
765

نووسینی : پرویز دستمالچی

وه‌رگێڕانی : چیا عەبدوڵڵاپوور

٣. مافی رەهای فەقیهــ و موجتەهیدەکان یان بە تەواوەتی زەوتکردنی مافی دەسەڵات لە هاوڵاتیان
”… ویلایەت واتە حکومەت و بەریوە بردنی وڵات و بەڕێوەبردنی یاسا پیرۆزکانی شەرع… لەبەر ئەوەی کە حکومەتی ئیسلامی حکومەتی یاسایە، یاساناسان و سەروتر لەوان ئایین ناسان واتە فەقیهــکان دەبێ لە هەمبەریدا بەرپرسیار بن. ئەوانن کە چاوەدێری بەسەر تەواوی بوارەکانی بەڕێوەبەری و بەرنامەدانانی وڵات دا دەکەن… لەم شێوە حکومەتەدا دەسەڵات تایبەتە بە خوداو یاسا فەرمان و حوکمی خودایە. یاسای ئیسلامی یا فەرمانی خودا بەسەر هەموو تاکەکان و بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی دا دەسەڵاتی تەواوی هەیە… ئەم گومانە کە دەسەڵاتی (نێردراوی خودا د.ر) زۆرتر بووە لە پەیامبەر عەلی و یان دەسەڵاتی حکومەتی ئیمام عەلی لە ویلایەتی فەقیهـ زۆرترە، بەتاڵ و هەڵەیە… هەموو تاکەکان تا هەتایە ملکەچی یاساکانی قورئانن. تەواوی کەسەکان تەنانەت پەیامبەر لە حکومەت و یاسای ئیلاهیدا هێچ رۆڵێکیان نیە. هەموو ملکەچی ویستی ئیلاهین. ” (خومەینی، کتێبی ویلایەتی فەقیهـ).
سیستمی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا لە سەر بنەمای ”ویلایەتی فەقیهـە و ئیسلام ناسانی دادپەروەر، خۆپارێزو دەروەست”، واتە هەموو دەسەڵاتەکان لە دەست “فەقیهــ دادپەروەرەکان” ـدان. لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێی پێشەکی دا باسکرا کە یاسای بنەڕەتی، لەم بارەدا. لە بەشی پێوەندی دار بە ”شێوازی حکومەت لە ئیسلامدا” وەها دەڵێت:
“لە پێکهێنانی دامەزراوەو بنیادە سیاسیەکان کە بنەمای پێکهێنانی کۆمەڵگان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی مەکتەبی، بە پێی تێگەیشتنی مەکتەبی، چاکەکاران دەبنە دەسەڵاتدارو وڵات بەڕێوە دەبەن… و یاسادانان کە دەرخەری رێساکانی بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتیە لەسەر تەوەری قورئان و سوننەت درێژە دەکێشێت. بە پێی ئەم چاوەدێریە ورد و جیدیە لە لایەن ئیسلام ناسانی دادپەروەرو خۆپارێزو دەروەست (زانا یان فەقیهـە دادپەروەرەکان) بابەتێکی چارەنووس سازو پێویستە”.
بنەمای دووەمی یاسای بنەڕەتی باس لە شی کردنەوەی بنەما باوەڕیەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات و ئەم سیستمە لە سەر بنەمای باوەڕ بە رێساکانی ئیسلام، باوەڕ بە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی لایەنگری مەکتەبی ئوسولی، و بە باوەڕ بە ”ئیجتهادی بەردەوامی ئەو فقەهایانەی کە هەموو هەلومەرجەکان دەیانگرێتەوە لە سەر بنەمای کیتاب و سونەتی مەعسومین” (پێغەمبەر، کچەکەی، فاتیمە، و دوازدە ئیمام) دەزانێ. واتە باوەڕ و ئیمان بە دینی ئیسلام، مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، مەکتەبی ئوسولی لایەنگری ”ویلایەتی فەقیهـ”.
”ئیمامەت و ڕێبەری بەردەوام”، یەکێکی دیکە لە بنەما باوەڕیەکانی ئەم سیستمەیە و بنەمای پێنجەم ”ئیمامەت و ڕێبەری بەردەوامی” ئۆمەتی ئیسلامی، یان ویلایەتی ئەوانی، لە سەر بنەمای قورئان و سوننەت، ”لە کاتی غەیبەتی وەلی عەسر… بە فەقیهـێکی دادپەروەرو بەئیمان، ئاگا بە رۆژگار و ئازا، بەڕێوەبەرو بەڕاو تەکبیر دەسپێرێ. لێرەدا هیچ پێوەرێکی هەڵسەندگاندن بۆ ئاوەڵناوگەڵێکی وەک دادپەروەر، ئیمانداری، ئاگایی لە رۆژگار، ئازایی، بەڕێوەبەر، و … نە دیاریکراوەو نە پێناسەش کراوە. هەلبژێرەرانی ڕێبەر، لەسەر بنەمای روانگەو زانستی خۆیان، یان لەسەر بنەمای پێوەرە ”سیاسیەکان” یان هتد، ئەوانەی مەرجەکان دەیان گرێتەوە” هەڵدەسەنگێنن.
بەپێی ئەسڵی چوارەم: ”هەموو یاساو رێسا مەدەنی، تاوانکاری، ماڵی، ئابووری، ئیداری، کلتووری، سەربازی، سیاسیەکان و هتد دەبێ لە سەر بنەمای رێوشوێنەکانی ئیسلامی بن. ئەم بنەمایە هەموو یان گشت بنەماکانی یاسای بنەڕەتی‌و یاساو رێساکانی دیکە دەگرێتەوەو دیاریکردنی ئەو بابەتەش لە ئەستۆی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێریە.”
دەسەڵاتەکانی حکومەت لە کۆماری ئیسلامیدا کامانەن، و پێگەی ڕێبەر (وەلی ئەمر) بەنیسبەت ئەوانەوە چیە؟
دەسەڵاتە باڵاکان لە کۆماری ئیسلامی بریتین لە:
دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دادوەری کە ”لە ژێر چاوەدێری ویلایەتی رەهای ئەمرو ئیمامەتی ئۆمەت بە پێی بنەماکانی داهاتووی ئەم یاسایە بەڕێوە دەبردرێت. ئەم دەسەڵاتانە سەربەخۆن (بنەمای ٥٧). کەواتە، ڕێبەر خاوەن پێگەیەکی سەرووتر لە هەر سێ دەسەڵاتەکەیەو ویلایەتێکی رەهای هەیە، بەڵام ئەم ”چاوەدێریە”ی ڕێبەر لەسەر سێ دەسەڵاتە باڵاکەو بە پالپشتی یاسای بنەڕەتی چۆن دەکرێت؟
ئا. دەسەڵاتی یاسا دانان:
ئامرازی چاوەدێری و کۆنترۆڵی ڕێبەری (فەقیهــو موجتەهیدەکان) لەدەستی دەسەڵاتی یاسادانانی شۆڕای چاوەدێریە. شۆڕای چاوەدێری ١٢ ئەندامی هەیە. ”شەش کەس لەوان فەقیهـەکانی دادپەروەرو ئاگا بە رووداوەکانی رۆژگار و رووداوەکانی رۆژە، کە ئەم چەند کەسە لە لایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن.” (بنەمای ٩١). شەش کەسەکەی دیکە لە “ناو ئەو یاساناسە موسڵمانانە کە لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریەوە بە پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی دەناسرێن، بە دەنگی پارڵمان هەڵدبژێردرێن (بنەمای ٩١). بەڵام سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە لایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێت (بنەمای ١٥٧) و دەبێ موجتەهید بێت. ئەرکی شۆڕای چاوەدێری ”پاراستنی ئەحکامی ئیسلام و یاسای بنەڕەتیە” (بنەمای ٩٧). لەگەڵ ئەمەشدا، ”پارلمانی شۆڕای ئیسلامی بەبێ بوونی شۆڕای چاوەدێری متمانەی یاسایی نیە، مەگەر سەبارەت بە پەسەند کردنی متانەنامەی نوێنەران و هەڵبژاردنی شەش کەسی یاساناسی ئەندامی شۆڕای چاوەدێری” (بنەمای ٩٣). هەروەها لە بەبەت گەڵێک دا کە پەسەندکراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لە لایەن شۆڕای چاوەدێری بە پێچەوانەی ڕێوشوێنەکانی شەرع، یان یاسای بنەڕەتی بزانێ و پارڵمان بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی سیسمی کۆماری ئیسلامی بۆچوونی شۆڕای چاوەدێری دابین نەکات ((کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەم)) پێک دێت.
ئەم ”کۆمەڵەیە” بە ئەمری ڕێبەری پێک دێت. ئەندامە جێگیرو ناجێگیرەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن (بنەمای ١١٢). کەواتە، ڕێبەر راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەسەروو دەسەڵاتی یاسا دانانەوەیە، و کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەسەردا دەکات. لەم شێوازەدا پارڵمان، کە لە سیستمە دێموکڕاتیکەکاندا دڵی حکومەت پێک دێنێت، دەگۆرێ بە دامەزراوەیەکی زیادە، یان لاوەکی و نا سەربەخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسەنگاندنی شیاویەتی خوازیارانی نوێنەرایەتی لە پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پارڵمان، لە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێری‌(نوێنەرانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ڕێبەر)یە. بنەمای نەوەدو نۆی یاسای بنەڕيتیش چاوەدێری کردنی هەڵبژاردنی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی خستۆتە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێری، کە شۆڕای چاوەدێری بە “استسوابی” (باش بینین، شیاو بینین) شرۆڤە کردوە و بە پەسەندی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی گەیاندوە. بەم پێیە یاسادانەر نە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەڵ، بەڵکوو نوێنەرانی دامەزراوی ڕێبەر (لە کۆتاییدا زۆربەی زانایانی شۆڕای چاوەدێری، واتە چووار فەقیهــ) و یان نوێنەرانی دامەزراو یان دانراوی ئەو لە کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامین.
ب. دەسەڵاتی دادوەری:
”بەمەبەستی بەڕێوەبردنی بەرپرسیاریەتیەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە گشت بوارەکانی داوەری و بەڕێوەبەری دا ڕێبەر موجتەهیدێکی دادپەروەرو ئاگا بە بواری دادوەری، بەڕێوەبەرو بەتەگبیر بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات کە بەرزترین بەرپرسایەتی دەسەڵاتی دادوەریە” (بنەمای ١٥٧).
ـ ئەرکەکانی بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری بریتین لە:
“١ـ پێکهێنانی رێکخستنی پێویست لە خانەی دادوەری
٢ـ دابین کردنی گەڵالەی گونجاو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی
٣ـ دامەزراندنی دادوەری دادپەروەرو لێهاتوو و لابردن و دانانی ئەوان و گۆرینی شوێنی خزمەتیان و دیاری کردنی کارەکانیان و بەرز کردنەوەی پلەیان و …. (بنەمای ١٥٨)
کەواتە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (موجتەهیدی دادپەروەر، دانراوی ڕێبەر) بەرپرسی رێکخستنی خانەی دادوەری. خانەی دادوەری ”سەرچاوەی تظم و شکایەتەکانە”. وەزیری خانەی داد بەرپرسی ”هەموو ئەو پرسە پێوەندیدارانەیە کە پێوەندی بە دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ دەسەڵاری بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی یاسادانان”ەوە (بنەمای ١٦٠) هەیەو لە نێو ئەو کەسانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری (نوێنەری ڕێبەر) پێشنیار دەکرێن بە سەرۆک کۆمار، هەڵدەبژێردرێن. (بنەمای ١٦٠)
”دیوانی بەرزی وڵات بە مەبەستی چاوەدێری لەسەر بەڕێوە چوونی دروستی یاساکان لە دادگاکان داو دابین کردنی یەکدەستی شێوازی دادوەری و … پێک دێت” (بنەمای ١٦١). سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری رێوشوێنەکانی دیوانی بەرزی وڵات دیاری دەکات (بنەمای ١٦١). سەرۆکی دیوانی بەرزی وڵات و هەروەها داواکاری گشتی دەبێ موجتەهید بن و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (موجتەهیدی دانراوی ڕێبەری) بە راوێژ لە گەڵ دادوەرانی دیوانی بەرزی وڵات ئەوان بۆ ئەم پۆستە دیاری دەکات.(بنەمای ١٦٢). کۆی یاسا دادوەریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ لە چوارچێوەو بە پێی رێوشوێن، ئەحکام و رێسا شەرعیەکان بن. (بنەمای ٤ ، مەبەست فقهی شیعەی ١٢ ئیمامی مەکتەبیی ئوسولیە). بەم پێی یاسای بنەڕەتی ”دادوەرانی دادگاکان لەسەریان ئەرکە کە خۆ بپارێزن لە جێ بەجێکردن و بەڕێوەبردنی ئەو نامە پەسەندکراوە و ئایین نامە حکومیانەی کە ناتەباییان لە گەڵ یاساو رێساکانی ئیسلام هەیە.” (بنەمای ١٧٠)
پ ـ دەسەڵاتی بەڕێوەبەری:
بنەمای سەدو سێزدەیەم، ڕێبەری بە بەرزترین بەرپرسایەتی فەرمی وڵات دەناسێنێ و سەرۆک کۆمار لە دوای ئەو دادەنێ: ”لە دوای ڕێبەر، سەرۆک کۆمار بەرزترین بەرپرسی فەرمی وڵاتە و بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسای بنەڕەتی‌یەو سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریە، جیا لەو بابەتانەی کە راستەوخۆ پێوەندیان بە ڕێبەریەوە هەیە.”
واتە سەرۆک کۆمار:
١ـ دەبێ لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا، سەرۆک کۆمار جێی پەسەندی راستەوخۆو ناراستەوخۆی ڕێبەر(پەسەندی شۆڕای چاوەدێری، چاوەدێرباش بینین ) بێت.
٢ـ بەرپرسی دووهەمی بەڕێوەبەری وڵاتە.
٣ـ لە هەموو دامەزراوەکاندا لە بەرامبەر نوێنەرانی راستەوخۆو ناراستەوخۆی ڕێبەردایە.
٤ـ ئەو بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسا گەڵێکە کە ڕێبەر ئیزنی بەڕێوەبردنیانی (راستەخۆ و ناراستەخۆ) داوە، بەڵام دەسەڵاتی ڕێبەر لەم شێوێنە دا کۆتای پێ نایەت و نزیکەی تەواوی دامەزراوە پێشبینی کراوەکان لە یاسای بنەڕەتی دا لەخۆی دەگرێت.
بنەمای سەدو دەی یاسای بنەڕەتیش سەبارەت بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر وەها دەڵێت:
“١ـ دیاری کردنی سیاسەتە گشتیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ڕاوێژ کردن لە گەڵ کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی
٢ـ چاوەدێری بەسەر باش بەڕێوەبردنی سیاسەتە گشیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی
٣ـ ئەمری ریفراندۆم و راپڕسی گشی.
٤ـ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.
٥ـ راگەیاندنی شەڕ و ئاشتی و بەسیجی هێزەکان
٦ـ دانان، لابردن و پەسەند کردنی دەست لەکار کێشانەوەکان:
ئاـ فەقیهــ(زانا)کانی شۆڕای چاوەدێری.
ب ـ بەرزترین بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری.
پ ـ بەرپرسی رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دـ بەرپرسی ناوەندی هاوبەش.
هـ ـ فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی.
وـ فەرماندەی بەرزی هێزە سەربازی و ئینتزامیەکان.
٧ـ چارەسەر کردنی ناکۆکی و رێکخستنی پێوەندی دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی یاسادانان.
٨ـ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی کە لە رێگای ئاسایی چارەسەر ناکرین لە رێگای کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی.
لە لایەنی هەبوونی مەرجگەڵێک کە لەم یاسایەدا دێت. دەبێ بەر لە هەڵبژاردن لە لایەن شۆڕای چاوەدێری و لە خولی یەکەم دا لە لایەن ڕێبەریەوە پەسەند کرابن.
١٠ـ لابردنی سەرۆک کۆمار بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی وڵات لە دوای حوکمی دادگای بەرزی وڵات بە لادانی ئەو لە ئەرکە یاساییەکان، یان دەنگی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی بە نەبوونی شیاویەتی ئەو بە پێی بنەمای هەشتاو نۆ لە یاسای بنەڕيتیدا.
١١ـ لێبوردن یان سوک کردنی سزای تاوانباران لە سنووری رێوشوێنەکانی ئیسلامی دوای پێشنیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ڕێبەر دەتوانێ هەندێ لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی خۆی بە کەسێکی تربسپێرێ.”
لەگەڵ ئەوەشدا، لابردن و دانانی بەرپرسی رێکخراوی دەنگ و رەنگ بە دەست ڕێبەرە (بنەمای ١٧٥)، و شۆڕای بەرزی ئاسایشی گشتی، سیاسەتی ئاسایشی گشتی وڵات لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتیەکانی ڕێبەر دیاری دەکات و پەسەندکراوەکانی تەنیا لە دوای پەسەندی ڕێبەر شیاوی جێبەجێ کردنن (بنەمای ١٦٧). لە بنەمای سەدو هەفتاو حەوت، پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیدا، هاتووە کە پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیدا لە کاتی پێویست دا، بەم شێوەیە دەکرێت کە ڕێبەر لە دوای راوێژ لە گەڵ کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ( کە ئەندامە جێگیرو ناجێگیرەکانی لە لایەن خودی ڕێبەرەوە دیاری دەکرێن، بنەمای (١١٢) بە پێی حوکمێک رووبە سەرۆک کۆمارئەو بابەتانەی کە دەبێ چاک بکرێن یان رەش نووسی یاسای بنەڕەتی پێشنیار دەکات بە شۆڕای پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی بەم شیوەیە:
“١ـ ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری (هەڵبژێردراوی راستەخۆو ناراستەخۆی ڕێبەر)
٢ـ بەرپرسانی سێ دەسەڵاتە باڵاکە (هەڵبژێردراوی راستەخۆو ناراستەخۆی ڕێبەر)
٣ـ پێنج کەس لە پارڵمانی شارەزایانی ڕێبەری (کەسانێک کە ڕێبەریان هەڵبژاردوە)
٤ـ دە کەس کە لەلایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن
٥ـ سێ کەس لە شاندی وەزیران
٦ـ دە کەس لە نوێنەرانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی (کە پێشتر شیاویەتیان لە لایەن شۆڕای چاوەدێری، واتە نوێنەرانی راستەخۆو ناراستەخۆی ڕێبەر، پەسەند کراوە)
٧ـ سێ کەس لە خوێندکارانی زانکۆ”
لەگەڵ ئەمەشدا، پەسەند کراوەکانی ئەم شۆڕایە تەنیا دوای پەسەندو واژۆی ڕێبەری دەبێ لە رێگای گەرانەوە بۆ دەنگی گشتی، لە لایەن زۆربەی رەهای بەشداربووان پەسەندی بکرێت(بنەمای ١٧٧)، بەڵام ”ناوەرۆکی بەندەکانی پێوەندی دار بە ئیسلامی بوونی سیستەم و بنیادنانی گشت یاساو رێساکان لەسەر بنەمای رێوشوێنی ئیسلامی و بناخەی باوەڕو ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری بووونی حکومەت و ویلایەتی ئەمرو ئیمامەتی ئۆمەت… نەگۆڕن” (بەندی ١٧٧)
لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی نزیکەی تەوای هێزی سیاسی، بە پێی یاسا، لە دەست ڕێبەردایەو ئەو لەسەرو هەرسێ دەسەڵاتە بالاکە “ویلایەتی رەهای” هەیە. ئەو نزیک بە تەواوی پرس و سیاسەتەکان دیاری دەکات. ئەو، وەلی ئەمری موسڵمانان و ئیمای ئۆمەت (و نە هاوڵاتیەکی ئازاد و خۆبنیاد)ـە. ئەو فەقیهـێکی دادپەروەرە کە ”بە پێی ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی بەردەوام” خەڵک ڕێبەری دەکات. و چۆن ڕێبەر، تاکوو دەرکەوتنی ئیمامی دوازدەیەم، بە کردەوە جێ نشینی ئەوە، بە دەسەڵاتەکانی ئەم دنیایەی دەسەڵاتەکانی ”مەعسومانیش” دەبێ زیاد بکەین. ئەو لەسەروو گەل و یاساوەیە و یاسای ئەو، هەر ئەو حوکم و رێوشوێنە شەرعیانەن کە دیاری کردنیان لە ئەستۆی “زۆربەی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێریە” (هەلبژێردراوانی خودی ئەو)، واتە چوار فەقیهـ یان موجتەهیدەکە.
پرسیار ئەمەیە ڕێبەرێک کە لە سەروو هەمووو دامەزراوە پێشبینی کراوەکانی ناو یاسای بنەڕەتی دایە و لە هەموو شوێنێک، راستەوخۆو ناراستەوخۆ، بەسەر هەموو شتێك چاوەدێری و کۆنترۆلی هەیە و سیاسەتە گشتیەکان لە تەواوی بوارەکان دا دیاری دەکات، بۆ خۆی هەڵبژێردراو یان دانراوی کێیە؟ یان هەڵبژاردنی ڕێبەر چۆنەو ئەو دەبێ خاوەن کام مەرج و چ خەسلەت و تایبەتمەندیەک بێت؟ بەندی سەدو نۆ سەبارەت بە مەرج و تایبەتمەندیەکانی ڕێبەر دەنووسێت:
١ـ شیاویەتی زانستی پێویست بۆ فتوا دان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی فقهی دا
٢ـ پێویستە دادپەروەری و پارێزکارو ئیمانی بە خوا هەبێ بۆ ڕێبەری کردنی ئۆمەتی ئیسلامی
٣ـ تێروانینی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەتەگبیر، ئازایەتی، بەڕێوەبەری و هێزی پێویست بۆ ڕێبەری
لە کاتی زۆری ئەو کەسانەی کە ئەم مەرجانەیان تێدایە، کەسێک کە خاوەن تێروانینی فقهی و سیاسی بەهێزتر بێت، لەپێشترە. ئەم مەرجانە لە بەندی پێنجەم و هەروەها سەدو حەوتەم بە جۆرێکی دیکە کەم‌وزۆر دوباتە دەبنەوە. لێرەدا دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە خەسەلە ناوبراوەکانی سەرێ لە هیچ شوێنێک پێناسەیەکی وردیان بۆ نەکراوەو لە بنچینەدا ناتوانن پێناسە بکرێن. لەبەر ئەوەی کە تەنانەت ”دادپەروەری و پێویستی باوەڕ بە خودا بۆ ڕێبەری ئۆمەتی ئیسلام” لە بنچینەدا پێناسە هەڵگرن نیە. لەبەر ئەوی کە ”باوەڕ بە خودا” بەشێک لە ئاکارو زانستی ئاکار(ئێتیک)ـە کە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە، لە گرووپێک بۆ گرووپێکی دیکە ولە چینێك بۆ چینێکی دیکە، دەتوانێ لەگەڵ یەک و لە بنچینەوە جیاواز بێت. مەبەست لە ”دادپەروەری”یش بەتەواوی ناروونە. چارەنووسی خەسلەتەکانی دیکەش جیا لەمە نیە. ”تێروانینی دروستی سیاسی و کۆمەڵایەتی” کامەیە؟ لە ناو گەورەکانی ویلایەتی فەقیهــ دەیان و سەدان ”تێروانینی کۆمەڵایەتی” لە لەگەڵ یەک بەربەرەکانیدان و هەموویان باوەریان بە ”راست و دروست” بوونی خۆیانە.
بەڵام هەڵبژێرەرانی ڕێبەر چ کەسانێک و یان چ دامەزراوەیەکە؟ لە دوای خومەینی کە لە لایەن زۆربەی زۆری خەڵک وەک مەرجەعیەتی ڕێبەری ناسراو وەرگیرا، دیاری کردنی ڕێبەر لە ئەستۆی شارەزایانی هەلبژێردراوی خەڵکە” (بەندی ١٩٧). کەواتە ڕێبەر، لە دوای خومەینی، لە لایەن شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری دیاری دەکرێت.” یاسای پێوەندیدار بە ژمارە ومەرجەکانی شارەزایان چۆنیەتی هەڵبژاردنیان و ئایینامەی ناوخۆی دانیشتنەکانیان بۆ یەکەمین خول دەبێ لە رێگای فەقیهـەکانی ئەوەڵین شۆڕای چاوەدێری دابین بکرێن و هەروها بە دەنگی زۆربەی ئەوان پەسەند بکرێت و لە کۆتایی دا لە لایەن ڕێبەرەوەپەسەند بکرێت بکرێت. لە دوای ئەوە هەر گۆرانکاری و پێداچوونەوە لەم یاسایەو پەسەندی زۆربەی رێسا لە پێوەندی بە ئەرکی پارڵمانی شارەزایانی رێبەری و شیاویەتی خۆدی خۆیانەوە هەیە” (بەندی ١٠٨).
بەم پێیە، بە زمانێکی سادە: خومەینی سەرچاوە و ڕێبەری پەسەند کراو لە لایەن نزیک بە تەواوی خەڵکە. ئەو لە سەردەمی ژیانی دا شۆڕای چاوەدێری هەڵدەبژێرێ. زانایانی شۆڕای چاوەدێری یاسایەک کە پێوەندی بە ژمارەو مەرجەکانی شارەزایان و چۆنیەتی هەڵبژاردن و هەروەها ئایین نامەی ناوخۆی دانیشتنەکانیانە (بۆ یەکەمین خول) دابین دەکات و بە زۆربەی دەنگی خۆی پەسەندی دەکات. دوایی، ئەم یاسایە لە کۆتایی دا لە لایەن خومەینیەوە پەسەند دەکرێت (کە هەموو ئەو کارانە لە سەردەمی ژیانی ئەو کران) و لە سەر ئەو بنەمایە شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری پێک هات. لەدوای ئەوە ”هەر جۆرە گۆڕان و پێداچوونەوەیەک بەم یاسایەداو پەسەندی زۆربەی رێساکان، پێوەندی بە ئەرکەکانی شارەزایان و شیاویەتی خودی خۆیانە”. کەواتە، لە هەلومەرجی هەنووکەیی دا ڕێبەر، لە دوای مردنی خومەینی، لە لایەن پارڵمانی شارەزایانی ڕێبەری دیاری دەکرێت.
شارەزایانی ڕێبەری، بە پێی یاسای بنەڕەتی دەتوانێ و رێگەی پێدراوە کە یاساو پەسەندکراوەکانی خۆی بە هەرجۆرێک کە خۆی پێی باش بێت بگۆڕێ. بە واتایەکی دیکە، ڕێبەر وەک بەزترین و مەزنترین بەرپرسی ئۆرگانی حکومەت، کە وێنای تەواوی هێزی زەوی و ئاسمانی لە سیستمی ویلایەتی فەقیهـە، لە لایەن شۆڕایەک هەڵدەبژێردرێت کە یاسای بنەڕەتی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها گەڵ، بە کردەوە هیچ بڕەو رۆڵێکیان تێدا نیە. دەسەڵات و هێزی پاڕڵمانی شارەزایانی ڕێبەری بەرزتر لە ڕێبەرییە، لەبەر ئەوەی ”هەر کات ڕێبەر نەتوانێ ئەرکە یاسایەکانی بەڕێوە بەرێت، یان یەکێک لە مەرجە ئاماژە پیکراوەکان لە بەندەکانی پێنجەم و سەدو نۆی یاسای بنەڕەتی تێدا نەمێنێ، یان روون بێتەوە هەر لە سەرەتاوە هەندێ مەرجی تێدا نەبووە، لە پۆستەکەی لادەدرێت. دیاری کردنی ئەو بابەتە لە ئەستۆی شارەزایانی ڕێبەرییە” (بەندی ١١١). ئەم بەندە (بە یاسایی) چارەنووسی ڕێبەر دەخاتە دەستی پارڵمانی شارەزایانی ڕێبەری تاکوو هەر کات بە پیویستی زانی ئەو لە ژێر ناوی “بێ هێزی لە بەڕێوەبردنی ئەرکە یاساییەکان” یان ” نەبوونی” یەکێک لە مەرجە ئاماژە پێکراوەکان لە بەندی پێنجەم و سەدو نۆیەم دا، وەکوو ئیمان بە خوا، دادپەروەری، بەڕێوەبەری، ئازایەتی، یان تێروانینی دروستی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی و …، لە پوستەکەی لادەن. شارەزایانی ڕێبەری تەنانەت دەتوانێ لە ژێر ناوەی ئەوەی کە ڕێبەر هەر لە سەرەتا ”هەندێ مەرجی تێدانەبوو”، لا بدات. هەڵبەت پرۆژەی ”ئاشکراکردن”ی ڕێبەر، شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری بە کردەوە وەها دەسەڵات و هێزێکیان نیە.
لەبەر ئەوەی، بەم شرۆڤەیە ”ڕێبەر” هەردەم بوونی هەبووە، ئەو نە هەڵبژێردراوی فەقیهـەکان، بەڵکوو “نظر کردە” و داندراوی خودا و “ئیمامی غەیبە” و لەوانەیە “ئەمری ئیمامەتی ویلایەتی ئەمر” لە بنەماڵەکەیدا بە میرات بێ.
پرسیاری دوایی ئەوەیە: ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری کە تەنانەت (لە کاتی ئاشکرا نەکردنی “ڕێبەر”) دەتوانێ وەلی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت لابدات، هەڵبژێردراو یان داندراوی کێیە؟ لە یاسای بنەڕەتی (هەروەکوو ئاماژەی پێکرا) سەبارەت بە شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری بە شێوەیەکی زۆر گشتگیر بۆچوونی خۆی دربڕیوە. بۆ نموونە ئەوەی کە:
١ـ شارەزایان ڕێبەری دەبێ هەڵبژێردراوی خەڵک بن.
٢ـ شارەزایانی ڕێبەری دەبێ کارناس و شارەزا بن لە دەستنیشانکردنی رێبەرو هەروەها ئەو مەرج و خەسلەتە پێویستانەی کە تایبەت بە ڕێبەر.
٣ـ هەڵبژاردنی شارەزایانی ڕێبەری دەبێ لە ژێر چاوەدێری شۆڕای چاوەدێری دا بکرێت.
٤ـ هەڵبژاردن یان لادبردنی ڕێبەر تەنیا لە دەسەڵاتی شارەزایانی ڕێبەری دایە.
٥ـ پارلمان هیچ دەورێکی لە سەر شارەزایانی ڕێبەری، هەڵبژاردنیان، پێکهاتەی ئەم شۆڕایە، پێرەو هەروەها بەرنامەی ناوخۆیییەکەی نیە.
٦ـ دیاری کردن و پەسەند کردنی بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆیی، مەرجەکانی ئەندامیەتی و …. شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، یەکیان پێویەندی بە یەکەمین فەقیهـی شۆڕای چاوەدێریەوە هەیە و دوایی پێوەندی بە خودی شۆڕا هەیە. و لەو کاتەی کە ماوەی ئەسپاردەیی یەکەمین فەقیهـەکانی شۆڕای نیگابان تێپەر بووە، کەواتە هەموو کارەکان تەنیا لە دەستی خودی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری دایە. واتە، ئەم شۆڕایە ئۆرگانێکی سەربەخۆیە. یاسای هەڵبژاردن و هەروەها پێرەوی ناوخۆی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری لە ٢١ بەند و شەش روونکردەوە لە رێکەوتی ١٠ی رەزبەری ١٣٥٩ (١٩٨٠ی زایینی) لە لایەن شۆڕای چاوەدێری پەسەند کراو لە کۆتاییدا لە لایەن خومەینیەوە پەسەند کرا. بە پێی یاسای هەڵبژاردنی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، ئەو کەسانەی هەڵدەبژێردرێن دەبێ ئەو مەرجانەیان تێدا بێت:
١ـ ناسراوی لە ئیمانداریدا و باوەڕ و شایستەیی ئاکاری
٢ـ ناسینی تەواو بنەماکانی ئیجتهاد دەگەڵ خوێندن لە حەوزە گەورەکانی علمیە تاکوو بتوانن تاکی شیاو بۆ ڕێبەری بناسن و دیاری بکەن.
٣ـ لە ساڵی ١٣٦٩ بە دواوە پاڵێوراوەکانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری دەبێ خاوەن پلەی ئیجتهاد بن. دیاری کردنی ئەو بابەتە خراوەتە ئەستۆی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێری یەوە.
٤ـ باوەڕبە سیستەمی کۆماری ئیسلامی
٦ـ نەبوونی رابوردووی خراپی سیاسی و کۆمەڵایەتی
ئەوەی کە زیاتر لە هەموان لە پێوەندی دەگەڵ مەرجەكانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری دا سەرنج ڕادەکێشێت “خوێندن لە حەوزە گەورەکانی علمیەیە” و هەروەهاش “خاوەنی پلەی ئیجتیهاد” ـە. بە دەربرینێکی تر شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، “کۆمەڵەی موجتەهیدان”ـە کە بەرزترین و باشترین دامەزراوەی پیشبینی کراو لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.
لە سەرەتادا وتم کە لە پێشەکی یاسای بنەڕەتی، لە بەشی “شێوەی حکومەت لە ئیسلام” دا هاتووە کە لە کۆماری ئیسلامی دا
” چاکەکاران دەبنە دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری وڵات و یاسادانان کە دەرخەری رێساکانی بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتیە لەسەر تەوەری قورئان و سوننەت درێژە دەکێشێت. بە پێی ئەم چاوەدێریە ورد و جیدیە لە لایەن ئیسلام ناسانی دادپەروەر و خۆپارێز و دەروەست (زانا یان فەقیهـە دادپەروەرەکان) بابەتێکی چارەنووس سازو پێویستە”. ژمارەی شارەزایانی ڕێبەری، لە هەلومەرجی هەنووکەیی دا هەشتاو شەش کەسە کە بۆ ماوی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. بۆ هەڵبژێران هاوڵاتی بوونی ئێران ئاماژەی پێ نەکراوە. بەڵام ئەوانەی هەڵیان دەبژێرن دەبێ ئێرانی بن و لانی کەم تەمەنیان شازدە ساڵ بێ. بۆ هەڵبژێرەران لانی کەمی تەمەن لەبەر چاو نەگیراوە، بەڵام لەم رووەوە کە دەبێ پلەی ئیجتهادیان تێدا بێت، دەتوانین لانی کەمی تەمەنیان بە چل ساڵ بخەمڵێنین. شوێنی پێک هاتنی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری شاری قومە. بەڵام هەر موجتەهیدێک هەر لە خۆیەوە خاوەن شیاویەتی هەڵبژێردران لە شۆڕای شارەزایانی ڕێبەریدا نیە و سەرچاوەی دیاری کردنی شیاویەتی و دەست نیشانکردنی خوازیارانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، شۆڕای چاوەدێری (نوێنەرانی راستەوخۆو ناراستەوخۆی ڕێبەر)ـە. خەڵک ئەو مافەیان هەیە کە نوێنەرانێک کە شۆڕای چاوەدێری شیاویەتی ئەوانی پەسەند کردوە، پەسەند یان رەد بکەنەوە، هەڵبژاردنی ئازاد بوونی نیە و هیچ باسێکی لێ ناکرێت.
خومەینی، بە هەر هۆکارێک، وەک سەرچاوەو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەرگیردرا. ئەو فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێری دیاری کرد. زانایانی شۆڕای نیگابان، یاسای پێوەندی دار بە ژمارە و مەرجەکانی شارەزایان و چۆنیەتی ئەوان و پێرەوی ناوخۆی دانیشتنە ناوخۆییەکانی پەسەند کرد و ڕێبەری شۆڕشیش، خومەینی، ئەوی پەسەند کرد. بە پێی ئەم یاسایە تەنیا موجتەهیدەکان دەتوانن ببنە ئەندامی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری. دیاری کردنی شیاویەتی ئەوان لە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێریە، خەڵک دەتوانن ئەو موجتەهیدانەی کە شۆڕای نیگابان پێشنیاری کردوون پەسەند یان رەد بکەنەوە. لە دوای کۆچی دوایی خومەیینی، شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، ڕێبەر هەڵدەبژێرێ. ڕێبەر شۆڕای چاوەدێری راستەوخۆ هەڵدەبژێرێ، و شەش کەسەکەی دیکە ناراستەوخۆ هەڵدەبژێرێ. ڕێبەر (زانا و موجتەهید) سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (موجتەهید) هەڵدەبژێرێ. سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، بەرپرسی ژووری بەرزی وڵات و داواکاری گشتی کە دەبێ موجتەهید بن، هەڵدەبژێرێ، شۆڕای چاوەدێری شیاویەتی کاندیداکانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، پالێوراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی، پالێوراەکانی خوازیاری بەرپرسایەتی سەرۆک کۆماریش دیاری دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا کە نزیک بە تەواوی ئۆرگان و دامەزراوە پێشبینی کراو و بڕیاردەرە بنەڕەتیەکانی لە یاسای بنەڕەتیدا لەپاوانی فەقیهــ و موجتەهیدەکانە دەبێ سەرنج بدەین کە “نوێنەرانی ڕێبەر” لە تەواوی دامەزراوە بنەڕەتیەکان و بەڕێوەبەریەکانی ولات (ئەرتەش، سپا، بەسیج، حەوزەکانی علمیە، سیاسەتی دەرەوەو …) بەشداری چارەنووس سازیان هەیە و قسەی کۆتایی دەکەن. وەزیری زانیاری و ئاسایش دەبێ “فەقیهــ و موجتەهید” بێت، ئیمامەکانی نوێژی هەینی لە لایەن “بەیتی ڕێبەری”هەڵدەبژێردرێن و ..لە نوێنەرانی ”بێ مەندیلە” جارێ قسە نەکەین.
لە کۆماری ئیسلامی دا بنەڕەتیترین ئۆرگانەکانی بریاردەری سیستەم، بە پێی یاسای بنەڕەتی (و هەروەها یاساکان) بۆ فەقیهـەکان، یان موجتەهیدەکان “لەبەرچاو گیراوە”.
“چاکەکاران” (فەقیهــ و مەجتەهیدەکان) مافی پاوانێكی تایبەتیان هەیە. مەبەست لە “فەقیهــ و مەجتەهیدەکان”، زانایانی ئایینی لایەنگری دینی ئیسلام، مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، مەکتەبیی ئوسولی و دووکەوتەی ویلایەتی فەقیهـە کە “شۆڕای چاوەدێری” شیاویەتیەکەی دیاری دەکات، و نەک هەر زانایەکی ئایینی.”
ئەگەر وای دابنێین کە لە ئێران ٧٠٠٠٠ فەقیهــ وموجتەهید هەیە (کە بە هیچ شێوەیەک شتێکی وانیە)، و تەواوی ئەوان لایەنگری کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقیهـن (کە دیسانیش وا نیە)، و گشت دانیشتوان بە ٧٠ میلیۆن بخەمڵێنین، لەو کاتەدا بنەڕەتی ترین ئۆرگان و دامەزراوە بڕیارەدەرە پێشبینی کراوەکان لە یاسای بنەڕەتی دا لە پاوانی تەنیا یەک لەسەدی کۆمەلگادایە و ئەوەی دەمێنێتەوە، واتە نەوەدو نۆ لەسەدی خەڵکی وڵات لە مافی هەڵبژێردران لەو دامەزراوانە، بە پێی یاسا، بە فەرمی و بە ئاشکرایی بێ بەشن. کۆماری، واتە گەراندنەوەی مافە لێزەوت کراو و داگیرکراوەکەی گەل بۆ خۆیان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت