بەشێکی بەرچاو لە جاشەکانی مەریوان، مهاباد و پیرانشار چەکەکانیان ڕادەست کردەوە

0
1598

ڕۆژی کورد: سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مهاباد بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەتی ڕۆژی شەڕی بێنگوین لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی مهاباد، ئەژمارێک لە جاشەکان کە نزیک ٢٠ کەس دەبوون، چەکەکانی خۆیان ڕادەست کردۆتەوەو گوتوشیانە ئێمە ئامادە نین بچین بۆ شەڕ.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد کە بەرپرسانی ڕژیم لەو شارە هەڕەشەیان لەو کەسانە کردووە و گوتوویانە لە ژێر ناوی خائین سزای تووندتان دەدەین.

بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوەیە بۆ هەر کام لەو کەسانە کە ئامادەنەبوون بەشداری لە شەڕی براکوژیدا بکەن، بڕە پارەی ١٠ تا ٢٠ ملیۆن تمەن، سزای ماددی بڕاوەتەوە.

سەرچاوەکەی ڕۆژی کورد هەروەها ئاشکراشی کرد کە لە دوای شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای تیرۆریستیی پاسداران، ترس و دڵەراوکێ کەوتۆتە ناو جاشەکان و بەشێکی زۆریان خۆ لە چوون بۆ شەڕ و جەولەکان دەپارێزن.

لەلایەکی ترەوە لە شاری پیرانشار، هەواڵەکان باس لە دانانی چەک لە لایەن پۆلی دووهەمی جاشەکانەوە دەکەن و دەگوترێ پۆلێک جاش بە نیازبوون چەکەکانیان ڕادەست بکەنەوە هەر بۆیەش لە لایەن ڕژیمەوە لە ژێر گوشار دان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوان، کە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لەگەڵ چەن جاشی بریندار بووی شەڕی ناوچەی کۆساڵان قسەی کردووە بە ڕۆژی کوردی گوت: “جاشەکان دەیانگوت ڕژیم کورد بە کورد بە کوشت دەدات و تەنیا جاشەکانی ڕەوانەی ئەو شەرە کردووە و خۆیان فەرماندەیی دەکەن”.

ئەو جاشانە هەروەها گوتووشیانە چی تر ئامادە نین لە شەری براکوژیدا بەشداری بکەن و چەکەکانیان ڕادەست دەکەنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت