بەرگری ڕەوا لەبەرانبەر پەلاماری ناڕەوادا/د. ڕەحیم سورخی

0
744

نووسەر: دوکتور ڕەحیم سورخی

 لەخەباتی نوێی ڕۆژهەڵاتدا، پێشمەرگەکان تەنیا بۆ بەرگری لە خۆیان و لەبەر ئەو چەقبەستوویی و سەرەڕۆییە سیاسی- ئەمنەییەتییەی بەسەر ئێراندا زاڵە، ناچار بوون و ناچار هەن چەکیان پێبێت.

 پێشمەرگەکان وەک پەیامنێر و پەیکی ئازادیخوازی، دادپەروەری و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، دەیانهەوێ بزوتنەوەی نەتەوەیی-دیموکراتیکی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵی مەدەنی گرێ بدەنەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پاش هاتنە سەر کاری ڕووحانی و لانیکەم بە درێژایی زیاتر لە بیست ساڵ ڕاگرتنی شەڕ و گرتنە بەری خەباتی سیاسی حیزبە سیاسییەکان لە کوردستان، لە جیاتی چارەسەری ئاشتیانەی مافی ڕەوای نەتەوەکان و نەتەوەی کورد، سەرەڕۆیی سیاسی و نیزامی خۆی زیاتر کرد. ئەنجامی ئەم سیاسەتە، توندوتیژی و ململانێی نەتەوەکان و ئایینەکان لەنێوان پێکهاتەکاندا بووە.

لەژێر ئیستبدادی مەزهەبیدا، ئەوپەڕی سوکایەتی بە کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکان بۆ نموونە یارسانییەکان کراوە. نەتەوەکان لە ئێران تەنیا بۆ گەرمکردنی بەزم و شانۆی هەڵبژاردن پرسەگورگەیەکیان پێکراوە و هیچی تر. بەگشتی، بە توندی سیاسەتی سەرکوت و تاواندنەوەی کورد و کەمینە ئاینیی و نەتەوەییەکانی پەیڕەو کردووە.

گوتاری خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات، گوتارێکی دیموکراتیک و ناتوندوتیژە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە تەنیا لە کۆمەڵگایەکی ڕزگار و ئازاددا کە مافی بڕیاردانی ئازادانەی مرۆڤەکان پارێزراوە و بەفەرمی ناسراوە و دەکرێ دیالۆگێکی ئازادانە بکرێ بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

ئەم گوتارە لەهەمانکاتدا نایهەوێ ژێردەستەیی قەبووڵ بکاو بچێتە ژێر باری سەرەڕۆیی و ئیستبدادەوە. بۆیە لە هەمان کاتدا گوتارێکی شۆڕشگێڕانەی ڕەخنەگرانەشە، چونکە باوەڕی بە دیالۆگی سەرەڕۆیانە نییە و پێیوایە ڕاستیی پەیام و گوتارەکەی تەنیا لە ڕێگای پێکهاتنی ژیانێکی شایستە و مرۆڤانەدا مسۆگەر دەبێت.

ئەم گوتارە بە پێچەوانەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەینوێنێت، ڕەسەن، ئنسانی و سەربەخۆیە و هەوڵ دەدات ئەو بەڵگە و ئیستدلالە چەواشەکارانەیە ڕسوا بکات کە هاوبەشە دەسەڵاتدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێراندا دەیانهەوێ لە پێناو بەرژەوەندیی سیستەمێکی سەرەڕۆی نادادپەوروەردا بەرجەستەی بکەن.

کۆماری ئیسلامی هەروەک هەمیشە ئیستراتیژیی شەڕی گرتووەتە بەر. لە سەرەتادا ویستی بۆ هاندانی خەڵک و گرێدانی خەباتی نەتەوەیی دیموکراتیکی کورد بە جەنگی فیرقەیی و مەزهەبی و ناوچەییەوە، ڕای گشتیی ئێرانییەکان و جیهان چەواشە بکات، بەڵام ڕەوایەتی مێژووی خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پیلانەکەی پوچەڵ کردەوە. بۆیە کۆماریئیسلامی ئێستا بە شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان دیهەوێ پێش بە گەیشتنی پەیامی ڕاستی و دادخوازانەی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بگرێ.

ئەو بەرگرییە قارەمانانەیەی ئێستا ئازیزترین و خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی کوردستان -پێشمەرگەکانی کوردستان- دەیکەن، بۆ سەلماندنی ئەو گوتارەیە. ئەم پێشمەرگانە پەیکی گەیاندنی ڕەسالەتی فەلسەفەی سیاسیی دوکتۆر قاسملوی شەهیدن. ئەمانە پەروەردەی ڕێبازێکی پڕ لە سەروەری و سەربەخۆیی سیاسین. ئەم خەباتە بێدەنگیی شەوەزەنگی ئیستبدادی شکاندووە و هەرچەند نرخەکەی زۆر گرانە، بەڵام لەرزۆکی و ترسەنۆکیی ڕێژیمیشی دەرخستووە.

 پشتگیریکردنی پێشمەرگەکان لەو شەڕە نابەرانبەرەدا ئەرکی هەموو تاک و لایەنێکی کورد و کوردستانییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت