بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی “فیرقە ڕێ ون بووەکان” لە مەحمەرە ناڕزایەتیی زەردەشتییەکانی لێکەوتەوە

0
759

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی “ئەمورداد” لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەحمەرە (ناوی ڕاستەقینەی خوڕەمشار)، کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناوی (فیرقە ڕێ لێ ون بووەکان) لە لایەن سپای پاسدارانی ڕژیمەوە بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە لایەن بەشی پیوەندییە گشتییەکانی شارەوانیی مەحمەرە و بەسیجی قوتابیان و فەرمانداریی مەحمەرە و سپای پاسدارانەوە بە ڕێوەچووە، ئایینی زەردەشتی لە تەنیشە (وەهابیەت و بابیەت) بە فیرقەی ڕێ لێ ون بوو دەست نیشان کرا.

نوێنەری زەردەشتیەکانی ئێران لە پارلمانی ئەو وڵاتە، نامەیەکی ناڕەزایەتی بۆ شارەوانیی مەحمەرە ناردووە و گلەیی و سکاڵای خۆی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندووە و گوتوویەتی بە بەڕێوەبردنی ئەو چەشنە کۆبوونەوە بێ ڕێزییانە، دڵی خەڵک لە خۆتان دەڕەنجێنن.

نوێنەری زەردەشتیەکان وێڕای ئاماژە کردن بە ئاسمانی بوونی ئایینی زەردەشت لە بەشێک لە نامەکەی دا دەنووسێ: “جێگای داخە لە باژێڕێک کە جێگای ئاشتەوایی ئێرانیەکانە، کۆبوونەوەیەکی ئەوتۆ بەڕێوە دەچێ و لەوەش جێگای داختر ئەوەیە کە ئەو کۆبوونەوەیە بە بوودجەی دەوڵەت بەڕێوە چووە”.

لە زستانی ڕابردوودا کوردانی یارسانیش کەوتنە بەر شەپۆلێکی بەرینی بێ ڕێزیی ئایینی لە ئێران و هێرش کرایە سەر جەمخانەکان لە ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا و بی ڕێزی بە سمێڵ و هێما پیرۆزەکانی کوردانی یارسان کرا کە ناڕەزایەتیی بەرینی کوردانی یارسانی لێکەوتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت