ئەسەد لە ئێستاوە بەڵێنی نوێژەنکردنەوەی سووریەی بە ئێران دا

0
606

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵدەیی ئیسنا، ئەمڕۆ پێنج شەممە 14ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، عەلائەددین برووجێردی، سەرۆکی کومسیۆنی تەناهی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی مەجلیسی ڕژیم، وێڕای تاقمێکی هاوڕێی سەردانی سووریەی کردووە و لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبۆتەوە.

لەو دانیشتنەدا، بەشار ئەسەد ئێرانی وەک پشتیوانیی سەرەکیی خۆی ناو بردووە و بەڵێنیشی بە ئێران داوە کە هەروەک لە سەردەمی شەڕدا، ئێران پشتیوانی بووە، نوێژەنکردنەوەی سووریەش هەر لەسەر دەستی ئێران ئەنجام بدرێت و ئێرانی وەک “گەورەترین شەریکی ئابووری”ـی خۆی ناو برد.

سەرۆکی کومسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی مەجلیسی ڕژیمیش پشتیوانیی ئێرانی بۆ ئەسەد دووپات کردەوە و گوتی کۆماری ئیسلامی تا سەر لە پشت ئەسەد دەمێنێتەوە.

چاوپێکەوتنی دوو ڕۆژەی عەلائەددین بڕووجێردی بۆ دیمەشق لە کاتێکدایە کە هێشتاش شەڕ لە حەلەب لە ئارا دایە و بەشێکی زۆر لە خاکی سووریە هێشتاش لە ژێر دەست و فەرمانی دژبەرانی بەشار ئەسەد دایە و مەرجی سەرەکیی دژبەرانی ئەسەد بەتایبەتی لە دانیشتنەکانی ژنێڤ، لەسەر کار لاچوون و لادانی بەشار ئەسەدە.

لە هەمان کاتدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەژماری چەکدارە کوژراوەکانی ئێران و حیزبووڵا لە سووریە بەرەو زێدە بوونە و لە چەند ڕۆژی دواییدا فەرماندەیەکی باڵای ئێران و سێ کەسی تر لە سووریە کوژراون و هەروەها ٨ چەکداری حیزبووڵاش لە شەڕی حەلەبدا کوژراون.

کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە مەبەستی لە شەڕ لە سووریە و عێراق و وڵاتانی تر، دوور خستنەوەی شەڕ لە ناوخۆی ئێرانە و بە وتەی بەرپرسانی سەربازیی ڕژیم، ئەگەر ئەوان لە سووریە و عێراق شەڕ نەکەن ئەوا دەبێ لە کرماشان و هەمەدان و تەنانەت شەقامەکانی تاران، ڕووبەڕووی نەیارانیان ببنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت