تیمێکی تیرۆریستی ئێران لە بەحرەین دەستبەسەر کران

0
746

رۆژی کورد: دەوڵەتی بەحرەین گروپێکی پێنج کەسیی چەکداری سەربە رژیمی ئێران کە لە هەوڵی کردەوەی تیرۆریستی‌دا بوون، لەلایەن پۆلیسی بەحرەیەوە دەستبەسەر کران.

هەواڵدەریی رۆیتێرز بە پشت بەستن بە لێدوانی پۆلیسی وڵاتی بەحرەینەوە بڵاوی کردۆتەوە، کە بڕێکی بەرچاو کەرەسەی ساز کردنی بۆمب و هەروەها چەکە و تەقەمەنیی ئەو پێنج کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

پۆلیسی بەحرەین هەروەها بڵاوی کردۆتەوە، ئەو پێنج کەسەی سەربە رژیمی تاران لە وڵاتی ئێران و عێراق راهێنانی نیزامی و تیرۆریستییان پێ کراوە و پاشان بۆ کردەوەی تیرۆریستی رەوانەی بەحرەین کراون.

رێبەری شیعەکانی بەحرەین: ئەگەر دەسەڵات بکەویتە دەستی ئێمە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دەبێ
رێبەری شیعەکانی بەحرەین: ئەگەر دەسەڵات بکەویتە دەستی ئێمە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دەبێ

وزارەتی دەرەوەی بەحرەین حەفتەیەک پێش ئێستاش هەواڵی دەستبەسەر کردنی دوو کەسی سەربە رژیمی ئێرانی راگەیاند.

هەتا ئێستا رژیمی تاران لەمەڕ دەستبەسەر کرانی ئەو ٥ کەسە هیچ هەڵوێستێکی نەنواندووە، بەڵام شێخ “سەید مورتەزا ئەلسەندی” یەکێک لە رێبەرانی پایەبەرزی شیعەکانی بەحرەین سەربە رەوتی “ئەلوەفاقی ئیسلامی” بە هەواڵدەریی “فارس”ی راگەیاندووە: “ئەگەر دەسەڵات بکەویتە دەستی خەڵک لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دەبێ، چونکە هەولەکانی ئێمە ئیسلامین نەک سیاسی، ئێمە سەر بە مەکتەبی (ئیمام خومەینی) و ویلایەتی فەقێ‌ین.

ئەو گروپە ٥ کەسییە لە کاتێکدا دەستبەسەر دەکرێن، کە لێپرسراوانی رژیمی تاران بەبێ خستنەڕووی تەنانەت یەک بەڵگە وڵاتانی عەرەبی بە هاندانی حیزبەکانی دژبەری خۆیان تۆمەتبار دەکەن.

سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ وڵاتی بەحرەین لەلایەن یەکێک لە فەرماندەرانی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە هەڕەشەی لەناو بردنی لێ کرا. هەريشەیەک کە تەنیا بە هۆی لێ ئەستاندنەوەی مافی هاوولاتی بوون لە ئاخوندیکی سەر بە رژیمی تارانەوە هاتە ئاراوە.

شێخ عیسا کە لایەن رژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ، هەتا ١٥ سال پێش ئێستا لە ئێران و لە شاری قوم دەژیا کە لە ئێستادا بەهۆی هاندانی شیعەکانی بەحرەینەوە مافی هاوولاتی بوونی بەحرەینی لێ ئەستێندراوەتەوە.

یەکێک لە ئەندام پارلمانەکانی وڵاتی بەحرەین رایگەیاندبوو کە شێخ عیسا قاسم دەتوانێ روو لە وڵاتی پەنا و پشتیوانی خۆی واتە رژیمی تاران بکات.

رژیمی ئیسلامیی تاران بە شێوەی بەرین پشتیوانی لە شیعەکانی وڵاتی بەحرەین دەکات و هەتا ئێستاش چەندین جار پاپۆڕی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی رژیمی ئێران کە بۆ شیعەکانی بەحرەینی دەنارد، لەلایەن وڵاتانی دیکەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت