پێدانی دەرمانی هەڕەمەکی بە نەخۆشەکان، بازرگانیەکی ئاشکرای بەشی پزشکی لە ئێرانە/ وتووێژ لەگەڵ دوکتور سەیدئەحمەدی

0
683

ڕۆژی کورد: لە چەند ڕۆژی دواییدا، نامەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندرێ کە بەپێی ئەو نامەیە بەرپرسی دەرمانخانەی بیستوون لە شاری کرماشان بە شێوەی فەرمی داوا لە پزشکێک (دوکتور داریوش ئەفشاری) دەکات کە بە هۆی نزیک بوونەوەی ماوەی مۆڵەتی بەشێک لە دەرمانەکان، ئەو دەرمانانە بۆ نەخۆشەکانی بنووسێت و پێش بە زیانی ماددی ئەو دەرمانخانەیە بگرێت.
پێشتریش نموونەی هاوشێوە لە ئێران بیندراوە و زۆر جاریش بە گوتەی هاووڵاتیان ڕێککەوتنێکی نەنووسراو و زارەکی لە نێوان پزشکەکان و دەرمانخانەکاندا بوونی هەبووە کە بوونی ئەو ڕێککەوتننامانە نیشانەیەکی بەرچاو و زەقە لە هەبوونی گەندەڵی لە سیستەمی پزشکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گەندەڵیەک کە لە سەرجەم بەشەکانی تری ئەو وڵاتە و بە هۆی نەبووی یاسا و چاوەدێری و تێوەگلانی دەسەڵاتداران لە گەندەڵیەکی چڕدا، بەدی دەکرێ.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە خەسار و زیانەکانی ئەو دەرمانانە و هەروەها هۆکارەکانی بوونی هەنگاوی نەرێنیی لەم شێوەیە، ڕۆژی کورد گوت و بێژێکی لەگەڵ دوکتور ناسر سەیدئەحمەدی، پزشکی کوردی نیشتەجێی وڵاتی سوید ئەنجام داوە کە لە ژێرەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: دوکتور، بەریزتان نامەکەتان بینی و ناوی دەرمانەکانیش ئاشکرایە، کاریگەری نەرێنیی ئەو دەرمانانە لە ئەگەری پێویست نەبوون بۆ نەخۆش یان زێدەتر بەکارهێنانیان چیە؟

دوکتور ناسر سەیدئەحمەدی
دوکتور ناسر سەیدئەحمەدی

سەید ئەحمەدی: دووان لەو دەرمانانە کە لەو نامەیەدا ئاماژەی پێکراوە (وایپروات سدیۆم و فنی توئین)، دەرمانی تایبەتن بۆ فێ گرن و بۆ دەرمانی کەسی فێگر بەکار دێن، بەڵام هیچ کام لەو دەرمانانە دەرمانی ساکار یان ئاسایی وەک حەبی سەرئێشە نین، هەرچەند پێدانی حەبی وەک حەبی سەرئێشەش بە بێ هۆ یان زیاتر لە ئاستی پێویست کاریگەریی نەرێنی و کێشەی تایبەتی هەیە و من لەگەڵی ناکۆکم.
خاڵێکی گرنگ کە من دەمهەوێ ئاماژەی پێبکەم، کێشەی سیستەمی بەڕێوەبەری و یاسایی ئێرانە، بوونی نامەی لەو جۆرە کە هیچ ڕوون نیە چەندین جۆر و نموونەی تر لەو نامانە هەن و نەبیندراون یان سەرنجیان نەدراوەتێ، نیشان لە بێ سەروبەرەیی سیستەمی بەڕێوەبەری ئێران دەکات، نەبوونی کۆنترۆڵ و چاوەدێریەک کە مخابن لە بەشەکانی تری سیستەمی بەڕێوەبەری لە ئێرانەوە خۆی خزاندۆتە ناو سیستەمی ساخڵەمیشەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، یاری کردنە بە ژیانی مرۆڤەکان.

خاڵێکی تری بەرباس ئەوەیە کە ئەو نامەیە لە لایەن دوکتورێکی دەرمانسازەوە بۆ پزشکێک نووسراوە کە تەواو نەگونجاو و نائاسایی و نایاساییە، لە ڕاستیدا لە هیچ کوێی جیهان و بە پێی هیچ یاسایەک، دوکتوری دەرمانساز بۆی نیە و ناتوانێ فەرمان بە دوکتورێک بدات کە چ دەرمانێک بەکار بهێنێت، پسپۆڕییەکان لێک جیاوازن و بوارەکان جیاوازتر.
خاڵی چوارەم کە جێگای ئاماژەیە، کاریگەریی گەمارۆکانە لەسەر سیستەمی ئابووریی ئێران کە ئەو بەشەشی بێبەش نەکردووە، بەڵام ئەوە ناتوانی هۆکار بێ بۆ کارێکی ئەوتۆ، چون لێرەدا باس لە گیانی مرۆڤەکانە، هەرچەند وڵاتێکی وەک کوباش زیاتر لە چەند دەیەیە لە ژێر گەمارۆ دایە بەڵام نەک ڕووداوی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە بەڵکوو لە باری پزشکییەوە بە شیوەیەک پێشکەوتوویە کە وڵاتێکی وەک سوید ڕێچکەهەڵگری لێکردووە.

ڕۆژی کورد: بوونی نامەی لەو شێوەیە دەتوانێ نیشانەی هەبوونی بازرگانییەکی ڕێکخراو لە سیستەمی پزشکی و ساخڵەمی ئێراندا بێ؟

سەیدئەحمەدی: هیچ گومانێک لەوەدا نیە، بەتایبەت لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادەوە گەندەڵییە ئابوورییەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆی، لە هەر وڵات و سیستەمێکیشدا گەندەڵی هەبوو، سەرجەم بەشەکان دەتەنێتەوە و لە سەرجەمیشیان مەترسیدارتر بەشی ساخڵەمیە.

ڕۆژی کورد: کاریگەری نەرێنیی بەکارهێنانی زیاتر یان لە خۆڕای ئەو دەرمانانە کە لەو نامەیەدا هەن چیە؟

سەید ئەحمەدی: بەشێکی زۆر لەو دەرمانانە وەک پێشتریش باسم کرد، پەیوەندییان بە بەشی سیستەمی دەماری (عەسەبی)یەوە هەیە، زیاتر بەکارهێنان یان لە خۆڕا بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە، کێشە و ئاڵۆزی لە ناو سیستەمی دەماریی مرۆڤەکەدا درووست دەکا با نەشیکوژێ.

لێرەدا کێشە ئەوە نیە کە ئەو کەسە دەمرێ یان نا، لێرەدا باس لە پرەنسیپ و یاسایە کە مخابن لە کۆماری ئیسلامیدا بە هیچ جۆر پرەنسیپ و یاسا، چاوەدێری بەسەر گیانی هاووڵاتیاندا ناکات بەڵکوو خۆی گەندەڵی خوڵقێنە.

ڕۆژی کورد: وەک ئاماژەتان پێدا، پرەنسیپ گرنگە و ئەخلاقی پزشکیش یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانە و پزشکەکان تەنانەت سوێندی بوقرات دەخۆن کە خیانەت لە گیانی هاووڵاتیان و نەخۆشەکان نەکەن، بەڕای ئێوە چۆنە بەو حاڵەشەوە نموونەی ئەوتۆ لە ئیران بەدی دەکرێ؟

سەید ئەحمەدی: بەتایبەتی لە دونیای ئەمرۆدا پزشکەکانیش لە مرۆڤەکانی ترجیاواز نین و بۆی هەیە پرەنسیپ و ئەخلاق بن پێ بکەن. ئەگەر لە سیستەمیکدا نالێکی هەبوو ئەو نالێکییە سەرجەم تان و پۆ و ڕایەڵی ئەو سیستەم و وڵاتە لە دادوەر و پاریزەر و سیاسی و پزشک و …تاد، دەگرێتەوە. بەتایبەتی لەو وڵاتگەلێکی وەک ئێراندا کە بنەمای کاری پزشکی لەسەر ئەو وتەیە دامەزراوە کە “هەرچی کاری زیاتر بکەی، پارەی زیاترت دەست دەکەوێ” کە وڵاتی لەو شێوە زۆرن و بۆ نموونە دەتوانم ئاماژە بە وڵاتی ئەمریکاش بکەم لەو بارەوە و ئێرانیش کلتووری پزشکی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە.
خاڵێک کە من دەمهەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە لێرەدا تاوانباری سەرەکی پزشک نیە، تاوانبار سیستەمی بەڕێوەبەریە کە کۆنترۆڵ و چاوەدێری بەسەریدا بوونی نیە، سیستەمی بەڕێوەبەری دەبی یاسای هەبی لەو بارەوە و پێشێلکارییەکان ببینێ و سزای تایبەتی بۆ دابندرێ، پرسیار ئەوەیە ئایا نامەی لەو جۆرە چەندە هەن؟ ئایا ئەوە بە شیوەیەکی ڕێکخراو کراوە لە ئێران یان نموونەیەکی دەگمەنە کە بە پێی ناسیاوی من لە سیستەمی ئێران، بە ڕێکخستن ئەو کارانە دەکرێ کەواتە حکومەت تاوانباری سەرەکی ئەو پێشێلکارییانەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت