باوک لە رۆمانی :”حەسار و سەگەکەنی باوکم”دا

0
3421
سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

نووسین : سەلاح کۆنەپۆشی

زۆر کەس ئەم ڕۆمانە گرینگەی “شێرزاد حەسەن”بە چیرۆکی درێژ ئەشوبهێنن و زۆر کەسیش پێیان وایە ڕۆمانە،ئێستا قسەی من ئەوە نیە کتێبەکە ڕۆمان بێ یان چیرۆکی درێژ،بەڵکو ئەمهەوێت بڵێم باوکی کوردی جڵۆن باوکێک بووە لەو رۆمانەدا.

هەڵبەت لە سەردەمی منداڵی شێرزاد حەسەنەوە تا هەنووکە ڕەنگبێ تۆسقاڵێک ئاڵوگۆڕ هاتبێ بە سەر باوکی کورددا،ئەویش بەشێکی نەک هەمووی.

لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکمدا،باوک کەسێکە کە حەسارێکی گەورەی هەڵچنیوە و تا کچەکانی نەتوانن مەنزەرەی دەرەوە و هات و چووی خەلک ببینن،دونیای ئەو کۆمەڵە کچە کە بۆی پێک هێناون تەواو داخرا و خەفەقانە،تەسک و تروسک و ئەمنییەتیە،ئەمنی بەو مانا باوک هەموو ساتێ چاوەدێری کچەکانی دەکا،ڕۆیشتنە دەرەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە،هاتن و رۆیشتن و سەردانکردن حەتا بۆ ماڵە دەراوسێ و خزمانیش شتێکی نەکردە و پەڤە و نەهێڵدراوە.

ئەم کارەساتی دڵپیسی و چاوەدێرکردنە بە تەنیا لە ناو حەوشە و حەسارەکەدا نیە،بەڵکو لە ناو ژووری خەوتن و ئیسراحەتەکەیشیاندا لێیان ناگەڕێت،لە ناکاو سەردانیان دەکا،وەک شێت خۆی ئەکا بە دیوەکەیاندا،بزانێ سوورا و سپییاویان نیە،بزانێ بە چ جلێکەوە دەخەون،باسی چی دەکەن،ئەسڵەن بزانێ بۆ چپە چپ دەکەن،بزانێ لە شوێنێکەوە دزەیان نەکردووە بە دونیای دەرەوەی حەسارەکە،تا وای لێ دێت ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەک ئێخلاقی توندی باوکدا،کەنیشکەکان خواردن و خەوتن و چپە چپ و هەموو شتێکیان لێ حەرام دەکرێت،خوشکەکان بۆ چوونە حەمامیش چاوەدێریان دەکردرێت،مافیان نیە لە ناو حەمامەکەدا بە ڕووت و قووتی مەلە بکەن،مافیان نیە دوو و دوو و سێ سێ بچنە حەمام،حەتا ئەو حەقەیشیان نیە شەوانە بە پرچی ڕووتەوە بخەون،پەلکە بگرنەوە،دەست بخەنە سەر یەکتری و دەردە دڵ بکەن،باوک ئەونە توند و توڕە و محکەمە لە ئاستی کچەکان و ژنەکەیدا گریان و پێکەنین و دەردەدڵ کردنیشیان لێ م یاساغ کراوە،ئەو کاتە کە لە ماڵ نیە و بۆ ماوەیەکی کورت ئەچێتە دەر چەند پیاوێکی ڕادەسپێرێت،لە سەر حەسارەوە نیگابانی کچەکان و ژنەکەی بدەن بۆ ئەوەی لە ژوورەکە نەترازێن،پاسەوانەکانیش ئەو مافەیان نیە کە کچ و ژنی ئەو ببینن،توڕەیی و دڵپیسی باوک،وا دەکا،ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژدا کچەکان بترشێن،بخەرفێن،بەرەو خەمۆکی و نەخۆشی بڕۆن،ڕۆژێک خوشکە بچکۆلە بە خوشکە گەورە ئەڵێ ئەزانی وێنەی پێاو بکێشی،لە ترسی باوکیدا ئەوەندە بە ئاستەم و بە هێوری پێی دەڵێ چەن جارێ چەن پاتی دەکاتەوە تا خوشکە گەورە لە پرسیارەکەی تێ ئەگات،ئەویش نە خوێندەواری هەیە تا بتوانێ نیگار بکێشێ بۆ خوشکە بچووکەکەی و نە پیاویشی دیوە تا ئەو تەمەنە کە وێنەی بە زەینیدا ختوورکە بکات،گەر بیشتوانێ شتێ بکێشێ ئەوا وەک وێنەی باوکە بێ ڕەحمەکەیان دەر ئەچێ.

کارەساتەکە هەر ئەوە نیە کە باوک ژیانی لێ تاڵ کردوون،بەڵکوو بەیانیان بانگیان دەکات و بە شەق و لێدان و مشت و چڕنووک لێ پرسینەوەیان لێ دەکات،کە ئایا ئەمشەو چ خەونێکیان دیتووە،چ خەیاڵێکیان کردووە،باوک لە ڕێگای لێدان و کووتانی هەمە ڕۆژە و بەردەوامەوە دەیهەوێت بچێتە نا خەون خۆزگەکانیانەوە،دەیهەوێ بزانێ بیر لە چی دەکەنەوە،ڕەنگبێ خەون و خەیاڵ و بیرکردنەوەی ئەون لەو دەمەدا بینینی دەرەوە و قورتار بوونیان بێت بە دەستی باوکیانەوە.

کچەکان لە ڕێگای ئازار و ئەشکەنجە بەردەوامەکانی باوکەوە لار و زەعیف و ناشیرین ئەبن،

کچەکان بۆیان نیە سەر بنێن بە سەر سینگی یەکەوە،بۆیان نیە دایکیان ماچ بکەن،بۆیان نیە بۆن بە یەکەوە بکەن،بڕیاری باوک وایە،ئەبێت جل و بەرگێک لە بەر بکەن کە مەمک و بەرزی مەمکیان بشاڕێتەوە و تەخت بێ.

ئەم کچە بەستەزمانانە برایەکیشیان هەیە.ئەویش هەر بە هەمان شێوە گیری بە دەست باوکیەوە خواردووە،ئەویش بۆی نیە بچێتە ژووری خوشکەکانی،بیانباتە دەرەوە،لە گەڵیاندا بگەڕێ لە حەسارەکەدا،ماچیان بکا و نەوازشیان بکات،چوونە دەرەوە و هاتووچووی کوڕەکەیش سنووردارە،لە مەکتەب چاوەدێری هەیە و ژیانی لێ تاڵ کردووە.

دەی دەی ئەم ژیانە بەردەوام دەبێت،تا کوڕە بۆ هەزارەمین جار بیر لە کوشتنی باوکی دەکاتەوە،فکری ڕزگار بوون ئەدا لە سەری بە دەست ئەو ئەژدیهایەوە،ئەبێ بڵێم باوکەکە چەندە توند و توڕەیە لە تەک ژن و کوڕ و کچەکانیدا،سەد ئەوەندە خۆی خەریکی ژنبازی و سمێڵ چەور کردن و بێ ئێخلاقییە.

لە ئەنجامدا ڕۆژێک کوڕە ئەچێتە ژووری کەرەستەی ئەشکەنجەکانی باوکی و لە تەور و چەقۆ و خەنجەر و گورزەوە بگرە تیایەتی تا شووڵ و گۆچان و تەڕکە دار،کە جێی هەمووی ئەو کەرەستانەیش بە لەشی خۆی و دایکی خوشکەکانیەوە دیارن،تەورێک هەڵدەگرێت و شەوێک لە شەوان کە باوک مەست و سەرخۆش لە ژنبازی و قومار هاتووەتەوە،بە ترس و لەرز و دڵەلقێیەکی زۆرەوە ڕایدەوەشێنێ و بە چەند زەربەێەک مێشکی ئەتلیشێنێتەوە.

کێشەکە ئەوەیە دوای مردنی باوک،هیچیان ڕزگاریان نابێت،کچەکان حەزیان لە چوونە دەرەوە نیە،وەها ڕاهاتوون نازانن دەست بکەنە مل یەک،دەردە دڵ بکەن،نازانن سووراو چیە و چۆن قژیان دابێنن،بە کورتی لە پاک و خاوێنی و قسەکردنەوە بگرە نازانن تا ئەگاتە چوونە دەرەوە و عاشق بوون و شوو کردن،کچەکان پەیرە و ترشاو و ماندوون،نەخوێندەوار و هیج نەزانن،لەش و سینگ و مەمک و پرچیان بڕاو و سووتاو و برژاو و لار و گێڕ بووە،دایکی کچەکان و کوڕەکەیش بە هەمان شێوە وەک ئەوان.

دواتر جگە لەمانەیس باوکیان لە ماوەی حەیاتی بە جۆرێک دڕەندە و خوێنڕژ بووە لە تەکیانا،دوای مردنیشی وەک مۆتەکە چووەتە لە شیانەوە،بۆ نموونە کچەکان هەرچی دەکەن ناوێرن و ناتوانن حەتا لە حەسارەوە سەیرێکی دەرەوە بکەن،چوونکی وادەزانن باوکیان بە دواوەیانەوەیە،سەیریان دەکات،وەک جاران چاوەدێرییان دەکات،بە ڕوخساری تووڕە و شپرزەوە دێته خەونیانەوە،خولیایان ئاڵۆز دەکات.

بە کورتی ئەبێ بڵێم هەموو ئەو مەرجەعییەتانەی کە باوک لەو ڕۆمانەدا وەری ئەگرێت،بۆ ئازاری ژنەکەی،بۆ لێدانی کوڕەکەی،بۆ پەتکردنی کچەکانی،لە دینەوە دەبێت

ڕەوا دان بەو هەموو لێدان و ناحەقییە لە منداڵ خێزانەکەی بە پێێ فەرموودەکانی ئەو پەرتووکانە دەبێ.

گەر مرۆڤ بە وردی ئەو ڕۆمانە بخوێنێتەوە،دەبینێ باوکی کورد چەنێ باوکێکی شەڕانی و ناحەزە،باوکی کوردی هەتا ئەو کاتە باشە کە خۆی قسە کەر بێت،خۆی بکەری هەموو شتێبت،خۆی بە کەیفی دڵی گورز رابوەشێنێ و فەلاقە بکات،کەس قسە نەکات لە قسەی دا،ئەو لە سەر چارەنووسی هەموو خێزان بڕیار بدا،بە کەیفی ئەو کچەکەی مێرد بکات،کوڕەکەی ژن بێنێ،زیندانی بکات و ئەو دەستوری ئازادی بدات و گشت شتێ لە بەرژەوەندی خۆیدا بیت و …هتد…لەمانە بترازێت،باوکی کورد تەحەمووڵی پیناکرێت و سەرت پان دەکاتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت