باری تەندرووستیی محەممەد عەبدووڵاهی، زیندانی سیاسی کورد لە ١٣هەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی نالەبارە

0
631

روژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەرانا، محەممەد عەبدوولاهی، زیندانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی ناعادڵانە و هەروەها چۆنیەتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و لە ڕۆژی سێ شەممەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە. ئەو بەندیە سیاسیە کورد دۆینێ و بەدوای گرژی دۆخی جەستەیی و تەندرووسیتەکەیی، ڕاگواستراوە بۆ بێهداریی زیندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەرانای ڕاگەیاندووە: “ئەمرۆ کات ژمێر نۆ و نیوی بەیانی و بەدوای تێکچوون و بەرەو ئاڵۆزی چوونی دۆخی جەستەیی و تەندرووستیی محەممەد عەبدووڵاهی، لە سێزدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی، ڕاگواستراوە بۆ بێهداریی بەندیخانە، تایەکی یەکجار زۆری لێیە و دۆخی گشتیەکەی هیچ باش نیە”.

ئەو سەرچاوە هەروەها بە هەرانای گوتووە: “عەبدوولاهی لە ڕۆژی سێ شەممەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە”.

شایانی ئاماژەیە کە بەرپرسانی زیندان، مەرجی شکاندنی مانگرتنەکەیان وەک مەرج بۆ پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانی عەبدووڵاهی داناوە بەڵام محەممەد دەڵێ من بێ تاوانم و تا گەیشتن بە ئامانج و داواکانم، دەست لە مانگرتنەکەم هەڵناگرم.

شایانی ئاماژەیە کە ڕۆژی ٩ی جۆزەردان، هاوکات لەگەڵ مانگرتن لە خواردنی بێ سنوور بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەردبڕین بە حوکمی نادادوەرانە و چۆنیەتی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ سەرۆکی دەزگای نادادوەریی ئێران نووسی کە وێنەکەی بۆ ئەحمەد شەهید نێردراوە. لەو نامەدا محەممەد عەبدووڵاهی داوای بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادوەرانە بۆ خۆی کردووە.

محەممەد عەبدووڵاهی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەلکی شاری بۆکان بە تاوانی دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم لە لقی ١ی بێدادگای ئینقلابی شاری مهاباد محاکەمە کراوە و سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

سزای لەسێدارەدانی محەممەد عەبدوولاهی، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن دایرەی بەڕێوەبردنی حوکمەکانی زیندانی مهاباد، پێی ڕاگەیێندراوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە بەرپرسانی زیندانی ورمێ لە درێژەی گۆرانکارییە نائاساییەکانی تایبەت بە زیندانییەکان، ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ئەمساڵ بە سامان نەسیم، محەممەد عەبدوولاهی و دوو زیندانیی غەیرە سیاسیی تریشیان ڕاگەیاندووە کە بە هۆی ئەوەی کە حوکمەکانیان لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەیەوە، بە زوویی حوکمەکەیان بەڕێوە دەچێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت