جیاوازیی ڕوانینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان  لە هەمبەر باکووری کوردستان

0
171
هادی سۆفیزادە
هادی سۆفیزادە

نووسینی: هادی سۆفیزادە 

 شەڕی نەخوازراوی کێلەشین و خۆ بە خاوەن کردنی شەڕی ڕەبەت لە سێ لایەنەوە کۆمەڵێک هێرشی فەیسبووکی لێ کەوتەوەو  بۆ ماوەیەک جگە لە تێکدانی ئارامشی ڕەوانیی کۆمەڵگا، هەر کەس بە مەزاجی خۆی سەنگەری لەوی دیکە دەگرت. کەسانێک بە هۆی گرێدراویی تەشکیلاتی و سۆزیان بۆ لایەنێک  هێرشیان کردە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بزاڤی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستان. ئەگەرچی ئەوە یەکەم جار نییەو دواجاریش نابێت کە ئەو بارگرژییە میدیاییە بێتە ئاراوە، بەڵام  بۆ ئەوەی بۆ تەنیا جارێکیش بوبێت هۆکاری ئەو ڕەفتارو هەڵچونانە بدۆزینەوەو ئاوڕیان لێ بدەینەوە، لە زنجیرە وتارێکدا هەوڵم دا هۆکاری دروست بوونی ئەو کەش و هەوا ناساخڵەمە بزانین و کار بکەین بۆ ئەوەی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن جێی دیاردەی ڕووخاندن و تێکدان بگرێتەوە. تێبگەین کە سەرەڕای جیاوازیی فکری و ڕێکخراوەیی، ڕەقیبی یەک هەین بەڵام نەیاری یەک نین. ڕەخنە گرتن مافی بێ ئەم لاو ئەولای هەر کەسێکە، ڕەخنە بۆ چاکسازی و بە خۆدا هاتنەوەیە نەک بۆ بریندارکردن و بە دوژمن ڕوانینی بەرامبەر. من بە نۆرەی خۆم ئەوەی لە بازنەی کوردایەتیدا هەنگاو بنێت بە دۆستی خۆمی ئەزانم، سنووربەندی من تەنیا لە گەڵ نەیارانی نەتەوەکەمە.

هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە لە فەزای میدیاییدا مەنتقی دیالۆگ و لێک تێگەیشتن درووست نابێت. من وەک ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئاگادارم کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( ک.ن.ک )  بە مەبەستی دیدارو دیالۆگ لە گەڵ یەکتر، ساڵانە بێ جیاوازی دەعوەتی لە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  کردووە تا لە دەوری یەک کۆببنەوە بەڵام ئەو حیزبانە نەک نایەن تەنانەت زەحمەتی وڵام دانەوە بە دەعوەتنامەکەش نادەنەوە. ئەو حیزبانە درگایان بە ڕووی بەشێک لە کۆمەڵگای سیاسی کوردستان داخستووەو حسابی بۆ ناکەن. بە داخەوە ئەم ڕوانینە لاوازە تەنیا لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرچاو دەکەوێت و ئەحزابی بەشەکانی دیکەی کوردستان کەم و زۆر بەشداری کۆبونەوەی ساڵانەی ک.ن.ک دەکەن. تەنانەت ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریە (ئەنەکەسە) دەعوەتی ک.ن.ک قبووڵ دەکەن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەبوونی زیاتر لە ٣٠ حیزبی کوردستانی و ٣٠٠ ئەندامی سەربەخۆ تا بە ئەمڕۆ تەنیا ناوەندێکی یەکانگیری کوردە کە توانیویەتی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان و ڕووسیە لە دوەری یەک کۆ بکاتەوە، لە ئوروپا، ڕۆژئاواو باشووری کوردستان نوێنەرایەتی هەیە و  لە چوارچێوەی قانوونی باشووری کوردستاندا لە هەوڵێر بارەگای هەیەو سەرەڕاێ هەموو دژوارییەکان لەگەڵ پارتی پێوەندی دیپلۆماتیک هەیە.

 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک) ئەگەر بە قسەش بوبێت لە ڕاگەیەندراوەکانیدا بانگەوازی یەکیتی نەتەوەیی کردووەو دەکات لە حاڵێکدا ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە تێکۆشانی ک.ن.ک نییە بە قسەش باسی یەکیەتی نەتەوەیی ناکەن. تەنیا مەنتقێک کە بەشێک لە  ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کاری ئەهێنن ئەوەیە کە ک.ن.ک سەر بە پ.ک.ک یە!!

 ئەم ڕوانینە لە ناو بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو حیزبانە ڕەنگ ئەداتەوەو لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هەر مژارێک کە پێوەندی بە هێڵی پ.ک.ک و تەنانەت ک.ن.ک بێت هەمان مەنتق بە کار ئەهێنن. ئیستا هۆکاری ئەم دڕدۆنگییە بە هۆی نزیکی ئەو حیزبانە لە پارتی دیموکڕاتی کوردستان تەفسیر دەکرێت کە تا ڕاددەیەکی زۆر ڕاستە، پارتیش لە گەڵ پ.ک.ک کێشەی جیددی هەیە کەواتە ئەوانیش لە بەرەی پارتیدا جێ دەگرن. ئەگەرچی کێشەی نێوان پارتی و پ.ک.ک کەلێنێکی گەورەی لە بزووتنەوەی کورد بە گشتی دروست کردوە بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت بۆمان دەردەکەوێ کە جیاوازی زۆر لە نێوان بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات و باشور بە نیسبەت باکوورەوە هەیە کە دەبێ بیزانین و گرنگی پێ بدەین.

جیاوازییەکان چین؟

ـ پارتی دیموکڕاتی کوردستان کێشەی ئەوەی نییە کە پ.ک.ک لە ناو جەماوەری ئەواندا نفووز بکات و خەڵکەکەی بۆلای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نفووزی پ.ک.ک لە ناو جەماوەری ئەوان ئەترسن.

ـ پارتی ڕێگای لە بەشداری حیزبی لایەنگری پ.ک.ک لە باشووری کوردستان لە هەڵبژاردندا نەکردوە، بەڵام ئەوان هێشتا کە خۆیان لە تاراوگەن و بە پێی قانوونی ئێران یاسایی نین و هەڵوەشاوە بە حساب دێن، کەچی ئەوانیش بە هەمان میتۆدی دەوڵەتی حاکم بە بیانووی گرێدراوی بە پ.ک.ک  ئینکاری پەژاک دەکەن.

ـ ئەگەر پ.ک.ک لە جیاتی دیووی باشووری کوردستانی قەندیل، لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی قەندیل بێت، پارتی کێشەیەکی ئەوتۆی لە گەڵ پ.ک.ک نەدەبوو. بەڵام ئیستا کە پ.ک.ک لەدیووی باشووری قەندیلە دەبوو ئەوان ئەو جیاوازییەیان لە بەر چاو بگرتایە.

ـ  پارتی بە خراپ باسی خەباتی پ.ک.ک لە باکووری کوردستان ناکات و کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پ.ک.ک لە خاکی ئەوانەوە چالاکی نەکات، بەڵام حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە هەستیاریێکی ئاویان نییە،  تانە لە خەباتی پ.ک.ک لە باکوور دەدەن و زۆر جار تەئیدی دەوڵەتی تورکیە دەکەن.

ـ  پارتی بەرژەوەندی زۆری ئابووری لە گەڵ تورکیە هەیەو مەرجی تورکیە بۆ پارتی بەربەست کردنی جموجۆڵی پ.ک.ک لە باشووری کوردستانە، ئەوانەی ڕۆژهەڵات هیچ پێوەندییێکی ئابوری یان لە گەڵ تورکیە نییە.

ـ  پارتی لە سەر دەستی سەرۆکەکەی سوێندی خواردوە کە جاریکی دیکە شەڕی براکوژی نەکات، ئەمان بڕیارێکی هاوشێوەیان نەداوە تا مەترسی شەڕی براکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە نەبێتەوە.

 ئەوانەو  زۆر خاڵی دیکە جیاوازی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات سەبارەت بە پ.ک.کە ن. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان  هەر دوکیان لە گەڵ دو دوژمنی بەهێز بەرەوەڕوون کە سەدان ساڵە حکومەتن و دەبو ئەوان لە جیاتی دژایەتی یەکتر لە ئەزموونی یەکتر کەڵکیان وەربگرتایە.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژهەڵات تەوەرییان کردوەتە مەبنای خەباتی خۆیان و  لایەنگرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی  پ.ک.ک  بەڕۆژهەڵاتی باکوور تەوەر ناو دەبەن. بەم پێیە و بە پێی قسەی ئەوان  ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵات تەوەر و ڕۆژهەڵاتی باکوور تەوەر لە بەرامبەر یەکدا قەراریان گرتوە. پرسیارێک کە دروست دەبێت ئەوەیە کە ئەگەر  ڕۆژهەڵاتی باکوور تەوەر ئەوەندە زۆر بن ئەبێ لە لاوازی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵات تەوەرە خەسارناسی بۆ بکرێت. هۆی چییە کە وزەیەکی ئاوا لە ڕۆژهەڵات تەوەری دابڕاون؟ ئەگەریش ئەوانە کەمن کەواتە لە چی ئەترسن کە بەشێک لە وزەی خۆیان بۆ دژایەتی ئەوان بەکار دێنن؟

 ماوەیەک پێش ئیستا یەک لە ڕۆژهەڵات تەوەرەکان باسی جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵاتی ڕۆژهەڵات تەوەرو ڕۆژهەڵاتی باکوور تەوەر کردبوو و نمونەی هێنابوەوە کە پ.ک.کییەکان ناسر ڕەزازی یان  لا خۆشەویستە بەڵام شوان پەروەریان لا خۆشەویست نییە،  ئێمە هەوکیانمان خۆش دەوێت. تەئید دەکەم کە پ.ک.ک شوان پەروەری خۆش ناوێت و ( بەحس لە سەر کیشەی نێوان پ.ک.ک و شڤان بەحسێکی دورودرێژە کە پێویستی بە کاتی تایبەت هەیە )  گەر ناسر ڕەزازی بچێت بۆ سنە و لەوێ دەست بخاتە دەستی ڕوحانییەوە ئایا ئەوکاتە ناسرتان خۆش دەوێت؟ بەڵام ئەوەی کە ڕۆژهەڵات تەوەرەکان خۆی لێ لائەدەن ئەوەیە کە چۆنە کە ناسر و نەجمە وەک دو هونەرمەندی میللی ڕۆهەڵاتی کوردستان کە ناویان بە دوای یەکدا  دێت بوونەتە باکوور تەوەر؟. بۆ  ڕۆژهەڵات تەوەری بە سەبکی ئەوان ناسرو نەجمەکان ڕاناکێشێ؟

بە لای منەوە ڕۆژهەڵات تەوەری کارێکی بە جێیە و دوو ساڵ پێش ئیستا کە بەحسی ڕۆژهەڵات تەوەری هاتە ئاراوەو لە هەولێر کۆڕو سیمیناری بۆ سازکرا، یەک لەو کەسانە بووم کە بە وتار پشتگیریم لێ کردن، کێ هەیە کە پشتگیری خەباتی بە کردوەو نەکات؟ مەگەر ئەحمەدی شیربەیگی بەردەوام لە ڕادوێ کەوە ئەمەی بە گوێمانا نەئەدا کە ئاشی شۆڕش خوێن هەڵی ئەسوڕێنێت یا داری ئازادی بە خوێن  ئاو دەدرێت.

ئەم ڕیگەی کە ئیستا دۆستانی حدکا لە دژی پ.ک.ک گرتویانەتە بەر چەند ساڵ پێش ئیستا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و شەخسی کاک عەبدوڵلای موهتەدی گرتیە بەر بەڵآم سەرکەوتنی تیا بە دەست نەهێنا.  ئەو کات لە وتارێکدا زۆر خاڵی هاوبەش  نێوان کۆمەڵە و پەژاکم دەست نیشان کرد کە دەتوانێ هێمای هاوکاری بێت. هێماگەلێک کە لە نێوان کۆمەڵە و حدکا نییە. بۆ نموونە کۆمەڵە ڕوانینێکی پێشکەوتوانەی بە نیسبەت ژنەوە هەیە، مودێلی شووڕایی بۆ بونیات نانی کۆمەڵگا پێشنیار دەکا ( بە پێێ ڕوانینی سوسیالیستی پێشوویان ) ، شوورێکی شۆڕشگێرانەیان تیابەدی ئەکرێت کە هەمووی ئەوانە لە سیاسەت و ڕوانینی پەژاکیشدا دەبیندرێت. ئیستا مومکینە لە نێوان حدکا و پەژاکیشدا زۆر خاڵی هاوشێوە هەبێت کە دۆستایەتی لە سەر بنیات بنرێت.

وەک دوا وتە چەند باش دەبوو لە جیاتی ذیاردەی حەزف کردن و پەراوێز خستن و سوکایەتی کردن بە بیروڕای جیاوازی  ڕێگەی عەقڵانی و دیموکڕاتیک لە سیاسەتدا پەیڕەو بکرێت،  مەجال بە دوژمنانی گەلەکەمان نەدرێت کە بە ڕایەڵەیەکی بەرینی میدیایی کە تەنیویەتی و بە پێی لاوازی بیرکردنەوەمان کەلێنی نێوانمان  زیاتر بەرین ئەکەنەوە. ئەوە بڵێێم ڕایەڵەی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی زۆر بە هیزەو جێ پەنجەیان لە هەمو بەحسەکانی پێوەندیدار بە کێشەی نێوان ئەحزاب ئەبیندرێت. بەم جۆرە هیوادارم کە کۆی ئەم بەحسانە ببێتە هەوێنی لێک تێگەیشتن و ڕێزدانان بۆ مافی یەکتر.

.

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌