وەرن با بەیەکەوە بەرگری نەک لەژیانی کەبودوەندێک بەڵکوو بەرگری لە”ژیان” بکەین

0
971
سنوور عەبدووڵاهی پوور
سنوور عەبدووڵاهی پوور

نووسەر: سنوور عەبدووڵاهی پوور

یەکەمجار وەکوو مرۆڤێک دواییش وەک کوردێک، ئەم چەند دێڕە دەنووسم بۆ کەسێک کە لای من “نێڵسۆن ماندێلا”ی کوردانە، ناوەکەی محەمەد سەدیق کەبودوەندە. هەر چەند لەنزیکەوە نەمبینیوە و نایناسم. هیچ جیاوازیەک دروست ناکات ئاخۆ محەمەد سەدیق کەبودوەند کێیە؟ خەڵکی کوێیە؟ لەدایکبووی چ ساڵێکە و چی کردووە؟  یان ئەوەی تا چ ڕادەیەک دەیناسین و زانیاریمان لەسەری هەیە؟ یان ئەوەی ئاخۆ وێنەکەیمان بینیوە یان نا؟ کە چین و چروکێکی زۆر کەوتۆتە سەر ڕوخساری ئەم پیاوە بەجەرگ و خۆڕاگرە و کردوویەتی بەکێوێکی بەهەیبەت و لەبن نەهاتوو لە ورە و بەرخۆدان و بەهێز بوون و پتەو بوون لە چەشنی قەندیلی لانکەی تێکۆشان و خەبات و خۆڕاگری کوردان.

کەبودوەند بەچاوێکی کز و ماندوو کە تا دێت ترووسکایی هیوا و ئاوات و ژیان تیایدا کەم ڕەنگتر دەبێتەوە، بە ورەیەکی پۆڵایینەوە و لەناو چاڵە ڕەشەکانی شەمشەمە کوێرەکانی ئەم سەردەمە بەرگری لە نەتەوەکەی دەکات و لێمان دەڕوانێت و سڵاوی ژیانمان ئاراستە دەکات.

چی بوترێت و بنووسرێت لەسەر ئەم زاتە پیرۆزە هێشتا هەر کەمە و باوەڕم وایە ناتوانێت خۆی لەبارتەقای گەورەیی و هێمابوونی ئەم کەسایەتیەدا ببینێتەوە. وادەوترێت کە دەزگای پاوانخواز و سەرکوتکەری ناوەندی دادگەریی کۆماری پەت و سێدارە لە ئێران، محەمەد سەدیق کەبودوەندی تەنیا و تەنیا بە یەک تاوان، ئەویش کوردبوون و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەچەشنی چالاکوانێکی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ بە تاوانبار ناساند و بەم هۆیەش بە یازدە ساڵ زیندانیکردن حوکم درا. ئەمە لەکاتێکدا سەرەڕای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ لەناو زیندان، کەچی لەزیندانیش وازی لێ نەهێندراوە و بە بەردەوامی لەلایەنی ڕۆحی و جەستەیی ئازا دراوە و گوشارێکی تاقەت پڕۆکێنی هەمە لایەنەی خراوەتە سەر و لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤێکیش لەناو زیندان بێ بەش کراوە و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی تاقی کردۆتەوە و بەدەست چەندین نەخۆشی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت.

 من دەڵێم… محەمەد سەدیق کەبودوەند مرۆڤێکە، ئازار دەچێژێت و کۆڵ نادات و بەردەوامیشە لە خەبات و خۆڕاگری خۆی. هەر ئەوەندەش بەسە بۆ ئەوەی خۆشمان بوێت. لای ئێمە کەبودوەند ڕەمزی هەرە گەورەی تێکۆشان و خەباتی مەدەنی و سەردەمیانەیە بۆ ژیانێکی باشتر و دادپەروەرانە. کەبودوەند لەناو دڵماندایە و دەنگی بەناحەق کپ کراوی سەرجەم چین و توێژە مافخوراوەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و بگرە تەنانەت ئێرانیشە. وادەخوازێت وەک ئەرکێکی مرۆڤی و نەتەوەیی، یەکدەنگ و یەکگرتوو هەموومان پشتیوانی بین. هاوسۆز و هاوخەم بین بۆی و بەهەر جۆرێک بۆمان دەلوێت و پێمان دەکرێت بەگیان و بەدڵ بەرگری لەم ڕۆڵە چاونەترسەی گەلەکەمان بکەین و نەهێڵین بەتەنیا بمێنێتەوە چوونکە دڵنیام ئەمڕۆ خەباتی بێ وچان و ئازارەکانی کەبودوەند زیاتر لەهەر کاتێک، ئێمە لەیەکتری نزیک دەکاتەوە.

کەواتە لەبەرامبەر گەورەیی ئەم پیاوە بەشەڕەفە، وەرن هەموومان بەیەکەوە و بەیەک دەنگ بەرگری لە”ژیان” بکەین.

سڵاو لەخۆڕاگری محەمەد سەدیق کەبودوەند.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.