کاک خالید عەزیزی دەیتوانی بە لێدوانێک کێشەکە ئاسانتر چارەسەر بکات و بەو ئاقارە نەڕوات

0
140

نووسەر: ئازا دکوردی

ئازاد کوردی
ئازاد کوردی

چەندین ساڵە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی کێشەی گەورەی جیابوونەوە و کریزە ناوخۆییەکان بوونەتەوە کە هۆکارەکەشی لە پلەی یەکەمدا ئەندامانی ئەو حیزبانە بۆخۆمانین. تا کاتێک کە حیزبەکان نزیک بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بوون، دوژمنی هەموومان واتە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تیرۆر و لە نێوبردنی کادر و پیشمەرگە و چالاکە سیاسییەکانی دەدا و ….تاد، بەڵام دوای ئالوگۆرەکانی ناوچە و دوورکەوتنەوەی هەموو هێزە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، دواتر تاکتیکی ڕژیم ئالوگۆری بەسەردا هات. کەم تێچووترین کار درووستکردنی کێشەی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ لێکترازان و دابڕان و خوڵقاندنی کەشی بێ متمانە بوون بەیەکتر و سازکردنی کێشەی ناوخۆیی نێو حیزبەکان بوو، بۆ ئەوەی ئەو هێزانە لە ناوخۆیاندا خەریک بن و لە ڕاستیدا ئیتر بیر لە داڕشتنی پلان دژ بە رێژیم نەکەنەوە. لەم ئاراستەیەدا هێزێکی زۆری مرۆڤیی ئەندامانی حیزبەکان بۆ ئەم پرس و کێشانە تەرخان کرا و لە ئەکامدا ڕێژیمی نەیار بە کەمترین باج و خۆماندووکردن بە ئاکامی دڵخوازی خۆی گەییشت. قەیرانە ڕێکخستنییەکان ئەوەندە زەق بوون کە بوو بە هۆی جیابوونەوە لە نێو ئەو حیزبانەدا کە بناخەی خەباتی میللی – دێموکراتیکی کوردیان لە سەر شان بووە.

هەموومان بە دەرەجەی خۆمان تاوانبارین لە پێکهاتنی ئەم کیشانە و دۆخەدا. بەڵام کەمتر روو لە ویژدانمان دەکەین. نموونەی دوای قسەکانی بەڕێز خالید عەزیزییە لە کۆبوونەوەیەک لە پاریس. لە ڕاستیدا کاک خالیدی قامکی خستۆتە سەر کێشەگەلێک کە خۆی و حیزبەکەی هۆکارێکین لەم کێشانەدا، هەموومان دەزانین لەگەڵ کاک خالید کیشە و کەموو کوڕییکەنمان چن؟! بەڵام بێ ئەوەی لە پلەی یەکەمدا خۆمان بە هۆکار و بکەری کێشەکان بزانین، هەردەم تۆپ دەخەینە نێو زەوی کەسان و لایەنەکانی تر. بە ڕای من و زۆر کەسی ناو حیزبی کاک خالید و ڕای گشتیش، ناوبراو چەند قسەیەکی لەو کۆبوونەوە کرد کە نەدەبا بیکردبا و دوور بوون لە کەسێک کە خۆی بە ڕێبەری حیزبێک بزانێت! بەڵام کران. ڕۆژی دواتری لە دیمانەیەک لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکی کوردی، هەموو کەس چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە ناوبراو پاشگەز بێتەوە و بە جۆڕێک باسەکە کۆتایی پێ بێنێت، بەڵام بەداخەوە نەک تەنیا ئەو کارەی نەکرد، تەنانەت باسەکەی بەرەو ئاقارێکی خراپتردا برد.

دڵنیام زۆر کەس لە حیزبەکەی کاک خالیدیش ئەو قسانەی ناوبراویان بەدڵ نەبوو و پێی دڵگران بوون، چ بگاتە کەسانی دیکە لە حیزبەکانی دیکە و خەلكی ڕۆژهەڵاتیش. کاک خالید دەیتوانی زۆر بە ئاسانی باسەکە بگۆڕیت و بەرەو ئاقارێکی باشتریدا ببات، بۆ ئەوەی دەرد و کێشەکانی بزووتنەوەی کوردی کەمتر ببنەوە، نەک ئەوەی کە وای لێهات کار گەییشتە جێگایەک کە چەند ماڵپەرێکی سەر بە ڕێژیم بە بایەخێکی تایبەتەوە باس لە روانگەی کاک خالید بکەن.

لەگەڵ ئەوەیدا کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ناوچە و نێونەتەوەییدا پەراوێزخراوترین و بێدەنگترین پارچەی کوردستانە، دەبێ هەموو هەوڵەکان بەرەو بە ڕۆژەڤ کردنی پرسی کورد و ماف و ئازادییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بن و کەمتر ماف و کەرامەتی کوردی ڕۆژهەڵات ببێتە قوربانیی هێزەکانی دیکەی کوردی و لەم پێناوەدا کار و خەبات بکرێت، ئەم خۆبواردنەی کاک خالید لە ڕەد کردنەوەی بۆچوونەکانی و هەروەها پشتگیری کردن لە ناوبراو و بۆجوونە نادرووستەکانی بە هەموو نرخێک لە چەند قسەیەکی نادرووست، نە تەنیا کێشەکانی هەیی زیاتر کرد، بەڵکوو ڕێژیمیش لەولا پێمان پێدەکەنێ و زۆریش دڵخۆشە. هەڵبەت بێرێزی و ڕەخنەی دوور لە پرەنسیپیش لەم بوارەدا خۆی کێشەخوڵقێنە. هەموو کەس و لایەنێک مافی ڕەخنە گرتن و شرۆڤەکردنی قسەکانی کاک خالیدی هەیە، بەڵام بە مەرجێک لە سنووری بێڕێزی تێنەپەڕێت. هەر وەکوو حدکا بە ڕوونکردنەوەیەکدا هەڵسەنگاندنی لە سەر قسەکانی بەڕێز عەزیزی کرد و لایەنی بەرامبەریش وەڵامی دایەوە. بەڵام بە ئەدەبیاتێکی کەمێک جیاواز. چاوەروانییەک کە لە کاک خالید لە سەر لێدانەکانی هەبوو، شتێکی دیکە بوو و دەیتوانی بە ئاسانترین شێوە کێشەکە کەمتر بکاتەوە.

نابێت لەمە زیاتر رێگا بدەین هێز و تواناکانمان بۆ رێکخستنەوەی خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفێرۆ بڕوات و دوژمن لە بیر بکەین، هەڵبەت ڕۆڵی ڕێبەران و کەسایەتییە سیاسییەکان زۆر کاریگەرە و دەبێ یەکەم پێشەنگ لەم بوارەدا ئەوان بن، ڕۆژهەڵات پێویستیی بە کەسانی خۆبردوو و شۆڕشگێر هەیە کە دەور و بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆیان بەجێ بگەینن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت