ئایا بەردەوامی مانگرتنی رێزدار کەبوودوەند هەلوێستێکی نیشتمانیە ؟

0
89
ڕەزا ئەمینی
ڕەزا ئەمینی

نووسەر: ڕەزا ئەمینی

تێکۆشەری خەباتی سڤیل ڕێزدار کەبوودوەند لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی مانگرتنەکەی خەریکە نزیک ببێتەوە، ڕاستە ئەو جوڵەیە لە ناڕەزایەتی بە حوکمی زیندان و ئازاردانیەوە دەستی پیکردووەو بەردەوامە، بەڵام مەبەستی سەرەکیتری هەر بەندییەکی مانگرتوو تایبەت بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی نیەو بەڵگە نەویستە بۆ کەسایەتییەکی لە چەشنی بەڕێز کەبوودوەند ئامانجەکانی لەو ئیرادە نواندنە بەربڵاوترە لە چوارچێوەی بابەتی مافی تاکەکەسیی خۆی .

دەسەڵاتی بێ پرنسیپ و یاسای چەواشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەندییەکانی کورد بە خراپترین شێوە هەڵس و کەوت دەکا. لە یاسا دادوەری سەزاییەکانی دەسەڵاتی تاران، هیچ پێناسەیەک بۆ بەندیی سیاسی نەکراوە و هەر چالاکییەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە لە ڕوانگەی ئەمنییەتی – سیاسییەوە سەیری دەکرێ، تەنانەت ئەو ئیمتیازانەی بۆ بەندییەک دەبێ ڕەچاو بکرێ و لە ئاییننامەکانی ئیدارەی زیندانەکانی ئێرانیشدا نووسراوە و تا رادەیەک پەیرەو دەکرێ لە کوردستان و بۆ بەندیی کورد ڕەچاو ناکرێ.

لەو دۆخەدا تەنیا چەکێکی بەرگری بەندیی کورد لە ماف و ویستە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی خۆی، ئامرازی مانگرتنە، لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی کە تەنیا زمانی پەت، سێدارەو سڕینەوە دەزانێ لە بەرانبەر ئیرادەی خۆ نەویستانەی بەندی مانگرتوودا شکست دێنێ.

بەرێز کەبوودوەند لە نموونەی ئیرادەی بەندییەکی مافخوازی کوردە کە دەیهەوێ دەنگی چەوساوەی کورد بە گوێی دونیا بگەیەنێ گەرەکێتی دونیای بەرژەوەندیخوازی ڕۆژئاوا تێبگەیەنێ کە ئەگەر ئێوە خەریکی سات و سەودا کردنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرانن، نابێ لە بیری کەن بایەخە دێمۆکراتیکەکانی گەلی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە مەترسی جیددی دایە، ئەو چەشنە هەڵوێستانە لەو دۆخەدا ڕەواترین دەنگی کپ کراوی کوردە کە پێویستە بەرجەستە بکرێتەوە .

مانگرتنی کەبوودوەند لە سنووری تێل دڕکەکانی بەندیخانە دەرباز بووەو پشتیوانییەکی بەرینی بە شوێنەوە بووەو ئیدی کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی لە بەرانبەر چەکی ئاشتیخوازانەی مانگرتن ناتوانێ قوتار بێ.

هەموو تێکۆشەرانی کورد بە تایبەتی ڕێزدار کەبوودوەند لە گیانی خۆیان سڵ ناکەن و لە مەرگ ناترسێن، ئەوە وانەیەکە پشتاو پشت بە میرات بۆ شۆڕشگێرانی نیشتمانی ماوەتەوە، مانگرینی ئەو بەڕێزە پێویستە تا ڕزگاری خۆی و بە چۆک داهێنانی داگیرکەر بەردەوام بێ.

ئێستا خەباتکارانی کورد بە پەرۆشەوە لە باری تەندروستیی بەرێز کەبوودوەند دەڕوانن و ئەوەش هەستێکی مرۆڤدۆستی پیرۆزە بەڵام سروشتی خەباتی کورد، گیان بەخشیە لە پێناوی ئاشتی و دێمۆکراسیدا بۆیە خودی کەبوودوەند هەنووکە هێمایەکە لە نەترسی و گیان بازی و ئەو شانازییە مەزنە بە ژیانی بە دیلی ناگۆڕێتەوە، کەواتە دەبێ بە هەموومان داکۆکی بکەین لە ئامانجە پیرۆزەکانی ئەو مانگرتنە و بۆ بەردەوام بوونی لەو خەباتە هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی مێتۆدی مانگرتن ببێتە میکانیزمێک کە بەندیی کورد بەو پاڵنەرە بە گژ دیکتاتۆر دا بچێتەوە کە واتە بەڵێ بۆ بەردەوامیی مانگرتن، یان سەرکەوتن یان گیان بەخشین، هەمدیسان بۆ ئامانجی بەندییەکانی کورد لە بەندیخانەکانی دەسەڵاتی لارێی تاران.

خاڵی کۆتایی کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە لە ئەگەری شکاندنی ئەو مانگرتنە پیرۆزەی بەڕێز کەبوودوەند، هەروەک پێشتریش لە مانگرتنی ٣٤ ڕۆژەی بەندییە سیاسییەکانی کوردی بەندیخانەی ورمی و چەند نموونەی تردا بینیومانە، فەلسەفەی خودی مانگرتن لە خواردن کە بریتییە لە بەچۆک داهێنانی داگیرکەر و دیکتاتۆر، بە تەواوی بەتاڵ دەبێت و ئەنجا ناکرێ وەک چەکێک بۆ گەیشتن لە داوای ڕەوای بەندی کەڵکی لێوەربگیردێت و هەم داگیرکەر و هەم ڕای گشتی و هەم ڕای جیهانی وەک گەمەیەکی کاتی لە مانگرتن دەڕوانن و هیچ کاتی تر ئەو هەست و هەڵوێستانەی کە ئیستا دەیبینین جیهانی هەژاندووە و پەرە دەستێنێ، شکڵ ناگرێتەوە کە هەر وەک پشێتر گوتم، مانگرتن تەنیا چەکی بەردەستی زیندانییە لە سیستەمێکی وەک ڕژیم ئیران دیکتاتۆر و توتالیتێر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت