ئایا کوردەکان لە داعش مەترسیدارترن؟/وەرگێڕان لە عەڕەبیەوە

0
1408
غەسان شەریل
غەسان شەریل

نووسینی: غەسان شەریل

وەرگێڕانی بۆ ڕۆژی کورد: هەڵمەت مەعرووفی

غەسان شەریل، نویسکاری عەڕەب لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی “ئایا کوردەکان لە داعش مەترسیدارترن؟” باس لە دڵەڕاوکێی ٤ وڵاتی، ئێران، عێراق، سووریە و تورکیە لەمەڕ کوردەکان دەکات و دەنووسێ: “ئانکارا، دیمەشق، تاران و بەغدا، بەرژەوەندیی زۆر و هەستیاریی کۆنیان پێکەوە زۆرە کە ئەو دەوڵەتانە لێک دوور بکاتەوە و پێکەوەیان گرێ بداتە، هاوپەیمانەتییان بکاتە خەزان و دواتریش لە لاپەڕەیەکی نوێدا لێکیان کۆبکاتەوە”.

دواتر نووسەر ئاماژە بە هۆکاری بەردەوامیی لێک نزیک کردنەوەی ئەو ٤ وڵاتە دەکات و دەنووسێ: “خاڵی جێگیر و بەردەوام بۆ لێک نزیککردنەوە و پێکەوە لکاندنی ئەو چوار پێتەختە، ترس و دڵەڕاوکێی ئەوانە لە خەونی کۆنی کوردەکان، هەر ئەوەشە وایکردووە کە ئەمڕۆ ئەو ٤ دەوڵەتە ئەو قسەیە بخەنە ئاراوە کە کوردەکان مەترسیدارتر لە داعشن.

شەریل، دواتر باس لە ئەنجام و چارەنووسی داعش دەکات و دەڵێ: “ئەزموون پێمان دەڵێ کە داعش خەریکی بارگە تێکوەپێچانە و مەحکووم بە شکستە و تیرۆریسم ئەو کات کە ناوبانگ دەردەکا لە ڕاستیدا گۆڕی خۆی کۆڵیوە، هەر بەو پێیەش ئەو چوار هێزە (ئانکارا، تاران، دیمەشق و بەغدا) داعش بە مەترسییەک دەزانن کە خەریکی ڕۆیشتنە و مەترسییەکی کاتییە بەڵام کوردەکان بە مەترسییەک دەزانن کە مەزن و جێگیرە”.

ترس لە داعش، ترسێک نیە دڵی ئەردۆغان لەوپەڕی دەسەڵاتدا بلەرزێنێت، ترسی سەرەکی، ترس لە کوردەکانە، کوردەکانی ناو تورکیە و سووریە، لێرەدایە کە دەتوانین هۆکاری سەفەر بۆ سەن پترزبورگ و دواتر تاران و دواتر قەبووڵ کردنی مانەوەی بەشار ئەسەد لە قۆناغی ڕاگواستندا بزانین و بۆمان دەربکەوێ.

نووسەر، دواتر ئاوڕ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان لە دوای ئەو وەرچەڕخانەی ئانکارا دەداتەوە و دەڵێ: “شێوە کرداری نوێی ئەردوغان و وەرچەڕخانەکەی، بۆ سووریە زۆر گرنگ بوو، سووریەش کوردەکان بە مەترسی دەزانێ، هێرشی ئەم دواییانەی حەسەکە بە دڵنیاییەوە دوای ئاڵوگۆڕیی نامەیەکی زۆر لە نێوان ئانکارا و دیمەشقدا هاتۆتە ئاراوە. هەڵوێستی توندی کوردەکان لەسەر ئامانجەکانیان سەرەڕای تێکچوونی هاوڕێیەتی نێوان سەرۆکەکانی دوو وڵات، دەتوانێ پردێکی پەیوەندیی نوێ لە نێوان ئانکارا و دیمەشقدا بێ”.

غەسان شەریل دوای شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان سووریە و تورکیە لەسەر پرسی کورد، ئاوڕ لە ئێران دەداتەوە و دەنووسێ: “ئێران تاوانبارە بە پەرچەپەرچەکردنی کوردەکان. ئێران ناتوانێ قەبووڵی بکا کوردەکانی ئێران بگەن بەو دۆخەی کە کوردەکانی عێراق تێیدان یان کوردەکانی سووریە خوازیارنی. خومەینی لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران بۆ وەفدێک باسی لەوە کرد کە کێشەی تاکەکەسیی کوردەکان چارەسەر دەبێ چون شۆڕشەکە ئیسلامییە. ئینقلاب کێشەی کوردەکانی چارەسەر نەکرد هەر بۆیەش بەشێک لە کوردەکان چەکیان هەڵگرت. ئێران دەیهەوێ خەونی کوردەکانی ڕۆژئاوا بۆ هەبوونی سووریەیەکی فیدراڵی لەبار ببات. چارەسەریی کێشەی کوردەکان، پرسی تر دێنێتە ئاراوە. زۆربەی کوردەکان سوننەن. هەبوونی مەترسیی کوردەکان، پردی پەیوەندیی نێوان ئانکارا و تارانە، ئەوە سەرەڕای حەزی ئێرانە بۆ هەبوونی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ هێزە سوننەکانی ناوچە. ئێرانیش وابیر دەکاتەوە کە کوردەکان مەترسیدارترن لە داعش”.

نووسەر دواتر دەچتە سەر باسی بەغدا و ترسی عەڕەبەکانی بەغدا لە کوردەکان و دەنووسێ: “دمەقاڵەکانی ئێستای بەغدا لەسەر دەوری پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە ئازادکردنی موسڵ لە دەستی داعش، خۆی نیشاندەر و دەرخەری ئەو ترسەیە کە بەشێک لە هێزەکانی کاریگەر لە ڕێککەوتنی بەغدا ئێستا لە کوردەکان وەک مەترسییەکی جێگیر و بەردەوام هەیانە و لە ڕادەستکردنی ئەو شوێنانە بە کوردەکان بە هۆی حەزیان بۆ سڕینەوەی سەددام حوسێن، دەترسن. زۆربەی خەڵکیش لایان وایە کە ئەوە ستراتژییەک بوو کە ئێران بە مەبەستی سڕینەوەی سەددام بەسەر هاوپەیمانەکانی لە بەغدا سەپاندوویەتی.”

نووسەر دواتر لە نزیک بە کۆتایی باسەکەی، باس لە داعش و دەستتێوەردانی دەرەکی لە سووریە و عێراق بە بیانووی بوونی داعش دەکات و دەنووسێت: “شێوەی ڕێکخستن وهێزگرتنی داعش وەک مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە و جیهان دەهاتە بەرچاو بەڵام دواتر دڕندەییەکانی داعش بوو بە دەرفەتێک کە دەوڵەتەکان توانییان لە ڕێگای ئەوەوە ویست و داخوازییەکانی خۆیان لە سووریە و عێراقدا جێ بە جێ بکەن و بیبەنە پێش و بەرەو لاپەڕەیەک لەژێر ناوی شەڕ لەگەڵ داعش کرایەوە و دەست تێوەردانی دەرەکی لە سووریە و عێراق چەند قات بوو، بەڵام دوای خەسار گەنایدن بە داعش دیسان مەترسی لە هێزگرتن و بوونی مەترسیی جێگیر و بەردەوامی کوردەکان، سەری هەڵداوەتەوە.”

بەڵام ئەوی کە کوردەکان لە دوای داعش چیان بەسەر دێت؟ پرسیارێکە کە نووسەر وڵامی دەداتەوە و دەنووسێت: “کوردەکانی سووریە چیتر ناگەڕێنەوە دۆخی پێنج ساڵ لەمەوپێش. ناشکرێ کوردەکانی تورکیە هەتاهەتایە لەو دۆخەدا بمێننەوە، ناشکرێ کوردەکانی ئێران لە ڕێگای وەلەرزەخستن و لەرزۆک کردنی جێگیربوونی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، کێشەکەیان چارەسەر نەکراو بمێنێتەوە. زیانەکانی لەبەرچاو نەگرتن و  پێشێلکردنی مافی کوردەکان، تەنیا کوردەکان ناگرێتەوە.”

بۆ خوێندنەوەی دەقەی عەڕەبیی بابەتەکە، لێرە کرتە بکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.