خالید تەوەکولی: شێوازی سەرەکیی خەبات لای چینی ناوەند، خەباتی مەدەنییە لەبەر ئەوەی کە تێچووی کەمە و لەگەڵ داخوازی دیموکڕاتیک گونجاوترە

0
711

خەباتکارانی کورد بۆ رێکخستنی کیانی نیشتمانی لە هەموو رەهەند، شێواز و مێتۆدێکی بەربەرەکانی لە بەرانبەر داگیرکەردا کەڵکیان وەرگرتووە، کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە بنەڕەتدا هیچ بڕوایەکی بە چارەسەری گرفتی نەتەوەیی کورد بە شێوازێکی ئاشتیخوازانەو بە دوور لە توندو تیژی نیە لە بەرانبەر هەر ئاراستەیەکی خەباتی کورد دا تەنیا رێگای داپڵۆسین و سەرکوت پەیرەو دەکا ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە خەباتی کورد ئاراستەیەکی لوژیکی و خاوەن بەهای دێمۆکراتیکی هەیە، دەسکەوتەکانی خەباتی مەدەنی لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە ماندوو بوونی چالاکانی مەدەنی و خەباتی سەرشەقام هاتوونە بەرهەم بۆیە کۆماری ئیسلامی لەو بوارەوە هیچی نەبەخشیوە بەڵکو ناچار بە پاشەکشە کراوە.
لە بیست ساڵی رابردوو دا حیزبە چەکدارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی پشتیان بە خەباتی سڤیل بەست و بەشی بەرچاوی وزەو تواناییەکانی خۆیان بۆ رێکخستنی خەباتی جەماوەری تەرخان کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران لە باتی ئەوەی لەو هەلە کەڵک وەرگرێ( کێشەی کورد کە بانگەشەی ئاشتی و ئازادی دەکرد ) بە توندترین شێوە نارەزایەتی سەرشەقامی بە سێدارەو بەند و سڕینەوە وەڵامداوە! لە ئاکامی ئەو قەیرانە دا یەکێک لە حیزبەکانی خۆڕهەڵاتی کوردستان بۆ ئاوێتەکردنەوەی خەباتی شارو شاخ لە سەرەتای بەهاری ٢٧١٦ ی کوردییەوە بڕیاری پشگیری خەباتی مەدەنی سەرشەقامی دا کە بە هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان وا وێدەچێ ئەو ئیرادەیە چارەنووسی داهاتووی خۆڕهەڵاتی کوردستان بە ئاراستەیەکی دیکە دا بەرێ… خەباتی مەدەنی و ئەو خوێندنەوەی حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەیکەن لە گەڵ خوێندنەوەی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی لە ناوخۆ ئەگەر چی جیاوازییەکی بنەرەتیتری هەیە بەڵام لە بنەڕەتدا ئاراستەیەکی دژبە یەکتریان نیە.

ماڵپەری ڕۆژی کورد بۆ شیکردنەوەی رەهەندێکی خەباتی مەدەنی لەگەڵ ڕێزدار خالید تەوەکوولی، مامۆستای زانکۆ و چالاکی مەدەنی دیمانەیەکی پێک هێناوە، سرنجتانی بۆ ڕادەکێشین

ڕۆژی کورد: بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە ئەنجامی پێخوستکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد بەرخودانی ڕەنگاڵە بۆی بووەتە پێویستی بۆ بەرگری لە نەتوانەوەی جوڵەکە و ئامانجەکانییەکێک لەو شێوازە دەرهەستانەی خەباتی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان خەباتی سڤیل بووە، بە ڕای ئێوە کام هۆکارگەل ئەوم خەباتەیان لوژیکی یان خاوەن بەها کردووە؟

تەوەکوولی: هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی کە باسیان بکەین و ئاماژەیان پێبدەین. یەکێک لەوانە پەرەسەندنی خەبات و بزاڤی ڕێفۆڕمخوازانەیە لە سەراسەری ئێراندا کە کاریگەری بوو لەسەر کوردستانیش. ڕێفۆڕمخوازەکان بەشێک لە داواکارییەکانی کوردیان هێنایە ئاراوە و بڕێکیشیان پێیان خۆش بوو کە کێشەی کورد وەکوو یەکێک لە کێشە سەرکییەکانی ئێران بێتە بەرباس و بۆ گەشەسەندنی دیموکڕاسی و کۆکردنەوەی دەنگ کەڵکی لێ وەرگیرترێ.

هەروەها پەرەسەندنی چینی ناوەند لە ئێران و کوردستان یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکانە کە بڕەوی داوە بە خەباتی مەدەنی. دیارە شێوازی سەرەکیی خەبات لای چینی ناوەند، خەباتی مەدەنییە لەبەر ئەوەی کە تێچووی کەمە و لەگەڵ داخوازی دیموکڕاتیک گونجاوترە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم چینە ڕووی لە زۆربووندا بووە و فەرهەنگ و داب و نەریت و بەهای کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆی هەیە و لە کۆمەڵگادا بۆ دابینکردنییان تێدەکۆشن.

بێدەنگبوونی حیزبەکان کە زۆر جار نەیانتوانیوە بۆ پرسیارە نوێیکان وەڵامی تازەیان نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین گۆڕانکاری و پرسی تازە لە فەزای سیاسی ئێران هاتەتە ئاراوە و خەباتی خەڵک لە کوردستان ئەبێ بە تەحلیل و شرۆڤەی تازەوە بێتە مەیدان و لە گەڵ خەڵکا پەیوەندی تازە بەرقەرار بکات.

ڕۆژی کورد: خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵاتەکەی چوارچێوە بۆ دیاریکراو بێ دەتوانێ  لە ئامانجەکانی زۆر نزیک بێتەوە؟

خالید تەوەکولی
خالید تەوەکولی

تەوەکولی: ئەوە زۆر سەخت و دژوارە بەڵام بە نیسبەتی شێوازەکانی تری خەبات لەوانەیە تێچووی کەمتری ببێ و لەگەڵ بەها سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمیشدا ناکۆکی کەمترە. خەباتی مەدەنی هەنگاو بە هەنگاو کار دەکا، کەوابوو لەوانەیە چەندین ساڵ بکێشێ تا بتوانێ بە ئامانجەکانی بگا بەڵام ئەوەی کە هەیە ئامانجەکانی بە ئاسانی لە دەس ناچێ و ئەزانێ بەرەو کوێ ئەچێ و لە کوێوە گۆڕان دەس پێئەکا.

 ڕۆژی کورد: دەسکەوتەکانی جووڵە مەدەنی و نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن پێناسە دەکەن؟

تەوەکولی: دەسکەوتی زۆری هەبووە. چ لە باری فەرهەنگییەوە و چ لە باری سیاسی و ئابوورییەوە ئەم دەسکەوتانە زۆر دیار و بەرچاون. لە باری فەرهەنگییەوە ساڵەهایە چەندین گۆڤار بە زمانی کوردی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەر ئەچێ. لە زانکۆ و مەدرەسەکان زمانی کوردی ئەخوێندرێ و….. تاد.

لە باری ئابورییشەوە لە کاتی دەسەڵاتی ڕێفۆڕمخوزەکاندا چەندین پڕۆژە وەکوو پێترۆشیمی، فروودگاە (فڕۆکەخانە) و ڕێگا وبان و … پەسەند کرا کە بەش بەحاڵی خۆی باش بوون و ئەتوانێ کاریگەری موسبەتی (ئەرێنی) ببێ لەسەر دۆخی ئابووری خەڵک لە کوردستان. لە باری سیاسییشەوە کێشەی کورد بۆ ماوەیەکی زۆر یەکێک لە باسە سەرکییەکانی مەیدانی سیاسەت بوو لە ئێران. باڵە جۆراوجۆرەکان باسیان لێئەکرد و بۆجوونی خۆیان لەم بارەوە ئاشکرا ئەکرد.

خەباتی مەدەنی هێشتا لاوازە و ڕێبەری و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی نیە، ئەمە یەکێک لە کێشە سەرکییەکانییەتی و بۆیە زیاتر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا خۆی نیشان ئەدا. لە هەمان کاتدا هەنێ (هەندێک) لایەن گەرەکیانە لە خەباتی مەدەنی وەکوو پاشکۆیەک بۆ گەیشتن بە ئارمانەکانیان کەڵک وەرگرن کە ئەمەیش لاوازی ئەکا. باشتر وایە ئەم جۆرە لە خەبات درووشم و داواکاری و سازمانی (ڕێکخستنی) خۆی ببێ تا کاریگەری زیاتر ببێ و باشتر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیموکڕاتیک هەنگاو هەڵگرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت