چڵم و خوێن

0
1262

ئەرسەلان چەڵەبی

 شەقامی ئەو شارە نەمابوو بە سەری نەکردبێتەوە، دووکان بە دووکانی دەناسییەوە و تەنانەت دەیزانی لە ویترینەکانی چ باسە و چی خۆی دەنوێنێ، کامە شت جوانە و کامەی پێ جوان نییە، کامە گرانە و کامە هەرزانە. قەوەی بە کامیان دەشکێ و کامەیانی پێ ناکڕدرێ!

خەیاڵ دەیبردە جێژوانێک کە دیار نەبوو چاوەڕوانی کێیە و لە کام کەلێنی ئەم وڵاتە نەگبەتە ئەهوەن دەبێتەوە. خەیاڵ و پڵاو هەموو مێشکی تەنیبۆوە و هەنگاوەکانی شل ببوو. ئەو جارەیان نەیدەزانی بەرەو کام شەقام و کام گەڕەک و کام کۆڵان هەنگاو بنێ، هەمووی هەر وەک یەک دەچوو، لە شوێنێک دەگەڕا بە سەری نەکردبێتەوە و چاوی پێی نەکەوتبێ، بەڵام ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو. هەر کۆڵانێک دەچوو بە دەیان جار دیتبووی و تەنانەت دەیزانی چەند ماڵی تێدایە و کامە ماڵ لە هەموان خۆشترە و چەند پەنجەرە و چەند دەرگای هەیە، حەوشەی هەیە یا نا؟

“چاوڕا” لە شەقام و لە کۆڵان و لەو شارە وەرەز نەببوو. ئەو بەردەوام بوو، لە پێناو بیرەوەرییەکی تاڵ کە هەموو کات شیرین دەینواند. چاوڕا ناوی نابوو “خەمی شیرین”، هەرچەند بە ڕواڵەت نە شیرین بوو نە تاڵ، بەڵام ئەو بابەتە لە لای ئەو گرینگ بوو کە لە داهاتوو دا بە ئاکامێکی روون بگا کە تۆمەز لە راستیدا تاڵە یانەکوو شیرین؟ هەندێ جاریش بیری دەکردەوە کە تاڵ و شیرین بە یەکەوە دەتوانن هەڵگری واتایەکی تر بن.

چاوڕا ساڵگارێکی زۆر بوو لە گەڵ دایک و بابی نەدوابوو، دوان بە مانای پێویستییەکی رۆحی مناڵ بە دایک و باب، دەنا قسە و باسێک کە چاوەڕوان دەکرا لە ژیانی رۆژانەیان دەهاتە ئاراوە. خوشک و براش گرێبەستێک بوو کە پێشتر دارێژرابوو. ئەو گرێبەستەش دەمێک بوو لە لایەن چاوڕا واژۆ کرابوو. چاوڕا لە خوشکی دڕدۆنگ بوو کە بۆ تخوونی ناکەوێ؟ بۆ دەبێ براکەی رۆژێک لە رۆژان پێی نەڵێ وەرە پێیاسەیەک بکەین و هیچ نەبێ با بزانێ براکەی شەوانە دەچێتە کوێ و سەر بە کام قوژبنی ئەو شارە دادەکا؟ لە کوێ هەڵدەمیزێ و لە کوێ سیگارەکەی دادەگیرسێنێ؟ چ کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵ و لە رێگا دا کێ دەبینێ و لە گەڵ کێ دەدوێ؟ ئەو کاتەی دەگاتەوە بەر دەرگای ماڵەوە حەز دەکا کێ بە خەبەر بێ و کێ خەوتبێ؟ ئەو هەموو پرسیارە گرینگییەکی ئەوتۆی نەبوو بۆ چاورا بەڵام مێشکی پێوەی سەرقاڵ بوو.

چاوڕا بەردەوام خەونی دەدی، نەک لە کاتی خەوتندا، بەڵکوو کاتێک بە خەبەر بوو خەونی دەدی و هیچ کاتێکیش بە تەمای ئەوە نەبوو خەونەکانی بێتە دی، چاوڕا دەیزانی کە خۆی خەونێکە و نەهاتۆتە دی. خەونی ئەو دایک و بابەی کە سەردەمێک خەونییان دی و لە شەوێکی ئەنگوستە چاو دا سیلەیان لە نێو چاوانی تاریکی گرت و تا بەرەبەیان بە تەمای رووناکی دەستیان لە ملی یەک نەبۆوە.

چاوڕا هەر وەک هەموو شەوانی دی ملی رێگەی گرتبوو و هەر جارەی سەری بە کون و کەلێنیکی شار دا دەکرد. مرۆڤەکان دەهاتن و دەچوون، دووچەرخە و ماشین و ویژە ویژی ماتۆڕ و ئاخری شەویش دەنگی گسکی کرێکارێکی شارەوانی هێدی هێدی رۆحی ماندووی دەلاواندەوە. نە زەمان لە خۆی گرتبوو و نە سەردەمێکیش وەخۆی دەگرت. دەستی لە گیرفانی خستبوو و بیر هاوڕییەکی کەوتبۆوە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لەو شەقامانە ماشینێک وەبەری دا و مێشکی بە وینەی چڵم لە سەر ئیسفاڵتەکە هەڵمی لێ هەڵدەستا. چڵم و خوێن تێکەڵ ببوون، جوان لە بیری بوو لە پاش نیو کاتژمێر دە تمەنی و بیست تمەنی و سەد تمەنی چڵم و خوێنەی داپۆشیبوو، هەر کەسێک دەهات وردە پووڵێکی فڕێ دەدایە سەر چڵم و خوینە و لە بن خۆوە دوعایەکی دەخوێند. رۆژێکی سارد بوو، هاوڕێکەیان برد و ئەو ماوە و چڵم و خوێن و ئیسفاڵتێکی نیوەمردوو. لە پاش ئەوەی خەڵک و وردە پووڵ و چڵم و خوێن لە سەر ئیسفاڵتی شەقامەکە خاوێن کرایەوە خەمێکی قورس نیشتە سەر دڵی و بڕیاری دا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بچێتە شارێکی تر. بەڵام بۆی نەگونجا و دیمەنی مەرگی هاوڕێکەی کاریگەرییەکی جیاوازی لە سەر دانابوو. لەو رۆژەوە تا ماوەیەک چاوڕا چڵم و پیسایی ناو لووتی خاوین نەدەکردەوە. بیر ئەو رووداوە دەکەوتەوە و سەر دڵی دەکەوتە ژان. هەموو ناو لووتی کرمۆڵەی بەستبوو. وەهای لێ هاتبوو نەیدەتوانی هەناسەی پێ هەڵکێشێ. هیچیشی بۆن نەدەکرد. هەر کەس دەیدی بێزی لێ دەکرد. بنەماڵەکەی زۆر جار دەنگیان دەدا. بەڵام ئەو لە سەر قسەی خۆی سوور بوو، لووتی خاوێن نەدەکردەوە.

 لە پاش مانگێک ئێوارەی رۆژێکی سارد لە یەکێک لە شەقامەکانی شار چاورا دەپشمێ و هەموو پیسایی ناو لووتی وێکڕا دێتە دەرەوە و هەتا سەر ئیسفاڵتی شەقامەکە راوەناستێ…دیسان چڵم و خوێن…چڵمی مانگێک وێڕای خوێنێکی خەست، زۆر جوان تێکەڵ ببوون…دەتکوت ژێلەی ناو ویترینی شیرنی‌خانەیەکە کە بە مرەبای ئاڵووباڵوو ڕازاندبوویانەوە، هەڵمی لێ هەڵدەستا و وەکوو دیمەنێکی ئاشنا بینایی چاوڕای بۆ جارێکی تر ئاوەدان کردەوە بە چڵم و خوێن و ئیسفاڵتێکی نیوەمردوو، بەو جیاوازییەی کەس نەبوو وردە پووڵ فڕێ داتە سەری و لە بن خۆوە دوعایەکی رێهاڵێنێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت