ئارەش حوسێن پەناهی بۆ بەندیخانەی”قوروە” ڕاگواسترا

0
634

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، “ئاڕەش حوسێن پەناهی”، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵک ناوچەی “قوڕوچای” سەر بە شاری دێوڵان کە حەوتووی ڕابردوو بۆ جاری دووهەم لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێوڵانەوە دەستبەسەر کرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگواستراوە.

ئەو چالاکە مەدەنیە کوردە، حەوتووی ڕابردوو بۆ جاری دووهەم لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێوڵان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترابوو و تا ئەمڕۆ هیچ هەواڵێک لەمەڕ شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نەبوو.

ئارەش حوسێن پەناهی پێشتریش، ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی و لە کاتی گەڕانەوەی لە تاران بۆ قوڕوچای لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەر کرابوو و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

تا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کران و تاوانە ئەگەرییەکانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە ناڕوونە و نەدراوەتە دادگا.

هەروەک پێشتریش لە هەواڵەکانی ناوەندی ڕۆژ هاتبوو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێوڵان گوشارێکی زۆر و بەربەرینیان خستۆتە سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت