بۆ ماوەیەکی نادیار سەرجەم کۆنسێرتەکان لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی هەڵوەشێندرانەوە

0
641

ڕۆژی کورد: دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی لە لێدوان بۆ هەواڵدەری و ڕاگەیێنەکانی ناوخۆی ئێران باسی لە ڕاگیران و هەڵوەشانەوەی هەر چەشنە کۆنسێرتێک لەو پارێزگایەد کرد و گوتی بۆ ماوەیەکی نادیار هەر جۆرە کۆنسێرتێک لەو پارێزگایە هەڵوەشێندراوەتەوە و ئیزنی پێ نادرێ.

غولامعەلی سادقی ئاماژەی بە هەڵوەشانەوەی کۆنسێرتی یەکێک لە سترانبێژەکان لە شاری سەبزەواردا و گوتی: “کێشەگەلێک لە ناوئاخن و شێوەی بەڕێوەبردن و هەروەها لە خودی ئامادەبوواندا هەبوو کە پێشتریش نموونەی بیندراوە کە ئەوە وایکرد لەلایەن خەڵک و مەلاکان و حەوزەی علمیە و کەسانی جیاواز، سکاڵا بکرێت و داوا بکەن کە پێش بە کۆنسێرتی ئەوتۆ لە پێتەختی مەعنەویی ئێران بگیردرێت و ئیزنیان پێنەدرێت”.

ناوبراو هەروەها گوتیشی: “بەدواداچوونمان بۆ ئەو سکاڵایانە کردووە، قسەکان لە جێگای خۆیدایە و بەداخەوە تا ئێستا ڕووداوی ئەخلاقیی دڵتەزێن لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکاندا ڕووی داوە”.

دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی گوتیشی: “هەر بۆیە بڕیارمان داوە تا پێش بەو خەسارە کۆمەڵایەتییانە بگرین و بۆ ئەم مەبەستەش جارێ هیچ کۆنسێرتێک بەڕێوە ناچێت و تا کاتێک کە مژارەکە لە شۆڕای فەرهەنگیی گشتیی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی نەخرێتە بەر باس و چوارچێوەیەک بۆ بەڕێوەچوونی کۆنسێرت دەست نیشان نەکرێت ئەوا مۆڵەت بە بەڕێوەبردنی هیچ کۆنسێرتێک نادرێت”.

ڕەسووڵ سوڵتانی، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی کورد لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی “کۆنسێرتە هونەرییەکان لە بن سێبەری دیکتاتۆردا” کە لە ماڵپەڕی ڕۆژی کورد بڵاو بۆتەوە بە وردی باسی لەو مژارە کردووە و لە بەشێکدا ئەوتۆ شیکاری بۆ کردووە: “دیكتاتۆرەكان بە پێچەوانەی ئەوەی دەریدەخەن كە لە هیچ شتێ ناترسن بەڵكو لەسەر ئەو باوەڕەن نەك هەر گیانلەبەرەكان بگرە چەرخی گەردوونیش بە ویستی ئەوان هەڵدەسووڕێ، لە ناخی خۆیاندا كەسێكی ترسنۆكن.  دیكتاتۆرەكان لە ڕەوتی بەدەسەڵاتگەیشتن و حوكمڕانیی خۆیاندا وردە وردە دێنە سەر ئەو باوەڕە كە ئەوان تاكێكی جیاواز لە خەڵكن و بژاردەی سروشت و هەڵبژاردەی هێزێكی بانسرووشتین و لە ڕووی ئاستی ئەقڵ و تێگەیشتنەوە خۆیان لە هەموو كەسێك پێ ژیرترە و لەو سۆنگەیەوە دەخوازن هەمووان ملكەچیان بن بەڵام ئەوان وەڵامدەری هیچ یاسا و ڕێسایەك نەبن، چونكە هەموو شتەكان لە پلەی خوارەوەی خۆیان دەبینن. بەڵام هەر ئەو دیكتاتۆرانە ترسێكی سامناك لە دڵیاندا هێلانەی كردووە. ترس لە هۆشیاریی خەڵك، ترس لە پرسیار و ترس لە ویستی ئاڵوگۆڕ. هەر بۆیە بە هەموو تواناوە بەرەنگاری ئەو دەستە و تاكانە دەبنەوە كە بیر دەكەنەوە و پرسیار دەكەن و پرسیار دەخەنە مێشكی خەڵكەوە و ئەو مێشكانە دەورووژێنن كە دیكتاتۆر حەز دەكا هەمیشە سڕ و كەسیرە بن.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.