ئەخلاق چییە؟-بەشی یەکەم

0
301

نووسەر : لوئیس پ پۆیمەن
وەرگێر لە سۆئێدییەوە : حامید مائیلی
*لە هەموو دونیا ودە تەواوی ژیاندا ،شتێک گرینگتر لەو خاڵە نییە، کە بزانین چ شتێک درووستە . بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئەو بابەتەی کە لە پێشمانە و پێویستی بەسرنجی ئێمەیە ،بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوپرسیارە کە وڵامی لێمان دەوێ یان گرفتەکە چارە سەر بکرێ .هێندێک چوارچێوە هەن کە دە پەیوەندی دەگەل ڕووداوەکەدا بەسەریاندا دەکەوین و دەبێ لە بەرچاویان بگرین .هەرچۆنێک بێ هەڵوێستیک هەیە کە دەبێ بەڕێوەبچێ یان شتێکە کە دەبێ کاتی خۆی لێی بکۆڵدرێتەوە.هەلێكی گونجاو هەیە کە دەبێ شوێنی هەڵبگیرێ و بدۆزرێتەوە ،هەر وەها ئەگەرگەلی دیکەش هەن کە هەڵەن و دەبێ خۆیانی لێ بپارێزرێ .ئێمە باسی شتێکی بچووک ناکەین ، باسی ئەوە دەکەین کە “دەبێ چلۆن بژین “.
ئەخلاق چییە ؟
چەند ساڵ بەر لە ئێستا وڵات بە بیستنی خەبەریک لە نیویۆرک دەهەژێ .ژنێكی جەوان بە نێوی *کیتی گێنۆوس* بە شێوەیەکی بێ بەزەیانە ،درەنگایەکی شەوێ دە سێ نۆرەی جێوازدا کە سی وهەشت شارۆمەندی بە ڕێز و گوێڕایەلی قانوون یش دە جیرانەتیدا دیویانە یان بیستوویانە ،دەدرێتە بەر چەقۆ. بۆ ماوەی سی وپێنج خولەک،ئەو کابرایە لەو ژنە دەدا و وەربەرچەقۆیانی دا و بە جێی دێڵێ و سەرلە نوێ دێتەوە سەری تا دەئاکامدا ژنەکە دەمرێ . هیچ کەس دەوماوەیەدا دەست نابا بۆ تلەفۆن کە پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار بکاتەوە .هیچ کەس دەنگی ئەو جینایەتکارە نادا ، ژنێکی بە ساڵادا داچوو کە دەئاکامدا پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە و دوای تەنیا دوو خولەک پۆلیس گەییشتە شوێنی قەتڵەکە .بەڵام *گێنۆس* ئیدی مردبوو .
تەنیا یەک ژن هاتە دەرێ وەک شاهید، ئەویش کاتژمێرێک بەر لەوەیکە ئامبۆڵانس بگاتە جێ.بەدوای ئەودا هەموو دەرو جیران لە خانووەکانی خۆیان ڕژانە دەرێ. کاتیک لێمان پرسین ،بۆچی هێچ کاردانەوەیەکیان لەخۆ نەنواند ،تەنیا وڵامێک کە دەمانبیست ،”نازانم” ،”ماندوو بووم ” لە جیاتی ئەو وڵامە ڕاستییە کە “ئێمە ترسابووین ” .
ئەوتۆ ڕووداوێکی دڵتەزێن، زۆر پرسیاری ئەخلاقی لە مەر بەرپرسیارەتی خەڵک لە ڕاست یەکتر هەڵدەخڕێنێ .
ئەو شارۆمەندە بە حورمەتانە چیان کردووە؟ ئەرێ ئەوتۆ هەڵسوکەوتێکی ئەخلاقی جێی لۆمە وسەرکۆنە نییە؟ ئەرێ کوشتنی “گێنۆس” ڕووداویکی هاسایییە یان کارەساتێكی جێی نیگەرانی ؟ ئەو بەسەرهاتە پرسیاری زۆر گرینگ لە سیمایەکی گشتی لە مەڕ ئەخلاق دەوروژێنێ . ئەوە چ جۆرە ئەخلاقێکە ،وچ پێویستیەکمان پێیەتی ؟ چییە کە باشە و چلۆن بزانین ؟ بە پەرۆشی ئەخلاقەوە بوون، دە بەرژەوەندیمان دایە ؟ پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دین چییە ؟ پەیوەندی نێوان ئەخلاق و قانوون چییە ؟ پەیوەندی نێوان ئەخلاق و نەریت چییە ؟ ئەوانە پرسیارگەلێکن کە ئێمە دەو کتێبەدا دەیانهێنینە بەر باس و توێژینەوە . ئێمە دەمانەوێ لە بنەما و قەرەچێوەی ئەخلاق بگەین . ئێمە دەمانەوێ بزانین چلۆن دەبێ بژین .
ئەخلاق وبوارەکانی
ئەخلاق لقێکە لە فەلسەفە کە پێمان دەڵێ چلۆن باشە بژین ، بە ئەوتۆ نییەتێکی باشەوەیە کە دەزانین چ “درووست”ە و چ “هەڵە” یە .بەڵام فەلسەفە چییە ؟
کۆمەڵێک شتن کە لە دونیای ترس و دڵکورکە و ڕاز و رەمزێکەوە دەست پێدەکەن ،کە توێژینەوەیەکی عەقڵانی لە مەر ئەو ڕاز و ڕەمزە وەستۆ دەگرێ، کە عەقڵ و حەقیقەت خوازیارین و ژیانێکی پڕ لە بەرپرسیارەتی ئەخلاقی وچربوونەوەی فکرێکی توێژەرەوانەی لێدەکەویتەوە .با گوێمان لە پەندی حەکیمانەی ئەرەستوو بێ کە دەڵێ : “ژینی هەڵنەسەنگێندراو،شیاو نییە کە بە ژیان دابنرێ” فەلسەفە هیچ ڕەوتێکی ژیان بە بێ لێکۆڵینەوە ناهێڵێتەوە .ئاماژەی ڕاشکاو و ڕەخنەگرانە بە سەرجەم واقیعییەتەکاندا دەکا. ئەوەی وەک پێناسەی فەلسەفە بێ هەر ئەو پاساوە واقیعگرایانەیەتی . فەیلەسوفان ،چەمکەکان دیاری دەکەن ، لێیدەکۆڵنەوە و تاقیکاری لە سەر پاساوەکان و گریمانەکان دەکەن ،بەڵام ئەرکی سەرەکی ئەوان توێژینەوە و سازکردنی چوارچێوەیەکە، بۆ ئەو پاساو و بەڵگانە.پاساو هێنانەوەی فەلسەفی هەم دە دەستەبەر کردنی گریمانە وهەم دە دۆزینەوەی بەلگە بۆیان، لە سەر بنەمای دەلیلگەلێکی زانستیانەن کە بە مەبەستی زیاترنیزیک بوونەوە لە حەقیقەت، گریمانانەکان تاقی دەکەنەوە.
بەڵام تاقیکارییە زانستییەکان لە لابراتۆرەکانە”تاقیگاکان” بەرێوە دەچن ، ئەو شێوە تاقیکارییانەن کەنەخشی سەرەکی دە سەلماندنی ئاکامی بە چاو دیتن و بە ئەزموونکردنی ئەو تاقیکارییانە دەگێڕن ودە زەیندا ڕوو دەدەن ،لە جێگایەک کە خەیاڵی ئەو تاقیکارییانە دێن و دەچن .دە ژووری لێکۆڵینەوەکاندا ڕوودەدەن، لە جێگایەک تویژنەوەکان بەرێوە دەچن . دە قسە کردندا ،دە وتووێژەکاندا کە پرسیاری هەتاهەتایی هێشتا هەر بەردەوامە ،لە جێگایەک بۆچوونە دژبەرەکان و گریمانە جێاوازەکان خۆ دەنوێنن ، لێکۆڵینەوە لە مەڕ ئەخلاق دە فەلسەفەدا بەشی تایبەت و هەرێمی تایبەت بە خۆی هەیە، کە وەک پرسیارێکی ئالۆز سەیری دەکرێ . بەر لە هەموو شت هەلومەرجی تایبەت لە مەر دوو وشەی ویژدان و ئەخلاق دەبێ باس بکرێ . ئەغڵەب ئەو جووتە لە جیاتی یەکتر کەلکیان لێوەردەگیرێ ولەوکتێبەشدا هەر وایە .هەرتک وشە دە ناوەرۆکی خۆیاندا لە بیر وباوەڕی “خۆگونجان ” سەر چاوە دەگرن کە کردەوەیەکی سروشتی و هاساییە . بە تایبەت “ویژدان” کە لە وشەی لاتینی داب ونەریت و “ئەخلاق | لە “ئێتۆس” ی یونانی یەوە سەرچاوە دەگرن .
گرینگترین هەرێمی لێکۆڵینەوە لە مەڕ ئەخلاق بریتین لە : (١)ئەخلاقی تاریف کراو (٢) فەلسەفەی ئەخلاق “تێئۆری ئەخلاق “(٣) ئەخلاقی گونجێندراو . سەرەتا “ویژدانی تاریف کراو” کە بە ڕاستی ،قەناعەت ،عادەت ،پرەنسیپ ، کردەوە و فەرهەنگی ئینسانەکان دەگرێتەوە .کۆمەڵناسان سرنجی تایبەتی دەدەنە ئەو عادەت و عورفە وێژدانییانەی ناسراوی تاقم و توێژی کۆمەڵگا لە سەرتاسەری دونیا ، و وەک واقیعییەتییەکی فەرهەنگی سەیریان دەکەن ،تەقریبەن وەک واقیعییەتێک لە مەر ئینسانەکان کە لەو ولاتانە چ دەخۆن ،یان چ جل وبەرگێک دەبەر دەکەن . بەشی دووهەم :”فەلسەفەی ئەخلاق “کە تەنانەت تێئۆری ئەخلاق یشی پێ دەگوترێ ،کە ئاماژە بە حەولێکی سیستیماتیک بۆ تێگەییشتن لە تێگە و مەبەستی پرەنسیپەکانی ئەخلاقی و تێئۆرییەکەی دەکا. ئەوەش بە مەبەستی شیکردنەوەی ئەوەیە کە چ “درووست” و چ “نادرووست ” وچ ” ئیزن پێدراو” ن . لە سەرچاوەگەلێکی وەک خودا ،عەقڵی مرۆڤ ،یان ئارەزووی سەرکەوتوویی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەر ئەخلاق کەلک وەردەگرن .مەبەستیش لەوەیە کە بە هێندیک پرەنسیپ بۆ دەستەبەر کردنی حەق ئاماژەیان پێبکرێ .ئەوکردەوانەی کە دەتوانن وەک یارمەتیدەر،دەهانای ڕەفتاری تاقم ودەستەگەلێک بێ .سێهەمی :ئەخلاقی گونجێندراو-ە کە ئەرکی بەرێوە بردنی هێندیک گرفتی ئەخلاقی وەک “لەبەر بردنی منداڵ ،پەیوەندی کچ و کوڕ بەر لە ئیزدیواج ، سەزای مەرگ ،یارمەتی دانی نەخۆشان بۆ مردن، نافەرمانی مەدەنی “.
بەرینترین لێکۆڵینەوەلە مەر ئەخلاق، لە سەر ئەو سێ بەشە جێوازانەیە . کە بواری زۆر گرینی وەک بۆ نموونە “فەلسەفەی ئەخلاقی” کە زۆر زۆر ئاوێتەی ئەخلاقی گونجیندراوە: تێئۆری بێ ئیرادە، نەزۆکە وبێ بایەخە ، بەڵام ئیرادەی بێ ڕوانگەیەکی تیئۆرییش کوێرە. دمەتەقەیەکی بەر بەرین لەسەر، لەبەربردنی منداڵان دێتە گۆڕێ ،بۆ نموونە :کاتێک ئەو باسە بە گوێرەی تێئۆری ئەخلاقی وکاتێک بە بێ ئەوتێئۆرییە بێتە گۆڕێ . ئاکامی ئەو باسە ڕوونترە، بەڵام گەرمتر نییە .بە سەرەتای دونیای کۆفەرهەنگی ئەورۆ و بەو جێاوازییە قووڵەوە لە تێڕوانینی جیهانییەوە ،وادیارە دەبێ لێمان ڕوون بێ ،کە پێوسیتیمان بە کەلکوەرگرتن لە تووند تیژی بۆ چارەسەر کردنی خواستەکانی خۆمان دەبێ .ئاشنا بوون بە ئەخلاق لە پێداویستییەکانی هەلومەرجی مرۆڤایەتییە بۆ درێژە بە ژیان و سەرکەوتن و گەشە کردن. ئەگەر ئێمە وەک ئینسانگەلی ئازاد ،شارەستانی بژین دەبێ خاوەن تەحەممول بین .دەبێ ئەخلاق زۆرتر لە لەوەیکە لە بەرمانە بە جیددی بگرین .تێئۆری ئەخلاق دەتوانێ ئێمە لە دەمارگرژی و ئێحساساتی بوون ،کاتێک بە سەر یەکتردا دەنەڕێنین لە جێگای دیالۆگ ،ڕزگار بکا .تێۆری ئەخلاق ،گونجێنەری تێگە ،چوارچێوە و هەلسەنگاندنی مەبەستەکانە و ڕێنمایییەکە، بۆ ئێمە کە چلۆن دەبێ بژین .زۆر گرینگە کە خویندەواران باسی هەلومەرجی ئەخلاقی ولایەنە ئەرێنییەکانی ورد بینانە بێنە گۆڕێ .تویژینەوەی ئەخلاق نەتەنیا بایەخێکی کەرەسیانەیە، بەڵکوو لە جێی خۆیدا خاوەن بایەخێکی بەرزیشە .هەر سەبارەت بە خۆشمان بووە، گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە کە ئینسان زانیاری لە مەر شتێک بێ کە بە کەلکە .ئێمە بوونەوەرگەلێکی خاوەن عەقڵین کە ناتوانین یامەتیدەر بین ،بەڵام دەمانەوێ لە هونەری ژیانی باش و هەر چی دەپەیوەندی ئەو دایە، تێبگەین .تویژینەوە لە مەر ئەخلاق جاری وایە هێندیک بە ئازارە .لەبەروەیکە زۆر تێئۆری هەن کە ئەغڵەب لە هەمبەر یەکتر، کە ئاکامێکی سەر شێوێنەر و هەڵخڵەتێنەری لێدەکەویتەوە .بەڵام سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانە دە ئەخلاق دا،بایەخی دەوەدا ،کە بەستێنی کاردانەوەیەکی سروشتی ئێمەی لە ڕاست ئەو دژاوارییانە لەدوو بێ.
ئەخلاق لە پێگەی پێکگرتن دەگەڵ ڕفتاری هاسایی دیکە
پرەنسیپەکانی ئەخلاقی ،کە وەک نەریت بەڕێوە دەچن، بەشی هەرە گەورەیان بە مانای ئەوەیکە هەن یان دەبێ ببن، نین . چلۆن ژیانی خۆم دەبێ ڕابوێرم ؟ چ درووستە کە من دەو هەلومەرجەدا بەرێوەی بەرم ؟ ئەرێ سێکسی بەر لە ئیزدیواج ئیزن پێدراوە ؟ئەرێ ژنێک مافی لەبەربردنی منداڵی خۆی هەیە؟ ئەخلاق لایەنێکی ڕێنەمایانەی بە کردەوە یان لایەنێکی هاسایی هەیە ،کە دەگەڵ لایەنەکانی دیکەی وەک دین ،قانوون ، و نەریت و عادەت، تێکەڵاوییان هەیە . ئیزن بدەن با ئێمە فەرقی نێوان ئەخلاق دەگەڵ هەر کام لەوانە دیاری بکەین .
دین
سەرەتا بیر لە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دین بکەینەوە. ڕەفتاری ئەخلاقی کە دە هێندیك دین دا تاریف دەکرێ ،ئەغڵەب وێدەچی کە دەگەڵ داب ونەریتی مەزهەبی دەچارێ .بەڵام هیچکام لە نەریت و ئەخلاق نابێ بەگوێرەی دین تاریف بکرێن . بە بۆنەی باوەڕی دینییەوە, ئەخلاق نابێ بێتە گۆڕێ و پرەنسیپەکانی ئەخلاقی پێویست نییە کە بە گوێرەی دینی دەستەڵاتداران و داب و نەریتی مەزهەبی کە هەمیشە لە گۆڕێن ،تاریف بکرێ .گرینگترین تایبەتمەندی ئەخلاق بنەمای عەقڵ و ئەزموونی ئینسانییە .ئەگەر شێوەیەکی هەندەسی بۆ تاریفی ئەخلاق دەکار بکەین ،ئەخلاقی سێکولار پانتایییە وبێ بەرییە لە عەموود یان لایەنێکی بەرزایی ،بەڵام “لەترۆپک”ی ئەخلاقی مەزهەبی ،کە بە گشتی ڕیشەی پێناسەی خۆی لە وەحی یان دەستەڵاتی ئیلاهی، کە لایەنی عەموودی ئەخلاقی مەزهەبییە دا،دەبینێتەوە، کە بە مەبەستی پڕکردنەوە یان تەکمیلی وەحی کەلکی لێوەردەگیرێ.ئەو جووتە هێڵە جێاوازە ئەغڵەب دەبنە هۆی وەدیهاتنی پرەنسیپی ئەخلاقی جێواز و ستاندارد بۆ پێکگرتن ،بەڵام هیچ پێویستی بەوکارە نییە . هێندێک لە باسەکانی لە مەڕ ئەخلاقی مەزهەبی ،کە وەحی غەیبی دەو قانوونەی ئەخلاقی سروشت یان ویژدان داجێ دەکەنەوە ،لەسەر ئەو باوەڕەن کە بە بێ وەحی یش دەکرێ چاک و خەراپ لێک بکرێنەوە .
قانوون
سرنج بدە بە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و قانوون .ئەو جووتە خزمایەتییەکی تەواویان بە یەکەوە هەیە ،وهێندێ کەس تەنانەت ئەو جووتە مێتۆدە بە چاوێک دەڕوانن . زۆر قانوون دەستەبەر کراون بە مەبەستی چاکسازی دە کۆمەلگادا ،بۆ چارە سەری کێشەکان و بەرەو پێشەوەبردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ،دەقیقەن هەر ئەوەیکە ئەخلاق دەیکا ،هەر وەها ئەخلاقیشەکە دەتوانی قەزاوەت بکا کام قانوون ویژدانییە بێوەیکە نکۆڵی لە دەستەڵاتی قانوونەکەی کردبێ .
بۆ نموونە :قانوون ئیزن دەدا بە کۆیلە ڕاگرتن ،لێدانی خێزان ،هەڵاواردەیی ڕەگەزی ،یان سووکایەتی سێکسی .بەڵام ئەوانە هەمووی ڕەوتێکی غەیرە ئەخلاقین . کاتولیکێک یان وتەبێژێکی دژبە لەبەربردنی منداڵ ، دەتوانێ لە سەر ئەو باوەڕە بێ کە هەر قانوونێک ئیزن بە لەبەر بردنی مندال دەدا ،قانوونێکی غەیرە ئەخلاقییە .
دە زنجیرە بەرنامەیەک لە PBS تێ وێ لە مەڕ ئەخلاق لە ئەمریکا ،دە دادگایەکدا لە پارێزەرێکیان پرسی، ئەگەر ئەو کەسەی کە تۆ دیفاعی لێدەکەین چەند ساڵ بەر لە ئێستا تووشی قەتڵێک بووبێ بەڵام دوایی یەکی دیکەیان لە جیاتی تاوانبار کردبێ ،کاردانەوەی تۆ چ دەبێ ؟ وڵامی دایەوە من تەعەهوودێکی قانوونیم هەیە کە زانیاری لەمەڕ ئەو کەسەی دیفاعی لێ دەکەم، بپارێزم و ئەگەر من ئەوە ئاشکرا بکەم ب گوێرەی قانوون ئیزنی پارێزەریم لێ دەستێننەوە و لە کارەکەم بێ بەری دەکرێم . ئەوە جێی باسە کە ئەو تەعەهوودێکی ئەخلاقی هەیە بۆ پاراستنی تەعەهوودێکی قانوونی ، کە لە سەری کردۆتە ئەرک کە ئینسانی بێ تاوان لە ژێر پەتی سیدارە ڕزگار بکا .جگە لەوەش ،هێندێک دەستەواژەی ئەخلاقی هەن کە قانوون دەیانپارێزێ . بۆ نموونە: تەنانەت ئەگەر لەلایەن بیر وڕای گشتییشەوە وەربگیرێ کە درۆ بکرێ دیسان هەر غەیرە ئەخلاقییە ،هیچ قانوونێكی گشتی لە مەر ئەوە نییە .جگە لەوە بە هەڵکەوت شاهیدی دان بە درۆ یان گرفتێکی ماڵیاتی.جاری وایە ڕۆژنامەی کالج لە لایەن ئەوانەوە کە شت دەنێرنە جێگایان ،ڕێکلام بڵاو دەکاتەوە کە پێشنیار بە دانی یارمەتی بۆ لێکۆڵینەوە دەکەن. سەرەڕای وەیکە پێشووش زانراوە ئەو ڕێکڵامچییانە یارمەتیدەر بوون بۆ دزینی بەرهەمە ئەدەبییەکان ،بەڵام ئەوتۆ ڕێکلامێک بە تەواوی قانوونیشە،بەڵام لێرە سەداقەتی ئەخلاقی ئەو تاقمە دەکەوێتە ژێر هێمای پرسیارەوە .
هەروەک ئەو سی وهەشت کەسە کە هێرش بۆ سەر *کیتی گێنۆس* دیتیان هیچیان نەکرد، بەڵام قانوونی نیۆیوڕکیان پێشیل نەکردبوو،بەڵام دەحاڵێکدا ئەرکی ئەخلاقییان بوو کە دەبوو کاردانەوەیان بوایە . دە نەریتی حقووقی ئێمەدا دیارە هیچکەس ئەرکی نەجاتی یەکی دیکەی دە هەلومەرجی مەترسیدا وەستۆ نییە . سالی ١٩٠٨ سەرۆکی زانکۆی حقووقی هاروارد، پێشنیار دەکا کە ئینسان ئەرکی سەر شانییەتی کە “بە هانای خەڵکێک کە دە هەلومەرجی مەترسی یان مەرگ یان بریندار بووندان بێ، تا ئەو جێگایە هیچ سەدەمەیەک بە خۆی نەگەیێنێ ” بەڵام ئەو پێشنیارە ڕەت دەکرێتەوە.چونکوو دژبەرەکەی دەڵێ: کەسێکی دەوڵەمەند کە ٢٠ دۆڵار هیچ پووڵێک نییە ، بۆبەرپرسە، منداڵێک کە لە برسان دەمرێ ڕزگار بکا، ئەویش لە وڵاتێکی بێگانەدا ؟ جارێ پێم هەر دە دوو پارێزگای وێرمۆنت و مینەسوتا قانوون “ساماریتانی خێرخواز” هەیە، کە هاندەری ڕزگارکردنی ئینسانانن، دە هەلومەرجی مەترسیدار دا، بێوەیکە گیانی خۆیان دە مەترسی باوێن یان بێوەیکە دەست وپێگربن بۆ ئەو کەسانە کە ئەرکی گرینگتریان لە ڕاست ئینسانان وەستۆیە .شتێکی دیکەی گرینگ وەک جێاوازی نێوان قانوون و ئەخلاق هەیە . ساڵی ١٣٥١ شای ئینگلساتان ئێدوارد، قانوونێکی دژ بە خەیانەت دانا کە دەیگووت تەنانەت خەیاڵی کوشتنی شاش تاوانە ، بەڵام بە داخەوە ئەو قانوون قەت بەڕێوە ناچێ ،چونکوو هیچ دادگایەک نییە کە بتوانێ سەر بە دڵی خەڵك دابگرێ و لەو نییەتە بکۆڵێتەوە . دیارە ئەو ڕاستییەکە، کە قینەکە هەیە و دەتوانێ ئاسەواری بە سەر ڕەوتی دادگاوە بێ ،بەڵام ئەوە کاتێکە کە نییەتەکە بەرێوە چووە .بەڵام سەزای خەڵک سەرەڕای بوونی نییەتی دزێویش بەر لەوەیکە تووشی تاوانێک ببێ ،غەیرە قانوونییە . ئەگەر قەرارە نییەتی دزێوە تاوان بێ ،هەمووی ئێمە نەدەبوو ئێستا لە گرتووخانە بوایەین ؟تەنانەت ئەگەر ئێمە تواناییمان بوایە کە نییەتی خەلک بزانین کەنگێ دەبێ سەزا بدرێن ؟ کاتێک کە تاوانبارەکە لە نییەتی خۆی بدوێ ؟ چلۆن بزانین کە تاوانبارەکە نێیەتی خۆی ناگۆڕێ ؟ ئەگەر چی نەلواویشە قانوونی دژ بە نییەتی دزێو دابنرێ ،بەڵام نییەتی خەراپ هەر خەراپە ،هەڵەی ئەخلاقییە . وایدابنێ من دەمانچەیەک دەکڕم بە نییەتی کوشتنی مامە چاڕڵی، تا سەروت و سامانەکەی وەک میرات بە من ببڕێ ،بەڵام من قەت ئەوم بۆ هەڵناکەوێ کە بیکوژم ،بۆ نموونە (مامە چاڕڵی بار دەکا بۆ ئوستڕاڵیا ) ئەگەر چی من تووشی هیچ تاوانێک نەبووم بەڵام تووشی هەڵەیەکی ئەخلاقی بووم .
نەریت “عادەت”
جێیەتی سرنجێکیش بدەینە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و نەریت. نەریت دەڕوانێتە فۆڕم و شێوە، نەک زاتی یان جەوهەری بوونایەتی کۆمەڵگا ، ئەوەش دەمێنێتەوە سەرئەوە کە، هەڵسوکەوتی بە ئەدەب و حورمەت کە کام هەڵسوکەت درووستە یان بە ناوەرۆکترە ،ئەوەش نوێنەرایەتی ئە وکۆمەڵگایە دەکا کە بۆمان دیاری دەکا چ دەبەر بەکەین ، سڵاو لە یەکتر بکەین ،چلۆن نان بخۆین ،چۆن بۆنەکان بەڕێوەبەرین ، مردووەکانمان چۆن بنێژین ، چلۆن سپاسی یەکتر بکەین و جوابی چاکە بدینەوە و بە گشتی معاملاتی کۆمەڵایەتییەکانمان بەرێوە بەرین .بە بێ لەبەر چاوگرتنی وەیکە خەڵک بە دەست دانەوە ،یان کڕنۆش ،یان ماچ کردنی ڕوومەتی ،یان دەئامێز گرتن سڵاو لەیەکتر بکەن ، ئەوە سیستیمی کۆمەڵایەتییە دیاری دەکا .رووسەکان ئاڵقەی ئیزدیواج دە سێهەمین قامکی دەستی ڕاستیان دەکەن ،بەڵام ئەمریکائییەکان دە دەستی چەپیان دەکەن. ئینگلیسییەکان چەنگاڵی بە دەستی چەپ و نەتەوەی دیکەش بە باشی دەزانن کە بە دەستی ڕاستی بگرن .ئینسانەکان لە هیندوستان دەنان خواردندا چەنگاڵ دەکار ناکەن و بە دەستی ڕاستیان پاروو دە زاریان دەنێن .هێندیک لە ئێمە دە چوون بۆ شوێنی موقەدەس “وەک چوونی کلیساکان ” سەریان دادەپۆشن “وەک ژنانی کاتولیک دە چوون بۆ کلیسا و پیاوان دە چوون بۆکەنیسە ” هیچ کام لەو جێاوازییانە، مەزنایەتییەکی ئەخلاقی بە سەر ئەوی دیکەدا نییە . ئەدەب، مەزنایەتی کۆمەڵگای ئێمە دەنوێنێ ،بەڵام لەکۆمەڵگایەک نادوێ کە دەبێ ببێ .دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ هاسان کردنەوەی ڕەوتی معاملات ،بەڵام نە دە ناوەرۆک و ناوهاخنی ئەو معاملاتانە .هاوکات دەتوانێ غەیرە ئەخلاقیش بێ چونکوو لەوانەیە داب ونەریتیش وەپشت گوێ بخرێ. جا دەست دانەوە کاتێ سڵاوکردن یان دەست وەک کەوانە کردن هەر وەک کە هیندییەکان دەیکەن تەواو دەمێنێتەوە سەر ڕەوتی فەرهەنگی .بەڵام کاتێک شتەکە جێکەوتن ،پێگەی قانوونێکی ئەخلاقی وەخۆ دەگرێ و د ەپانتایییەکی زیاتردا لە ڕاست ئینسانەکان حورمەت لە خۆی دەنوێنێ .
هەر وەک هیچ بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقی لە مەر دەبەر کردنی لیباس لە گۆڕێدا نابێ ،بەڵام وەک عادەت بۆ وەیکە خۆمان لە سەرما پاراستبێ و ئەدەب وشەرمیشمان ڕەچاو کردبێ ،لیباس دەبەر دەکەین .بەڵام وادیارە هەڵوێستی “نودیست”ەکان *(رووتگراکان ) کە بە کۆمەڵ و بە ڕووتی دەژیان هەڵە نەبووبێ .بەڵام ،ئەو ئینسانانە بیانهەوێ لەدەرەوەی ئەوکۆمەڵە ڕووتانە بە ڕووتی بۆ نموونە بچێتە کلاس ، دووکانان ، قەراخ جادەکان ،زۆر زەق و ناشیرین و نامۆ دەگەل پرەنسیپی ئەخلاقی دەنوێنێ . دە دواییانەدا هەرایەکی زۆرلە مەر توریستێکی ئەمریکایی کە بە بێ “مەمکدان یان کۆرسێت ” وە دەچێتە نێو ئاوەکە بۆ مەلە لە قەراخ دەریای باشووری هیندوستان ،ئەگەر چی دەبەرکردنی ئەوتۆ جلێکی مەلە هیچ بەزاندنێکی سنووری ئەخلاقی نییە ،بەڵام چونکوو ئەوئەمریکاییە چوارچێوە فەرهەنگیی ئەخلاقی هەرێمەکەی بەزاندووە و ئاگادارانە ئەو نەریتەی پێشیلکردووە ،بۆیە بە لادان لە پرەنسیپی ئەخلاقی تاوانبار دەکرێ .تەنانەت ئەمریکایەک، کە شانازی بە تەحەممول ، پلورالیزم ،وئاشنا بە فەرهەنگەکانی دیکەوە دەکا.نەریت و عادەت دەتوانێ دە نێو ئینسانگەلێ دیکەش هەر وەک خۆیان ،بەستێنێک بێ بۆ تێکهەڵنگووتن و ڕووبەڕوو بوونەوە .وەزیرێکی ئەوقاف بیروەرییەکی لە سەرەتای ژیان هاوبەشی دەگەل خیزانەکەی دەگیڕێتەوە . ئەو وخێزانەکەی هەووەڵین خانەخوێ، بۆنەیەکی شوکرانەبژێری دەبن ،ئەو دەیەویست بۆنەیەکی ئەعیانی کەمتر دەگەل خزم و کەسەکانی خۆی بگرێ، بەڵام خیزانەکەی بە پێچەوانەوە، ویستوویە بۆنەیەکی زۆر ئەعیانی بەرێوە ببا . ئەو دەنووسێ. لە ئاشپەزخانە، وردکردنی کەل وپەلی چێشت لێنان بە من ئەسپاردرابوو ،شتێک کە قەتم نەکردبوو، بەلام خۆم بۆ ئامادە کردبوو ،بەر‌ەڵبێنەیەکم لە خۆ دا وچوومە ژووری ئاشپەزخانەکە و بە هەموو هێز و هونەرێکە کە دە خۆمدا شکم دەبرد، چوومە زگ گوشتی قەلەموونەکە و شەق و پەقم کرد. پێتانوایە چم وەک خەڵات وەرگرت ؟ خێزانم بە دەم گریانەوە لەوانە بوو ببوورێتەوە ،دە بنەماڵەی ئەواندا قەلەموونە هەووەڵ لە سەر مێزەکە لە بەر دەمی بابی ماڵێ دادەنرێ و ئەو دوعای بە سەردا دەخوێنێ ودوایە لەت و کوتی دەکەن ،من ئەو نەریتە باوک سالارییەی ئەوانم پێشێلکربوو کە دوایەش من نەڕراندم “چت لەمن دەوێ” ؟
قانوون ، نەریت ، دین هەر هەمووی دیاردەگەلێکی گرینگن ،بەلام هەر هەمووشیان بەرتەسکی و سنووری خۆیان هەیە ،بەرتەسکی دەستووری مەزهەبی دە ئوتوریتەی پێشەوای دینیدا خۆی دەنوێنێن و ئێمە هیچ ئەمنییەتێک یان گەرێبەستێک بۆ سەلماندنی بەرپرسیارەتیمان دە دەستدا نییە، یان ئەوبەرپرسە چلۆن لەمەڕ ڕووداوی نەناسراو، یان نوێی نە بیستراو ونەدیتراو دەتوانی بیر وڕای خۆی دەرببرێ .چونکوو دین لە سەر بنەمایەکی عەقڵی نییە بەڵکوو بنەمای دین لە سەر وەحی یە .ئەتۆ ناتوانێ بە هیچ بەڵگەیەک ،یەکی دیکە بێنێیە سەر دینی خۆت و باوەرێ پێبێنی کە دینی تۆ بەرحەقە .بەرتەسکایەتی قانوونیش دەوەدایە، کە ئەتۆ ناتوانی بە قانوونێک هەموو گرفتەکانی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەی .وناشتوانێ ئیدیعا بکەی ئەو چوارچێوەیەی کە تۆ داتناوە درووستە .بەرتەسکایەتی نەریتیش دەوەدا خۆی دەنوێنێ، کە ناتوانێ بە دڵ بەوە گەییشتبێتێ کە چ زۆر گرینگە بۆ خۆت وەک شەخس یان بۆ بوونایەتی کۆمەڵگا .هەر چۆنێک بێ کەسێک بە قامکی کە نان دەخوا دە مانادا هیچ لە گرینگی سەداقەت ، مەتمانە لە ئەو کەم ناکاتەوە ، نەریت تەنیا فەرهەنگێکی دیتراوەیە ،بەڵام ئەخلاق لە شتێکی کەشفکراو زیاترە .
بە کورتی ئەخلاق لە قانوون و نەریت جوێیە ئەگەر بە قووڵی بچینە ناخی کۆمەڵگا،و لە دین جوێیە، چونکوو بە دووی بەڵگە و منتیقەوەیە نەک پێشەوای مەزهەبی تا بتوانی بە بەلگە پرەنسیپی خۆی بسەلمێنێ . ئامانجی سەرەکی لە فەلسەفەی ئەخلاق ،دەستەبەر کردنی بنەمایەکە، بۆسەقامگیر کردنی پرەنسیپەکان لەمەر هەڵسەنگاندن و دابینکردنی هەلسوکەوتێک دەپەیوەندی نیوان ئینسانەکاندا بۆ سازکردنی کەسایەتیی ئەرێنی .ئەوەش گرینگترین هەڵسوکەوتێکە کە تا ئێستا ئێمە پێیدەزانین ،چونکوو باسی ئەوەیە کە ئێمە چۆن دەبێ بژین .

درێژەی هەیە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت