دەستبەسەر کردنی کیژانی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەردەوامە

0
591

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێڕی بانە، ترووسکە وەیسی، هاووڵاتییەکی کوردی بانەیی لە لایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتی بانەوە بانگهێشت کراوە و ڕووبەڕووی هەڕەشە و لێپرسینەوە بۆتەوە.

کەسێک لە نزیکانی بنەماڵەی وەیسی لەمبارەوە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ترووسکە وەیسی، تەمەن ٢٧ ساڵان، کچی ئەحمەد، بەپێی بەرگەی بانگکران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی شەممە 23ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە باژێڕی بانەی کردووە”.

ئەو سەرچاوەیەی ڕۆژی کورد هەروەها گوتیشی: “ترووسکە ماوەی ٢٥ کاتژمێری ڕێک لە ژێر لێکۆڵینەوە، لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوشار و تۆقاندن دابووە”.

ئەو سەرچاوەیە لەمەڕ هۆکاری بانگکرانی ئەو کچە کوردە گوتی: “ترووسکە بە تاوانی هەبوونی پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم بانگی ئیتلاعات کراوە”.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی و دوای ٢٥ کاتژمێری بەردەوام لێپرسینەوە و تۆقاندن و هەڕەشە، ترووسکە بە واژۆکردنی بەڵێننامەی دووپات نەبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، ئازاد کراوە.

هەروەها هەڕەشەشی لێکراوە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پەیوەندی و چالاکی، ڕووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.