٧٠ ساڵ خەبات لە پێناوی دێموكراسی و مافی نەتەوایەتی … به‌شی یه‌كه‌م

0
156

به‌شی ١

nasir salihi asil1

ناسر ساڵحی ئه‌سڵ
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، یەكێكە لە گرنگترین حیزبەكانی كوردستان و ئێران و ناوچە، كە لە نێو ڕوداوە سیاسییە گرنگ و چارەنووسسازەكانی مێژووی هاوچەرخی كوردستان و ئێراندا، ڕۆڵی دیاری هەبوە و وە ك جیزبێكی جەماوەری، مۆدێڕن و پێشەنگی بزاڤی میللی – دێموكراتیك لە ئێران و كوردستان دەركەوتووە. هەر بۆیە هەڵوێست و سیاسەتەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان سەبارەت بە كێشە سیاسی و نەتەوایەتییەكانی نێو كۆمەڵگای ئێران و كوردستان بایەخی تایبەت و گرنگی خۆی هەیە. پاش دوور خستنەوەی ڕەزاشا لە لایەن وڵاتانی ڕێككەوتوو”متفقین” و هەڵوەشانەوەی ئەڕتەش و دابەشبوونی وڵاتی ئێران لە لایەن زلهێزەكانی سەركەتووی شەڕی جیهانی دووهەم، لە خەرمانانی ساڵی 1320ی هەتاویدا، ڕووناكبیران و چالاكانی سیاسیی كورد لە ناوچەی موكریان لە بۆشایی ئەڕتەش و دامودەزگاكانی حكوومەتی ناوەندی كەڵكیان وەرگرت بۆ دامەزراندنی ڕێكخراوێكی سیاسیی و نەتەوایەتی بە ناوی “كۆمەڵەی ژیكاف”.”كۆمەڵەی ژیكاف” لە سەر بنەمای شوناسخوازی و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای دیاریكردنی چارەنووسی نەتەوەیی كورد دامەزرا. ئەندامانی”ژیكاف” بۆ خۆ گونجاندن لە گەڵ دۆخی پاش كۆتایی شەڕی دووهەمی جێهانی و خەباتی ئاشكرا، بڕیاریاندا كە حیزبیكی مودێرن دامەزرینن. هەر بۆیە لە 25ی گەلاویژی1324ی هەتاویدا “حیزبی دێموكراتی كوردستان”یان لە سەر بناغەی تەشكیلاتی كۆمەڵەی ژیكاف لە شاری مەهاباد دامەزراند و لە 2ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە بەشداریی ئەندامانی كۆمەڵەی ژیكاف و دەیان كەسایەتیی ناسراوەی كوردستان، یەكەمین كونگرەی حیزبی دێموكراتی كوردستان پیكهات و مرامنامەی حیزبی دێموكرات لە 8 مادە دا بڵاو كرایەوە. هەوەها پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی، قازی محەممەد وەك پێشەوا و سەروكی حیزبی دێموكراتی كوردستان هەڵبژیردەرا. دامەزرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لە سەر بناخەی نەشكیلاتی “كۆمەڵەی ژیكاف” و بە دوای ئەویشدا دامەزرانی كۆماری كورستان بەرهەمی تێكۆشانی چەندین ساڵەی ئەندامانی دامەزرێنەری “ژیكاف” و پاشان حیزبی دیموكرات و بەشداریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بووە. هەر بۆیە كۆماری كوردستان بەرهەمی خوڵقاندنی دەرفەتێك بوو كە پێشتر لە هزر و ئەندێشەی ئەندامانی كۆمەڵەی ژێكاف دا ئامادەكاری بۆ دەكرا و دواتر لە لایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانەوە بەستێن سازی بۆ كرا. لە 2ی ڕێبەندانی 1324ی هەتاوی لە گۆرەپانی چوارچرای شاری مەهاباد بە ئامادە بوونی پێشەوا قازی محەممەد و ئەندامانی ڕێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستان، خەڵكی شاری مەهاباد و میوانانی شارەكانی دیكەی كوردستانی ئێران هەر لە ماكۆ وە تا شاری سەقز و هێندیك كەسایەتی لە پاریزگاكانی كرماشان و سنە، میوانانی هەر چوارپارچەی كوردستان و بەتایبەت بارزانییەكان بە سەروكایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەمر، سەروكی عەشیرەكان، بە خوێندنەوەی سروودی”ئەی رەقیب” و هەڵكرانی ئاڵای سێ رەنگی”كوردستان” خەبات لە پێناو دێموكراسی و مافی نەتەوایەتیی نەتەوەی كورد لە سەر دەستی حیزبی دێموكراتی كوردستان، پێینایە قوناغێكی دیكەوە.
درێژه‌ی هه‌یه‌…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌