کوژرانی ٩٣ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە گیلانی ڕۆژئاوا

0
730

ڕۆژی کورد: پاش تێپەڕبوونی ٣ دەیە بەسەر مین‌ڕیژکردنی کێڵگە و زەوی زار و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەلایەن سوپای تیرۆریستیی پاسدارانەوە، هەتا ئێستا ئەو مین ـە چیندراوانە، بە بەردەوامی هاوولاتییانی کورد دەکەنە قوربانی.

بە گوتەی فەرمانداری ڕژیم لە گیلانی ڕۆژائاوا، ٤٠٧ هاووڵاتیی کورد لەماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی گیلانی ڕۆژئاوا بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ کوژراو و بریندار بوون.

ئەو لێپرسراوەی ڕژیم ڕایگەیاندووە ئەو ئامارە لە ماوەی ساڵانی ٦٧ هەتا ئیستا (بانەمەڕی ٩٥) تۆمار کراوە کە بەو پێیە ٣١٤ کەس بریندار و کەمئەندام و ٩٣ کەسی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەەست داوە.

هەروەها ئاماژەی بە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ساڵانی شەڕی ڕژیمی ئێران لەگەڵ ڕژیمی بەعسدا کرد کە لەو ماوەیەدا ٢٤ هاووڵاتیی مەدەنی و ١٥٧ کەسی تر کەمئەندام و بریندار بوونە.

شارستانی گیلانی ڕۆژئاوا زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.  بە هەزاران هێکتار لە زەوی و زاری شار و گوندەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن سوپای تیرۆریستیی پاسداراەوە مینڕێژ کراون.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٩١ جێژنی پاک کردنەوەی کێڵگە و ناوچە مینڕێژ کراوەکان لە پارێزگای کرماشان بەڕێوە چوو، بەڵام لەو ماوەیەدا سەدان هاووڵاتیی کورد لەو پارێزگایە کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکان تەنیا لە چوار پارێزگای  ئیلام، کرماشان، کوردستان و ورمێ ١٦ ملیۆن مین لە کێلگە و زەوی و زار و ناوچە سنوورییەکاندا چێندراون، کە ڕژیمی ئیسلامیی ئیران بە شێوەی نیوە چڵ و سەرەتایی سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانە.

لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی ناچە سنوورییەکان، چەکدارانی سوپای پاسداران بە بیانووی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ “قاچاخ” ، ڕێگەی کۆڵبەران مینڕێژ دەکەن، لە ماوەی چەند سالی ڕابردوودا بە تایبەت لە سنووری حاجی ئۆمەران دەیان کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوەو ژومارەیەکیش بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.