حەفتا کرێکاری کشت و سەنعەتی مهاباد دەرکران

0
584

ڕۆژی کورد: 14 ڕۆژ مانگرتنی دوابەدوای یەکی کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد، لە جیاتی دەستبەسەربوون و پێدرانی مووچەی وەدواکەوتوویان، دەرکەوتنی ٧٠ کرێکاری لێکەوتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان بەڵێنییان پێدابوون مووچە نەدراو و پاشکەوتووەکانیان بدەن.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە باژێڕی مهاباد لە زمان کرێکارانی کشت و سەنعەتی ئەو باژێڕەوە باس لە دەرکرانی ٧٠ کەس لە کرێکاران و دەستەبەرنەبوونی داواکارییە ڕەواکانیان دەکەن.

بیانووی دەرکرانی ئەو ٧٠ کرێکارەی کشت و سەنعەتی مهاباد گرێبەست بوونیان و تەواوبوونی کاتی گرێبەستەکەیانە و پێیان گوتراوە لە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوییە چیتر بۆیان نیە بچنە سەر کار.

٢٠٠ کرێکاری کشت و سەنعەتی مهاباد ماوەی ١٤ ڕۆژ لە هەمبەر وەدواکەوتن و نەدرانی مووچەکەیان لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، لەبەر دەرگای کشت و سەنعەتی مهاباد خێوەتیان هەڵدابوو و مانگرتنێکی ناڕەزایەتییان وەگەر خستبوو، کشت و سەنعەتی مهاباد هەروەها ماوەی دوو ساڵە بەو خاوەن مریشکدارییانە قەرزدارە و پووڵەکەیانی نەداوە.
دەگوترێ کشت و سەنعەتی مهاباد بڕەپارەی ٤٧ میلیارد قڕان قەرزدارە و مووچەی نەدراوی ئەو ٢٠٠ کرێکارە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا ٣٠ میلیارد قڕانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت