ناوی ٧ کەس لە کوژراوەکانی شەڕی دۆینێی شەری هێزی پێشمەرگە و سپا لە شنۆ/دوایین وێنەکانی قەرەسەقەل

0
1940

ڕۆژی کورد: ڕۆژی کورد وەک ناوەندێکی سەربەخۆی کوردی، بەدواداچوونی چڕ و پڕی بۆ هەواڵەکان و دەرەنجامی شەڕی دۆینێ چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردان لە گووندی قەرەسەقەل لە شنۆ کردووە، بەپێی دوایین زانیارییەکان ناوی ٧ کەس لە کوژراوانی ڕژیم ئاشکرا بووە و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ساخ و سڵامەتی گەیشتوونەوە شوێنی دڵنیا و جێگه‌ی متمانه‌.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، “حاجی سەمەد بووستانی” جێگری فەرماندەی سپای پاسداران و خەڵکی سایین قەڵا لەو شەڕەدا کوژراوە.

کاناڵەکانی تلێگرامی نەغەدە هەروەها باسیان لە کوژرانی کەسێک بە ناوی “واحد حیکمەت” خەڵکی نەغەدە کردووە کە پێدەچێ ئەمڕۆ یان دۆینی شەو لە نەخۆشخانە تەواو بووبێ نەک ئەوەی کە لە کاتی شەڕەکەدا کوژرابێ، ئەمڕۆ کات ژمێر ١٧ تەرمی ئەو کوژراوەی سپا لە سۆلدووز دەنێژرێ.

هەروەها لەو شەڕەدا چەند جاش بە ناوەکانی یۆسف ئەحمەدی (خەڵکی نەڵۆس)، مستەفا خالیدی (خەڵکی شنۆ)، عوبەید هەرکی (خەڵکی گووندی کانی سپی)، ئەسکەندەر مامەل (خەڵکی گووندی باڵاگیر) و لەزگین کوڕی سۆفی زاهیر کوژراون

شایانی ئاماژەیە گەنجێکی گوندی سوورەسەقەل  لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەست بەسەر کراوە.

شایانی ئاماژەیە کە دۆینێ و ئەمڕۆ پێنج شەممە و هەینی ٢٧ و ٢٨ی جۆزەردان . ماڵپەڕەکانی ڕژیم وەک هەواڵدەری فارس، باریش نیوز و سۆڵدوز و تەنانەت ڕادیۆ فەرداش هەوڵی چەواشەکاری ئەو شەڕەیان داوە. ماڵپەڕی فارس نیوز لە زمان محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سپا، باسی لە کوژرانی دەیان کەس لە هێزی پێشمەرگە کردبوو.

لە ڕاگەیێندراوێک کە قەرارگای حەمزە سەیدووشوهەدای هیزی وشکانیی سپا لە ماڵپەڕی باریش نیوز بڵاوی کردۆتەوە هاتووە: “دوژمنانی سەرەکیی نەتەوەی ئێران بە سەرکردەیی ئەمریکا و ڕەژیمی سەر بەئەمریکا وەک سەعوودیە و پشتیوانی بەرینی مادیی، میدیایی و پڕۆپاگەندەی دەروونیی گرووهەکی هێزی دژەئینقلابی و حیزبی ڕزیوەی و لەناوچووی وەک دێموکراتیان بە مەبەستی خراپکاری و ئاژاوەگێڕی و نائەمنی لە ناو خەڵک پاڵ پیوە ناوە تا بێتەوە ئەو بەری سنوورەکان”

لەو ڕاگەیێندراوەدا بە چەواشەکاری باس لە کوژرانی ٩ کەس لە هێزی پێشمەرگە و ٢ جاش کراوە ، ئەوە لە حاڵێکدایە بەپێی سەرجەم زانیارییە جێی بڕواکان،  سەرجەم پێشمەرگەکان ساخ و سڵامەتن.

شایانی باسە هێزەکانی ڕژیم کە گورزی تووندیان لە هێزەکانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا خواردووە دواتر و لە کاتی شەڕەکەشدا بۆ تۆڵە سەندنەوە، ئاواییەکەیان داوەتە بەر ئارپیجی و بەشێکی زۆری گووندەکە هەروەک لە وێنە تایبەتییەکانی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە قەرەسەقەل دا دیارە ڕووخاوە.

2

3

4

5

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت