تۆپبارانەکانی سپا لە ناوچەی لەندی شێخان، پێی نایە ڕۆژی سێهەمی خۆیەوە

0
2370

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ڕۆژی شەممە 19ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی واتا ماوەی سێ ڕۆژ بەر لە ئێستاوە، سپای تیرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام ناوچەی سەرشاخان ـی سەر بە نەغەدە و لەندی شێخان ـی مهابادیان تۆپباران کردووە.

ئەو تۆپبارانە چڕ و بەردەوامانە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە بە بیانووی هەبوونی پێشمەرگەکانی دێموکرات لەو شوێنانە ئەنجام دەدرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادارم لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “بەرپرسانی ڕژیم لەو ناوچەیه بە ئاژەڵدارەکانیان گوتووە دەبێ هەرچی زووتر ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و لە ئەگەری چۆڵ نەکردنیدا ڕووبەڕووی سزا و خەسار دەبنەوە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕاشیگەیاند، ناوچەی سەرشاخان و لەندی شێخان، هەوارگەی لەمێژینەی مەڕداران و ئاژەڵدارانن و لە ئێستاشدا بە هۆی ئەو تۆپبارانانە، هەڕەشەیەکی زۆر لەسەر هەوارچیەکان هەیە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ژێر ئەو تۆپبارانە چڕ و بەردەوامانەدا، زیانێکی زۆر وەبەر ژینگەی کوردستان لەو شوێنانە کەوتووە.

کۆماری ئیسلامی لە دوای پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حدکا بۆ دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی “ڕاسان”، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لێ نیشتووە و بۆ ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی هێزەکانی، بەردەوام شوێن و ناوچەکانی کوردستان تۆپباران دەکات و ژینگەی کوردستانی ئاگرداوە.

بە گوێرەی هەواڵ و ئاماری ماڵپەڕی ژینگەوان لە ماوەی نزیک بە ٦ مانگی ڕابردوودا تا ئێستا 630 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هاتۆتە ئاراوە کە بەشی سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لەژێر مانۆڕی سەربازیی هێزەکانی ڕژیم و هەروەها بە دەست کەسانی سەر بە سپا و بنکە ئەمنییەتییەکانەوە هاتۆتە ئاراوە.

لەندی شێخان و سەرشاخان، هەوارگەیەکی پێکەوە لکاوی نێوان دوو باژێڕی مهابد و نەغەدەیە کە لە پشت هەوشینان هەڵکەوتووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت