سێ گەنجی گووندی سەرچنار ، لە لایەن ئیتلاعاتی میاندواو، دەست بەسەر کران

0
583

بەپێی هەواڵێک کە بە ڕۆژی کورد گەیشتووە، بەدوای ئەوەی دا کە هەواڵی هەڵکوتانە سەر پایەگای بەسیجی گووندی سەرچنار لە ناوچەی مەجیدخان، لە لایەن پارێزەرانی ڕۆژهەڵات بڵاو بۆوە و هەندێ سەرچاوە باسیان لە ڕوودانی ٣ کات ژمێر شەڕ لە نیوان پاریزەرانی ڕۆژهەڵات و هیزەکانی ڕژیم کرد، ٣ لاوی ئەم گوندە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەست بەسەر کراون.

بەپێی شایەتحاڵێک لە گووندی سەرچناری ناوچەی چۆمی مەجیدخان، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندوواو، سێ گەنجی ئەم گووندەیان دەست بەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

ناسنامەی ئەو سێ گەنجە بریتییە لە: سامان چ و موحسین . ک  کە سامان دۆینێ دووشەممە ٢٣ی خاکەلیوە دەست بەسەر کراوە و موحسێن ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٤ی خاکەلێوە.

هەروەها گەنجێکی تری ئەو ئاواییە بە ناوی محەممەد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندوواو دەست بەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و دۆخی دەروونی و جەستەیی و هەروەها هۆکاری دەست بەسەربوونیان لە بەردەست نیە.

شایانی ئاماژەیە کە بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان و گووندی سەرچنار، شەوی هەینی ڕابردوو، چەند کەسێکی نەناسراو چونە مزگەوتی ئاوایی و سروودی شۆڕشگێڕیان وەسەر خستووە و دواتر دەرگای مزگەوتیان گاڵە داوە و ڕۆیشتوون.

لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکرێ لە دەنگی دوو تەقە لە هەمان کاتدا بیستراوە.

شایانی ئاماژەیە کە بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات تایمزی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بلاو بۆتەوە، پاریزەرانی ڕۆژەەڵات ڕایانگەیاندووە کە ئەو چالاکییە لە لایەن ئەوانەوە بەڕێوە چووە.

لە هەمان کاتدا پارێزەرانی ڕۆژهەڵات رایانگەیاندووە کە هێرشیان کردۆتە سەر پایەگای بەسیجی ئەو ئاواییە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە تا ئیستا هێچ سەرچاوەیەک لە ناوخۆ ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، ڕۆژی کورد ناتوانێ پشتڕاستی بکاتەوە.

شایانی ئاماژەیە کە ڕۆژی کورد لەو بارەوە پەیوەندی بە چەند سەرچاوەی جێگای متمانەوە کردووە کە هیچیان ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە و تەنیا دەنگی دوو تەقە لە کاتی بلاو بوونەوەی سروودەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.