دەزگای قەزایی رژیمی ئێران دوو لاوی بەلووچ و مەشهەدی لەسێدارە دا

0
590

رۆژی کورد: لەگەڵ پەرە گرتنی شەپۆلی لەسێدارە دانی هاووڵاتیان لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، هەواڵدەرییەکانی ڕژیمی ئیسلامی هەواڵی لەسێدارەدانی دوو لاوی تەمەن ١٩ و ٢٧ ساڵە‌یان لە زیندانەکانی میناب و مەشهد بڵاو کردەوە.

ماڵپەڕی دادگوستەریی پارێزگەی هورموزگان، ڕایگەیاندووە کە لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵە بە ناوی کورتکراوەی (م_ب) و لە دایکبووی ١٣٦٨ی هەتاوی شارستانی “نیکشهر” لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ لەسێدارە درا.

ئەو لاوە بەلووچە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هەڵگرتنی ٢ تۆن ماددەی هۆشبەر، بە کەلک وەرگرتن لە ٣٠ سەر وشتر لە بەلووچستانەوە بۆ هورموزگان تۆمەتبار کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە نووسیویەتی: حوکمی (م_ب) لەلایەن دادگوستەریی هورموزگانەوە پشتڕاست کرایەوە و دەستبەجێ بە مەبەستی ترساندن و پێداگریی دەزگای قەزایی لەسەر سزادانی بازرگانان بە ماددەی هۆشبەر بەڕێوە چووە.

لەلایەکی دیکەوە لاویکی تەمەن ١٩ ساڵەی خەڵکی مەشهەد بەناوی “مورتەزا” کە تۆمەتبار بوو بە کوشتنی کەسێک بەناوی “حوسێن” بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ لە زیندانی مەشهەد لەسێدارە دراوە.

ماڵپەڕی “رکنا” لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە کە تۆمەتبارەکە لەلایەن دەزگای قەزایی بڕیاری لەسێدارە درانی بۆ دەرچووبوو، کە بەهۆی پێداگریی بنەماڵەی کوژراوەکە، حوکمی لەسێدارە دانەکەی جێىەجێ کراوە.

سەرەتای ئەم حەوتوویە لاوێکی کوردی خەڵکی شارستانی هەرسین لە پارێزگەی کرماشان، بە تۆمەتی “بڕینی زێڕینگەری” لە گۆڕەپانی ئازادیی کرماشان و لەپیش چاوی خەڵک لەسێدارە درا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.