٣ چالاکی کورد یارسان لە کاتی سەفەری ڕوحانی بۆ کرماشان، لێوی خۆیان دووری

0
77

ڕۆژی کورد: هەروەک لە هەواڵەکانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ناوەدنی ڕۆژی کورددا هاتبوو، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بەپێی بانگەوازیی چالاکانی کوردی یارسان، و لە کاتی هاتنی ڕوحانی بۆ کرماشان، سێ کەس لە چالاکانی یارسان بە ناوەکانی، “سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی و نەوشاد تاهیری” بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە هەڵاواردن و زۆرداری لەسەر یارسانەکان و بەناڕاست دەرچوونی بەڵێنییەکانی ڕوحانی و لاریجانی، لێوی خۆیان دووری.

ئەو سێ چالاکە کوردە یارسانە ئەمڕۆ لێوی خۆیان دووری و ڕاشیانگەیاندوە تا کاتی ڕۆیشتنی ڕوحانی لە پارێزگای کرماشان، بەردەوام دەبن و مانی بێدەنگی دەگرن.

چالاکانی کوردی یارسان لە ڕاگەیێندراوێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە گوێ نەدانی بەرپرسانی ڕژیم بە داواکارییەکانیان و هەوەها هەبوونی هەڵاواردنی نەرێنی لەسەر یارسانەکان و بە فەرمی نەناسرانی ئایینەکەیان لە لایەن ڕژیمەوە، دەربڕینی ناڕەزایەتیی کردەیی خۆیان لە کاتی سەردانی حەسەن ڕوحانی بۆ پارێزگای کرماشان، ڕاگەیاند.

لە بەشێک لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە کە ٣ کەس لە چالاکانی یاری بە نوێنەرایەتی لە سێ قوقنووسی یارسان -نیکمەرد تاهیری، کاکی حەسەن ڕەزەوی و محەممەد قەنبەری- لە سەرەتای هاتنی حەسەن ڕوحانی بۆ پارێزگای کرماشان تا کاتی ڕۆیشتنی ناوبراو، لێویان دەدوورن و مان لە خواردن دەگرن.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە کە: پارلمانی ئێران بە شێوەیەکی یەک لایەنە، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ یارسانیەکان پچڕاندووە و بەڵێنییەکانی لاریجانی بە کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی یارسان بەدینەهاتوون و مافیای حکومەتی لە کرماشان بوونی هەیە و هیچ کام لە بەڵێنییەکانی حەسەن ڕووحانی بە کەمینە ئایینییەکان نەهاتۆتە دی، هەر بۆیەش لە سەرەتای هاتنی حەسەن ڕوحانی تا کاتی چوونە دەری لەو پارێزگایە، لێوی خۆیان دەدوورن و ڕۆژووی بیدەنگی دەگرن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت