تەلەفزیۆنی حکومەتیی ئێران بێ ڕێزی بە کورد دەکات

0
975

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە و لە دەنگ و ڕەنگی حکومەتیی ئێراندا بێ ڕێزی بە کوردستان و کوردەکان دەکات

ڕژیم ئێران جارێکی تر دەستی کردۆتەوە بە بێ ڕێزی کردن بە نەتەوەکانی ئێران و ئەمجارە نووکی پەیکانی بێ ڕێزییەکانی کوردی کردۆتە نیشانەی خۆی، لە زنجیرەفیملی کومێدیی “دورهەمی” بە دەرهێنەریی میهران مودیری کە لە سەرەتای پاییزی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە دەست بە کاری بەرهەمهێنانی کراو، بە شێوەیەکی زۆر دوور لە ڕاستی و چاوکوێرانە کە ڕق و قینێکی پان ئێرانیستییانەی تێدا بەدیدەکرێ باس لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکات و لە بەشێکی دا وا دەنوێنێت کە  لە کاتی فرۆشتنی بڵیتی یارییەکانی جامی جیهانیی برێزیل، فڕۆکەی تەماشاوانەکان بە جێگای ئەوەیکە له شوێنی یارییەکان بنیشێت، لە هەولێر دەنیشێتەوە و تەماشاوانانی ئەو یارییانە سەر لە مسافیرخانەیەک دێننە دەر و بە هۆی دواکەوتوویی هەرێمی کوردستان و نەبوونی تەکنەلۆژی و گوێرەگوند بوونی هەرێم و پێتەختەکەی، لە ڕێگای تەلفزیۆنێکی سەرەتایی ڕەش و سپییەوە چاو لە یارییەکان دەکەن.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە دەنووسێت: “ئەو بەرنامە کۆمیدییە سەبارەت بە شاری هەولێر لە کاتێک‌دا بڵاو دەبێتەوە کە بلاڤۆکی “اشپیگل” ئاڵمان لە بارەی هەولێردا دەنوسێت: “سەرەڕای توندوتیژی و شەڕ کە بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە، هەولێر وەکوو ناوەندێکی سیاسی و بەناوبانگ لە جیهاندا، نیشاندەری عێراقی نوێیە. هەمووی ئەو پێشکەوتن و گەشەیە لە حاڵێک دایە کە ئەو وڵاتە تووشی شەڕ و قەیرانی سیاسی و ئابوورییە”.

بڵاوبوونەوەی ئەو زنجیرە کۆمێدییە ئەویش بە دەرهێنەریی مێهران مودیری کە بەرهەمەکانی ئەو دواییانەی دەریخستووە ئەوەی لە هەنبانەیدا بووە هەڵیڕشتووە و کوێرەکانیی هەست و هونەرەکەی ویشک بووە و داهێنانی تێدا نەماوە ودەستی کردووە بە لاسایی لە فیلمی هیندی و سەردەمی شا و لە ئەنجامدا پارەپەرەست و شوینیزمی خەوتوو لە ناو مێشکی هەر پان فارسێک بە مێهران مودیریشەوە وای لێکردووە بۆ ڕازی کردنی دڵی ئاغاکانی و ئاخنینی گیرگان و تەماحی شوینیستی و پان فارسیانەی خۆی، هێرش بکاتە سەر کورد و دەستکەوتەکانی کە ئێستا چەقڵی چاوی نەیاران و لە پێش هەموویانەوە پان ئێرانیەکانە.

مامۆستایەکی زانکۆ لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەلآت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەمبارەوە بۆ ڕٶژی کورد دوا و گوتی: “کۆماری ئیسلامی ماوەیەکە بە هەموو شێوازێک دەستی داوەتە ڕووخاندن و لەناو بردنی هێما و پیرۆزییەکانی کورد. تا ئێستا جیا لەوەی کە لە شاری تاران بەنێر بە دژی شۆڕشی کوردی بڵاو کراوەتەوە لە شارەکانی ورمێ و تەورێز، شەونامە بەدژی کورد و بە واتای کۆچەر و تیرۆریست بوونی کوردەکان بڵاو کراوەتەوە، لە لایەکی تریشەوە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا گڵکۆی پیرۆزی شەهیدانی کۆمەڵە و دێموکراتیان لە شاری قوروە خاپوور کرد و کێلی گڵکۆی نەمر فواد سوڵتانی ـیان شکاند.”

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لایوایە گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەلآت وڵامی شیاویان بە ڕژیم داوەتەوە و گوتییشی: “ئەو بێ ڕێزییە سیستمانتیکەی ڕژیمی ئیسلامی بە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تر لە کاتێکدایە کە گەلی کورد لە شارەکانی کوردستان بە مانگرتنی تا ڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاویدا نیشانیان دا پشتیوانی شۆڕشی کوردن و دڵیان هێلانەی نەڕووخاوی خەباتە.”

لە درێژەدا باس لە پارێزگای کرماشان و قسە بین بە ڕوحانی و هەروەها خەباتی مەدەنیی چڕی کوردستانیان لەو شارە دەکات و دەڵێ: “لەلایەکی ترەوە لە پارێزگای کرماشان، خەڵکی قارەمان و نەترسی ئەم پارێزگایە و بەتایبەتی کوردانی یارسان بە کردەوەی بوێرانە و هەڵوێستی کوردانە و خۆنەویستی خۆیان وانەیەکی هەمیشەییان دا بە ڕوحانی و ڕژیمەکەی کە ناتوانن بە درۆ چیتر چاوی ئەو خەڵکە ببەستن و ڕاوڕاوێن بکەن، وانە و هەڵوێستێک کە هەتاهەتایە لە مێژووی کورددا دەمێنێتەوە.”.

حوسێن حەسەن ڕەحمانپەنا، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پێشتر لە وتووێژێک لەگەڵ ناوەندی ڕٶژی کورد، باسی لە هەبوونی ترسی ڕژیم لە ئاخێزی جەماوەری کردووە و دەڵێ: “ئەو کردەوانەی ڕژیم چ خاپوور کردنی گۆڕستانی شەهیدان لە قوروە و چ شکاندنی کێلی شەهید فواد، پەیوەندی بەو هەل و مەرجەوە هەیە کە ئێستا کۆماری ئیسلامی تێیدا کە ئەوە خۆی باسێکی زۆر هەڵ دەگرێ بەڵام من هەر ئەوەندە دەڵێم کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوویەکەوە نیگەرانە، هەم لە ئاستی دەرەکییەوە لە چەند وڵاتدا خەریکی شەڕە و هەمیش لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی یەکجار نالەبار دایە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای درووشمگەلێکی زۆر کە بە خەڵکیان داوە، هیچ کام لە بەڵێنییەکانیان بۆ نەچۆتە سەر و بۆیان جێ بەجێ نەبووە و ئێستاش لە ئاخێزی جەماوەی لە ئێران نیگەرانن کە بە هۆی دۆخی ئابووریی شڵەژاو کە بەسەر ئیرانیاندا هێناوە، بەرەوڕووی دەبنەوە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە کە هەیەتی نە تەنیا ڕووبەڕووی زیندووەکان دەبێتەوە بەڵکوو تەنانەت لە گیان بەختکردووەکان و گۆڕستانەکانیش دەترسێت”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت