دوو کورتە شێعر

0
1843

جەمال نەجاری

(1)

هەموو ئەو نامانەی بۆ تۆم نووسیون
دواجار هەر بۆ خۆمیانم دەخوێنمەوە.

ئێرە هەوا ساردە و
شەقامەکان تامی تەنیایی دەدەن،
پەنجەکانم خەریکن هەڵدەوەرن.
مرۆڤەکان پەلەیانە
وەک ئەوەی ئەمرۆ کۆتایی جیهان بێ،
مرۆڤەکان بیر لە سبەی ناکەنەوە.
من خەریکم پیر دەبم
وەک داربەڵاڵووکەکەی بەردەرکەتان
وەک گۆچانەکەی باوکم
وەک پرچی دایکم
دەنووسم و
نامەکان هەر درێژەیان هەیە
لە سەر لاپەڕەکانی غوربەت ….

(2)

کۆتایی هەر نامەیەک
دەتوانێ سەرەتای نامەیەکیتر بێ
بۆ ئەوەی بزانی چی لە هەرێمی ژیان دەگوزەرێ
لێوی رۆژنامەکان بمژە
دوو گوارەی ئاڵتوونی بە دیاری بۆ ڕادیۆکان بنێرە
رۆژانە باوەش بە تیڤییەکاندا بکە.
لە کوێ منداڵێک دەمرێ
من لەوێم و خەریکم دەگەڵ مردنا یاری دەکەم.
کە دایکی شەهیدێک دەگری
من لەوێم و ئامێزی بۆتە نیشتمانی هەمیشەییم.
من بەم چەشنە شاعیرم
شیعرەکانم وەکوو بەفر سپین
دەتوانم زستان بکەم بە درێژترین قەسیدە.
دەتوانم هەموو رۆژێک بچمە وێستگەی شەمەندەفەری بۆزانسۆن*
چاوەڕوانی هاتنەوەی خۆم بم.
دوایین سەفەری تۆ بۆ باکووری دڵم بوو
وتت: هەواکەی بارانییە
ئەو کاتە نیگام ئاسمانێکی پڕ هەور بوو
دەزانم
دەبێ بەم چەشنە بێ
کۆتایی هەر نامەیەک …

* شارێکە لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا، ئەو شارەی لێی دەژیم.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.