دوو ئەندامی تری سپای پاسداران لە سووریه کوژران

0
733

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆیی ئێران، ٢ ئەندامی تری سپای تیرۆریستیی پاسداران لە سووریە کوژراون.

ماڵپەڕی “دەنگ و ڕەنگی ئێران” ڕایەگیاندوو کە “محەممەد بەخشی”، تەمەن ٥٠ ساڵان و جێگری حەسەن ڕوحانی لە باژێڕی مەشهەد، ڕێکەوتی 15ی گەلاوێژ لە شەڕی سووریە کوژراوە، مەیتی محەممەد بەخشی، ڕێکەوتی 28ی گەلاوێژ لە باژێڕی مەشهەد، چاڵ کرا.

“زیا حوسێنی”، یەکێکی تر لەو ئەفغانیانی بەشداربووی شەڕی سووریە لە ناو ڕیزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕژیمی ئێرانە کە بە وتەی ماڵپەڕی “فەردا”، لە شەڕی سووریە کوژراوە.

حەوتووی ڕابردووش هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران هەواڵی ٤ پاسداری کوژراوی تری سپای  قودس لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریەیان ئاشکرا کردبوو.

شەڕڤانانی یەپەگە دۆینێ یەکشەممە 31ی گەلاوێژ ڕایانگەیاندبوو کە لە گەڕەکی نەشوەی باژێڕی حەسەکە بەشێک لە چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی و ئەندامانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی هاوشانی هێزەکانی سەر بە حکومەت شەڕ لە دژی هێزەکانی یەپەگە دەکەن.

بەپێی لێدوانی خودی بەرپرسانی ڕژیم، سپای قودس و لقەکانی سەر بەو سپا تیرۆریستییەی ڕژیم وەک زەینەبیون و فاتمیون و و حیزبووڵڵای لوبنان و لایەنە بەکرێگیراوەکانی دیکەی ڕێژیم لەو ناوچەیە،  لە شەڕی حەلەب لە باکووری سووریە بە چڕی بەشدارن.

شەڕی ناوخۆیی سووریە کە بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ڕژیمی ئێران وەک نیعەمتێک وایە بۆ ئێران و ئەگەر ئەوان لە سووریە و عێراق شەڕ نەکەن ئەوا ناچارن لە هەمەدان، کرماشان و ئیسفەهان و تەنانەت شەقامەکانی تاران ڕووبەڕووی نەیارانیان ببنەوە، تێچوویەکی زۆری مادی و مرۆڤی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگرتووە بەڵام ڕژیمی ئێران بەردەوامە لەسەر ڕاگرتن و پشتیوانی لە ڕژیمی ئەسەد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.