كه‌ماڵ مه‌جیدپوور: ئەگەر باێکۆت شکڵێکی جەماوەری و هەمەلاێەنە لە کوردستان و بەشەکانیتری ئێران بەخۆ بگرێ ڕەنگە بۆ دنیای دەرەوە سەرنج ڕاکێش بێ

0
252
كه‌ماڵ مه‌جیدپوور

وتووێژی تایبەتیی ناوەندی ڕۆژی کورد لەگەڵ “كه‌ماڵ مه‌جیدپوور چاوه‌دێر و شرۆڤه‌كاری سیاسیی كورد” لەمەڕ هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

ڕۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەو ئەنجامەکان ئە وئەنجامانەن کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

مه‌جیدپوور: چەمک یا خۆ مفهومی کۆماری ئیسلامی وەک ساختار و نیزامێکی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەک لە باری تێئوریکەوە بە فۆڕمێکی دەوڵەتی دەگوترێت کە تێکهەڵکێشێکە لە گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک لە سەر بنەمای جیهانبینیکی ئیسلامی بۆ شکڵدان و بەڕێوەبەری کۆمەڵگا. بە واتەیەکیتر لەو سیستمەدا لە لاێەکەوە خەڵک لە ڕێگای یاسا و رێساگەلێکەوە بە ڕۆاڵت دەرتانی ئەوەیان بۆ دەرخسیت کە بەڕێوبەرانی خۆیان، وەک سەرۆک کۆمار، نوێنەرانی شارەوانییەکان و نوێنەرانی پارلمانی(بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ) هەڵبژێرن و بەوچەشنە پێش بە شکڵگرتنی دەسەڵاتداریەک لە سەر بنەمایەکی بنەماڵەی و میراتی بگیرێت. و لە لاێەکیترەوە ئەو دەسەڵاتداریە لە سەربنەمای جیهانبیێکی دینی پێناسە دەکرێت و لە قانوونی ئەساسیدا تعریف و دەست نیشان دکرێت و بەو چەشنە دین نەتەنیا لە سیاسەت و بەڕێوەبەری وڵات جیا ناکرێتەوە بەڵکوو ڕۆڵی سەرەکی لەو پێوەندیە دا دەگێرێت. بە واتەیەکیتر کۆماری ئیسلامی کۆنسێپتێکە لەهەمبەر ساختار و جیهانبینی و کۆنسێپتی کاپیتالیزم لیبرال دێموکراتیک کە لەوێدا دین لە سیاسەت و بەڕێوەبەری و نەزمدان بە کۆمەڵگادا هیچ ڕۆڵێکی نییە و سنووریی تێڕوانین، بیرکردنەوەکان و بەڕێوبەریی لە سەر بنەمای قەبوڵکردنی پرنسیپەکانی کاپیتالیزمی لیبرال-دێموکراتیک دەست نیشان کراوەن. بە واتەیەکتر چەمکی کۆماری ئیسلامی لە ڕاستی دا دەژکردەوەیەکە لە هەمبەر ئەو جیهانبینی و تێڕوانینە مودێرنانە کە لە ڕۆژئاوا سەرێان هەڵدا و لە نزیک بە دووسەد ساڵ لەمەو بەر بە شێوازیی جورواجۆر لە هەموو دنیا دا تا ڕادەیەکی زۆر بڵاو بوونەوە. بیرۆکە و جیهانبینگەلێک کە لایان وا بوو کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ گەێشتن بە بەختەوەریی و رزگاریی چیتر پێویست ناکا پەنا بۆ خودا و دین و ئایین و داب و نەریتە کۆنباوەکان بەرێت، بەڵکوو مرۆڤ بە هۆی ئەوە کە خاوەنی ئەقڵ و تێگەیشتنە دەتوانێت چارەنووسی خۆی بۆخۆی بەدەستەوە بگرێت و یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەڕێوبەریەکانی کۆمەڵگا بەدر لە قودرتی ئیلاهی و ئاسمانی دەست نیشان بکا و ژیانی خۆی و کۆمەڵگا بەوجۆرە کە گەرکێیەتی لە چۆارچێویەکی کاپیتالیستی و لیبرال دێموکراتیک دا ناوەرۆک و قەوارە پێ بەدا. کەچی کۆماری ئیسلامی وەک بەرهەڵستێک لەهەمبەر ئەو تێگەێشتن و جیهانبینییە، هەوڵێکە و یا خۆ باشتر بڵێم ئاڵترناتیویەکە (لانی کەم لە جیهانی ئیسلامیدا) کە خودا و دین و یاسا و ڕێساکانی ئیسلامی و ئاسمانی لەگەڵ دنیا و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری مرۆڤ بەێکەوە گرێدەدا.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەر بنەمای ئەو تێگەیشتن و ڕۆانگەیە هەوڵدەدا کە لە لاێەکەوە لە ڕێگای هەڵبژاردەن و لاێەکیتروە بە دامەزراندەنی نەهادگەلێکی وەک ولایەتی فەقی، ‘مجلسی خبرگانی رهبری’ و ‘ مجمعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام’ چەمکی کۆماری، ئەقڵ محوریی و دەنگی خەڵک لە گەڵ بینش و جیهانبینی ئیسلامی بەیکەوە گرێبدا.
کۆماری ئیسلامی هەتا ساڵەکانی ١٣٧٦ وا وێدەچوو کە لە جی بە جی کردن و سەقامگیرکردنی ئەو تێگەێشتنە لە کۆمەڵگا و بەڕێوبەرییدا تا ڕادیەکی برچاو یەکدەست و سەرکەوتوو بووە، لێ بە هاتنە سەر کاری خاتەمی وەک نوێنەری رێفۆڕم لەو نیزامەدا دەرکەوت کە دوو تێڕۆانینی جیاواز لە سەر داهاتوویی ئەو پرۆژیە بە شێوەیەکی جیدیی لە گەڵ یەک ناکۆک و دەژ بەێەکتر وەستاوەن. لە لاێەکەوە ئوسوولگەرایانی سوونەتی و موتڵقگەرا بە پشتیوانی هێزکانی وەک سووپای پاسداران، بەسیج و نەهادگەلی قەزایی و ئەمنییەتی و لە لاێەکیتروە ڕەوتی ڕێفۆڕمخۆاز کە پێکهاتەیەکە لە ڕەوتگەلێکی میللی-مەزهەبی کە لە نێو چین و توێژە جورواجۆرکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهنگی وەک چینی مامناوەندی، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان ژنان و خوێندکاران پەلووپۆی دەرکردوە و لە هەمبەر یەکتردا ڕاوەستاوەن.
لەو ڕۆانگەێەوە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا خاوەنی تاێبەتمندیەکی هەدفمندە و لە ڕاستیدا شتێکی فۆرمالیتە نییە. هەڵبژاردن لە لاێەکەوە لە خزمەت فلسفە و جیهانبێنێکی ئیسلامی لە سەر کۆمەڵگا، مرۆڤ و بەڕێوبەرییدایە، کە هەمان کۆماری ئیسلامییە کە بۆ دنیایی دەرەوە و بەتاێبەت جیهانی ڕۆژئاوا نامۆ و قەبووڵنکراوە و لە ڕێگای هەڵبژاردن هەوڵدەدا خۆی وەک کۆنسێپتیک لە شکڵدان بە کۆمەڵگا و بەڕێوەبەری مرۆڤەکاندا فەرز بکا و لە بیر و ڕای گشتییدا ‘مشرۆعیت’ بەدەست بەهێنێت. و لە لاێەکیتروە بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ڕێگایەکە بۆ قەناعت پێکردن بە خەڵک کە ئەوان دەتوانن بە دەنگدان بە سیاسەت و بەرنامەگەلێکی دیاریکراو چارەنووسی خۆێان، بۆخۆیان دەست نیشان بکەن. بە واتەیەکیتر هەڵبژاردن هەوڵێکە بۆ ڕەۆایدان بە جیهانبینێک لە سەرکۆمەڵگا لە دەرەوە و بەڕێوبردنی سیاسەتێک لە نێۆخۆدا.

ڕۆژی کورد: بە بەراوردێک لە نێوان سێ سەرۆک کۆماری دوایی واتا خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی نە لە ڕووی خزمەتگوزاری و پێشەسازی نە لە ڕووی مافی مرۆڤ و نە لە ڕووی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان نەک نەهاتۆتە ڕوو، بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە، بەو پێیە بەشداری کردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێ چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک هەبێ؟

مه‌جیدپوور: کۆمەڵگای ئێران وەک هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی بە گشتی خاوەنی سێ فەزای دیاریکراوە، کە لە زانستە سیاسیەکاندا بە فەزای نۆرماتیڤی کۆمەڵگا، فەزای سیاسی و فەزای قودرتی سیاسی دەکرێت دابەش بکرێن. فەزای نۆرماتیڤ و یا خۆ گشتی کۆمەڵگا بریتیێە لە هەموو کۆمەڵگا کە لەوێدا مرۆڤەکان هن، بە ئیشتیا و ئارەزو، ئیدە و ئەندیشەی، بایەخ و پێوانەی جیاواز، بە گیر و گرفت، ویست و نیازیی جۆراوجۆر و بە قازانج و بەرژەوەندیی زۆر جار دەژ بەیەک. فەزای سیاسی بریتیە لەو بازنەیە کە ویست و داخۆازیی و بایەخ و پێوانەکانی نێو کۆمەڵگا لە شەکڵی گرۆپ و تاقم و ڕەوتی سیاسی جۆراجۆرەوە نوێنەرایەتی دەکرێن و فەزای قودرتی سیاسی بریتیە لەو فەزایە کە بەشێک یا خۆ لایەنگەلێک قودرتی سیاسی بەدەستەوە دەگرن و کۆمەڵگا ڕێبەرایەتی دەکەن. لە وڵاتێکی لبیرال دێموکراتیک و ئازاد دا ئەو هەمەچەشنییە بەرە بەرە لە سەف ئارای کۆر وکۆمەڵگا و ڕەوتگەلێکی مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی-ئابووریی و کەلتوریی دا خۆیان دەردەخن و خۆیان ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ دەخزێنە بازنە یا خۆ فەزای سیاسی کە لەوێدا ڕەوتگەلێکی سیاسی بە جیهانبینی و بینش و بەرنامەی سیاسی خۆێان دەکەونە هەوڵی ئەوە کە ئەو ویست و داخۆازی، کێشە و ئەندیشانە لە چۆارچێوی بیر و هزریی خۆیان دا کۆ بکەنەوە، وڵامیان بۆ بەدۆزنەوە و لە فەزای سیاسیدا ڕێبەریی بکەن بەو مەبستە کە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە و پشتیوانی دەنگدەرانەوە خۆ بگەێنە نێو بازنەی قودرتی سیاسی و قودرت بەدەستەوە بگرن تا بەرنامەکانیان جێ بە جێ بکەن.
هەر وەک لە وڵامی پرسیاریی یەکەمدا ئاماژم پێکرد کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە تا ڕادیەکی بەرچاو بە دوور لە ئەزموونگەلی تاقیکراوەی کاپیتالیزمی لیبرال دێموکراتیک، و یا خۆ سوسیالیزم (وەک وڵاتی چین لە ئێستادا) لە دەلاقەیەکی ئیسلامییەوە کۆمەڵگای ئێران سازماندا و ڕێبەریی بکا. ئەگەر ئێمە بگەرێنەوە بۆ سەرەتایی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، بۆمان دەردەکەوەێت کە بەدوای ڕووخانی ڕژیمی شادا لە فەزای نۆرماتیڤی ئێراندا هەر لە وەیست و داخۆازیی و ئێشتیا و ئارەزوویی گەلانی ژێردەستەی وەک کورد، تورکمەن و بلوج ڕا بگرە هەتا ئەفکار و ئەندیشەگەلێکی جۆراوجۆریی مارکسیستی، لیبراڵ، میللی مەزهەبی و مەزهەبی تووندئاژو پشکووتن و سەریان هەڵدا و لە شەکلی تاقم و سازمان و ڕێکخراوەگەی سیاسی، رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیدا بە بەرنامە و سیاسەتەکانیانەوە خۆێان خزاندە بازنەی فەزای سیاسی ئێرانەوە. بەڵام بەشێکی زۆریی ئەو هێزانە بە هۆی بێ ئەزموونیی و نەبوونی بەرنامە لە لاێکەوە و بە هۆی دەستپێشخەریی و قوودرتی معنوویی و سیاسی جەریانی ئیسلامی بە ڕێبەری ئا‌‌غایی خومێنی نەیانتوانی خۆ بگەێنە بازنەی قوودرتی سیاسی و کاتێک جەریانی میللی مەزهەبی بە ڕێبەری ئاغایی خومینی قوودرتی سیاسیان بەدەستەوە گرت، ئەو هێز و توانایانە لە پێکدادانێکی نابەرابەر و زەبەر و زەنگ و سەرکوتی حاکمانی ئیسلامی ئێران دا بەرەبەرە لە بازنەی فەزای سیاسی وەدرنران و پاشان هەر دەنگێکی وان لە فەزای کۆمەڵایەتی دا سەرکوتکرا و بەو شێوەیە فەزای نورماتیڤی کۆمەڵگا داخرا. فەزای سیاسی لە سەرەتادا لە لاێەن جەریانی میللی مەزهەبی و پاشان جەریانی مەزهەبی بە تەواویی تاپۆ کرا و هەر بەوچەشنە فەزای قودرتی سیاسیشی لە لاێەن ئەوە جەریانەوە قۆرغ کرا. بە دوای مەرگی ئایەتووللا خومینی دا وا وەێدەچوو کە فەزای سیاسی و قوودرتی سیاسی لە ئێران دا تووشی قێران بێت، لێ ڕێگاچارەیەک کە لە گیرفانی ئاغایی رەفسنجانی هاتە دەر بوو بە هۆی ئەوە کە ئاغای رەفسنجانی وەک ڕێبەری سیاسی و ئاغای خامنەیی وەک ڕێبەری معنەویی کۆماری ئیسلامی تا سەرەتایی ساڵەکانی ١٣٧٠بەدوور لە گرژ وگریی بەرچاو پێکەوە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بگرن. ئاغای رەفسنجانی بە مانۆردان لە سەر گەشی ئابووریی لەو بەشەدا لە هەوڵی ئەوە دا بوو کە وەیست و داخۆازیەکانی خەڵک لە کۆمەڵگا دا بەگەشتی کانالیزە بکا. بەڵام دوو بلۆکی ‘ اصولگرا و اصلاح طلب’ اسلامی لە هەمبەر ئەو سیاسەتانەی ئاغای رەفسنجانی دا قووت بوونەوە. ‘اصلاح طلبەکان’ بە ڕێبەری خاتەمی لەو باوەڕە دابوون کە جیا لە گەشەی ئابووریی، گەشەی سیاسی و فەرهەنگیش دەبێت بچێتە پێشی، و هەر لە سەر ئەو تێگەیشتنە چەمکی ‘مردم سالاریی دینی’ کە بە ڕۆاڵت دەبوو ڕێگا خۆش بکا بۆ کرانەوەی فەزای نۆرماتیڤی کۆمەڵگا و فەزای سیاسی ئێران، هاتە ئەدبیاتی سیاسی ئێڕانەوە. ئەو حەرکەتە لە ڕاستیدا بوو بە هەلێک بۆ فەزای داخراویی نۆرماتیڤی کۆمەلگای ئێران کە خۆی دەربخا. پێکهاتنی کۆڕ و کۆمەڵە کەلتوریی، هونەریی و ڕۆشنبیریەکان و سازبوونی بیر و ڕای جیاواز لەوان سەردەماندا و هەروەها بەدەستەوەگرتنی قودرت لە لاێەن ئەو باڵەوە کە فەزای سیاسی دوو شەقکرد، ئاکامی ئەو هەوڵ و تەقلایانە بوو کە هاتە ئاراوە.
باڵی ‘اصولگرا’ کە لەو ئاڵووگۆڕانە ترسی ڕێنیشتبوو بە پشتیوانی ئاغای خامنەی و سپا و دەم و دەزگاە ئەمنییەتی و قەزایەکان کەوتنە بیریی ئەوە کە فەزای نۆرماتیڤی کۆمەڵگا دیسان دابخن و هەر بۆێە بە کردەوە لە فەزای سیاسی و قودرتی سیاسیدا کەوتنە دەژایەتی سیاسەتەکانی ئاغای خاتەمی. لە هەلبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٤ بەولاوە لاێەنی ‘اصولگرا’ هەلێکیان بۆ ڕەخسا کە جاریکیتر فەزاکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و قودرت سیاسی یەکدەست کەنەوە و سیستمێکی داخراو پێک بەهێنن و لە ساڵی ١٣٩٢ بە هاتنە سەرکاری رووحانی جارێکیتر ئەو ڕەوتانە کەوتوونە ململانی لە گەڵ یەکتر.
هەرچەند زۆریەک لە ئێمە لە سەر ئەو باوەڕێن کە ئەوە شەرە زێڕینگەریەکە کە لە لاێەن سەرانی کۆماریی ئیسلامییەوە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام من پێم واێە کە ئەو پێکدادانە جیدییە. جیدیی بەو مانایە نا کە لاێەنێک خۆازیاریی دێموکراسی و ئازادیی و ماڤی مرۆڤ بەو چەشنە کە ئێمە گەرەکمانە و لاێەنێک پارێزەریی کۆماریی ئیسلامییە. بەڵکوو ئەو پێکدادانە جیدییە لە بەر ئەو ڕاستیە کە سەرانی کۆماریی ئیسلامی بە ئاغای خامنەیشەوە بە باشی لەو مەسەلەیە تێگەیشتوون کە هەر دیاردە و نیزامێک کە نەتوانێت لەو ژینگەیدا کە تێدا دەژیی ڕادەی توانایی خۆگونجاندەن و ئاڵوگۆڕ لە خۆێدا دروست بکا مەحکوم بە نەمانە. کۆماریی ئیسلامیش لەو قاعیدیە بەدوور نییە ومجبوورە کە ئاڵووگۆر لە خۆێدا پێک بەهێنێت بۆ ئەوە کە درێژە بە ژیانی خۆێ بدا. بەڵام تێگاێشتنەکان لە خۆگونجاندەن و ئاڵوگۆڕ لەو دوو ڕەوتە دا یەک نین. ڕەوتی بە ناو ئیسلاح و اعتدال لە سەر ئەو باوەڕیە کە ئەو سێ فەزایە کە لەسەرەوە باسم کرد لە چۆارچێوەی قانوونی ئەساسی دا دەبێت بکرێنەوە. ئەو جەریانە وا وێدەچێت کە بەشێکی بەرچاو لە نارزایەتیەکانی خەڵک لە خۆێدا کۆ کاتەوە و ئەو پەێامە بە خەڵک دەگەێنێت کە بەشداریی وان دەتوانێت چارنووسی دۆاڕۆژیی وان بگۆڕێت و هەرچەند خەڵک زۆرتر پشتیوانی ڕەوتی ڕێفۆڕم بێت شانسی پاشەکشە و لاوازبوونی جەریانی ‘اصولگرا’ زۆرتر دەبێت و هەر بەو پێیەش ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕ و کرانەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی زۆرتر خۆش دەبێت و کۆماری ئیسلامی لە گرژ و ئالۆزیی سیاسی لە گەڵ دنیا دوور دەکەوێتەوە. بەڵام جناحی ‘اصولگرا’ جناحێکی ئەقتدارگەرا و موتڵقگەرایە کە خوێندنەوەیی لە سەر کۆماری ئیسلامی بەتەواویی خوێندنەوەیەکی داخراوە و پەێام و سیاسەتەکانی وان وەک ئایاتی ئاسمانی لەگۆڕان نەهاتوون و خۆیان بە نوێنەریی خودا لە سەر زەویی دادەنێن و هەر لە سەر ئەو بنەمایە بە پشتیوانی نەهادگەلێکی وەک سپا و بەسیج و زۆرجاریش بە پشتیوانی ئاغای خامنەیی داێمە لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو فەزایانە لە هەرچەشنە دەنگ و ڕەنگیێەکی جیاواز لە خۆێان سەرکوت بکەن و یەکدەنگی و یەکدەستی لە نیزامدا ریالیزە بکەن و بەم شێوەێە قودرت و ئەقتداریی کۆمەڵایەتی-سیاسی و نیزامی کۆماری ئیسلامی بەهێز بکەن و بی پارێزن. و هەڵبژاردن لە ئێڕاندا ئێستا بۆ خەڵک لە دەنگدان لە نێوان ئەو دوو ڕەوتە دا خۆی دردەخا و کاردانەوەکانی دەکرێت تاووتوویی بکرێت.

ڕۆژی کورد: بەشێک لە ڕیفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لەلایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبوو و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ ڕژیم گەرم دەکات، ئێوە بە گشتی لاتان وایە، تەحریم دەتوانێ دەردێک دەرمان بکات؟

مه‌جیدپوور: جوڵانەوەی کورد بە گشتی و ئەحزابی سیاسی کورد بە تاێبەتی تەنیا کاتێک دەتوانن لە ڕووداو و ئاڵووگۆڕە سیاسیەکانی ئێران کەڵکی پێویست وەرگرن کە خاوەنی بەرنامە و ستراتیژیکی چالاک و خەلاقی دیاریکراو بن کە متمانە و پشتیوانی زۆربەی هەرە زۆریی خەڵک بۆ لای خۆێان ڕابکێشن. ئەوە کە بەگشتی لە حاڵتی ئێستایی ئێڕاندا خۆی نیشان دەدا ئەوەیە کە ڕێفۆرمخۆازەکان لە نێو کۆمەڵگای ئێڕاندا پەلوپۆیان دەرکردوە و جەماوەریەکی بەرچاوەیان لە خەڵک بەدەوەری خۆیان دا کۆ کردۆتەوە کە لە سەر ئەو باوەڕەن کە لە چۆارچێوەی قانوونی ئەساسی ئێران دا دەکرێت ئاڵووگۆر پێک بێت. ئەو ڕەوتە هەر وەک لە ناوەکەی ڕا دەردکەوێت نە بەتەمای ڕووخانی سیستمی کۆماریی ئیسلامییە و نە خۆشی بە ئاڵترناتیڤی دەزانێت. بەڵکوو خۆی بە بەشێک لەو سیستمە دەزانی. لاێەنی باێکوت دەژ بە کۆماری ئیسلامییە و لە کردەوە دا لە دەرەوەی ساختاریی کۆماریی ئیسلامیدایە و لاێ وایە کە رژیم قابلی ئیسلاح نییە و دەبێ بڕوا. ئەو لاێەنە لە سەر گریمانی ئەوە کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لە دەژی کۆماری ئیسلامین زۆرتر مانۆر دەدا بە بێ ئەوە کە لە توانای دابێت ئەو جەماوەرە زۆرە سازماندهی و موبیلیزە بکا لە دەژی ڕژیم و بە بەرنامە و ئاڵترناتیڤیک لە هەمبەر ڕژیمدا بێتە مەێدان. هەر بۆێە باێکۆت لە ڕاستیدا ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی سازماندراویی لە پشت نییە و زۆرتر وەک دروشمێک سەروبەندیی هەڵبژاردەنەکان دێتە ئاراوە، بە بێ ئەوە کە کاردانەوەیەکی شوێندانەریی لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە ئێڕان یا کوردستان دا هەبێت.
ئەو هەل و مەرجە لە کوردستانیشدا کەم تا زۆر دروستە. ڕێفورمخۆازکان کەم تا زۆر لە کوردستان خاوەنی هوویەتێکی سەربەخۆ نین و بەشێکن لە ڕەوتی ڕێفورمخۆازانی سەراسەریی و هەر بەو پێ و شێوێنە تا رادەیەکی زۆر سیاسەتی ڕیفۆرمخۆازانی سەراسەری ڕەچاو دەکەن. لەو حاڵتەدا کێش و وەزنی کورد لە ئیتلافێکی ئاوا دا بستراوەتەوە بە توانایی و خەلاقییەتی چالاکانی ڕێفۆرمخۆازی کورد و چەند و چۆنی پشتیوانی خەڵکی کوردستان لەو ڕەوتە. ئەوە کە زۆر ڕوونە ڕێفۆرمخۆازانی کورد لە چۆارچێوەی قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامیدا بەشوێن ماڤەکانی خەڵکی کوردستانندا دەگرێن و هەر بۆێە بۆوان بەشداریکردن لە هەڵبژاردەن دا و هاتنە سەرکاریی دەوڵەتێکی ڕێفورمخواز هەدفێکی دیاریکراوە. بەڵام لاێەنگرانی ڕوخانی ڕژیم لاێان واێە کە باێکوتی هەڵبژاردنەکان دەتوانی کێشەی کورد لە هەمبەر ڕژیمدا بەهێزتر بکا. بەڵام ئەوە کە چلۆن باێکۆتێکی لەو چەشنە دەتوانێت جوڵانەی کورد بەهێز بکا و چلۆن لەو باێکوتە بە قازانجی کێشەی کورد کەڵکی دەکرێت لێ وەربگیرێت بەرنامەیەکی ڕوون و دیاریکراو لە گۆڕی دا نییە.
بە کورتی باێکۆتی هەڵبژاردەن خۆی لە خۆێدا شێوازیەکی گرینگ و کەم هەزینەێە بۆ دەرخستنی نارەزایەتی خەڵک لەهەمبەر ساختار و حاکمێەتێک دا، بەو مەرجە کە ستراتیژیکی کۆک و پوشتە و هەر لەو کاتەدا ئالترناتیوکی بەهێزیی لە هەمبەر ئەو ساختار و نیزامە لە بەر دەست دابێت کە متمانەی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەگینا بەشداریی نکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنێکدا بە هۆی نەبوونی هەردووک لەو دیاردانە بە گشتی شتێکی وای لێ شین نابێتەوە.

ڕۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردییەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ناو ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

مه‌جیدپوور: دیارە ئێمە ئەزموونی بایکوت کردنی هەڵبژاردنەکانمان لە کوردستان دا زۆر بووە و هێزە کوردیەکان بە گشتی وەک نەریتێک لە سەروبەندیی هەڵبژاردنەکاندا کەم تا زۆر لە باێکوتی هەڵبژاردن دا یەکدەنگ دەبن. بەڵام ئەو یەکدەنگییە چوونکە خاوەنی پاشخنێکی ئاڵۆزی لێکدابران و لاوازی کار و چالاکی سیاسییە، کارێگەریی ئەو بانگەواز و یەکگرتنە لە سەر کۆمەڵانی خەڵک ڕەنگە کەم ڕەنگ کاتەوە. لە گەڵ ئەوەی کە کوردستان خاوەنی مێژووی خەباتێکی زیندو و هەروەها خاوەنی هوشیاریەکی سیاسی و نەتەوەی ئیجگار باشە، لێ دیسانیش بەهۆی کاتی بوونی هەڵویستیەکی لەو چەشنە کە خاوەنی سیاسەتێکی داهێنەرانە و خلاق و چالاک و درێژ خایەنی یەکگرتوو نییە کە کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێزەکانی خۆێدا بە بەردەوامەی ڕێک و پێک و ڕێبەریی بکا و وەجوڵەیان خا، ناکری چاوەڕۆانێکی زۆر جیدیمان لە باێکۆت هەبێت. بەو حاڵشەوە ئەگەر بێتوو باێکوت شەکڵێکی جەماوەریی و هەمەلاێەنە لە کوردستان و بەشەکانیتری ئێران بەخۆ بگرێت ڕەنگە بۆ دنیای دەرەوە سەرنج ڕاکێش بێت، لێ ئەوە کە ئەو سەرنجە تا چەڕادیەک مانایەکی سیاسی بەکەڵکی دەتوانێت بۆ گەلانی ئێران لێبکەوێتەوە دیسان بستراوەتەوە بە شێوازیی نوێنەرایەتی کردنی ئەو باێکۆتە و بوونی خەباتێکی بەردەوام، یەکگرتوو و چالاکانە لە لاێەن لاێەنە سیاسیەکانی کە خوێان بە نوێنەری ئەو بانگەوازە دەزانن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت