ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی لەمەڕ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردەوە

0
1142

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە بیاڤی کەمینە نەتەوەییەکاندا، دەستبەسەرکرانی شارومەندانی سەر بە کەمینەکان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٥دا، سەدی ٨ بەرز بووەتەوە و هەروەها سەپاندنی حوکمی زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سەدی ٩٥ زیادی کردووە، و ئەم ئامارە باس لە سەدی ٤٠ی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا دەکات.

لە بواری کەمینە ئایینییەکاندا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٩٧ ڕاپۆرت لە لایەن ڕێکخراوی ئامارەوە تۆمار کراوە کە بەپێی ئەم ئامارانە ٩٠ شارۆمەندی سەر بە کەمینە ئایینییەکان قۆڵبەست کراون، ٩حاڵەتی لێدان، ٣ حاڵەتی داخرانی شوێنی بەجێهێنانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی کەمینە ئایینیەکان و ١٩٥ حاڵەت پێشگرتن بە چالاکیی ئابووریی کەمینە ئایینیەکان، ٤٠ حاڵەت بانگهێشت بۆ ڕێکخراوە ئەمنی- دادوەرییەکان و ٤٩ حاڵەتیش بێبەش کردنی کەمینە ئایینییەکان لە خوێندن تۆمار کراوە. لەم نێوانەشدا کەمینە ئایینییە بەهاییەکان، سەدی ٣٨ی ئەم ئامارەیان لەسەر تۆمار کراوە.

لە بواری ئازادیی ڕادەربڕین و بیروڕای جیاوازدا،٥٦١ ڕاپۆرت لە لایەن ڕێکخراوی ئامارەوە تۆمار کراوە کە ١٥٥ حاڵەت بۆ فیلتێرینگی ئینترنێتی و ٢٥ حاڵەت بۆ داخرانی چاپەمەنی و ٣حاڵەتی دەستتێوەردانی بەئەنقەست لە کارکردی ئینترنێتیدا و ٢٤٢ حاڵەت دەستبەسەرکرانی چالاکان و ٢١٥ حاڵەت لێدان و…هتد، تۆمار کراوە و هەروەها ٢٧٠٥ حاڵەتیش کۆکردنەوەی ماهوارە ڕاگەیەندراوە.

لەمەڕ لەسێدارەدان لە ئێران، ٣٣٠ حاڵەت ڕاگەیەندراوە، کە ٤٥٧ حاڵەت حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و ٥٠٨ حاڵەتیش لەسێدارەدراون و ٣٢ کەسیش لە بەر چاوی خەڵک لەسەر شەقامەکاندا لەسێدارە دراون.

لە بواری فەرهەنگی و کولتوریی و چالاکانی ئەم بوارەدا، لە سەدا سەد بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرانی چالاکانی فەرهەنگی ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

لە بەشی کرێکاراندا، دەست بەسەر کردنی کرێکاران سەدی ٨٨ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە.

لە بەشی خوێندکاران و پێشێل کردنی مافی خوێندکاراندا، بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو، سەدا ٣٦ بەرزتر بووەتەوە و لە بیاڤی پێشێل کردنی مافی پیشەوەراندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، سەدا ٤٦ زیادی کردووە و لە بیاڤی ژناندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، سەدا ٤٦ حاڵەتەکانی پێشێل کردن و ڕێگری کردن لە چالاکانی بواری ژنان، ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

زۆرترین ڕێژەی ئامارەکان لە بەشی دەستبەسەرکردنی شارومەنداندایە کە تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٢٤٦٧ حاڵەت دەستبەسەرکرانی شارۆمەندان و چاڵاکانی مەدەنی و سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە ڕوویان داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت