٢٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران داوای کۆبوونەوەی نائاشکرا لەسەر فڕۆکەکانی ڕووسیە لە ئێران دەکەن

0
559

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی “ئیلنا”، مەحموود سادقی یەکێک لە نوێنەرانی تاران، 20 کەس لە نوێنەرانی مەجلسی ئێران لە نامەیەکدا داوایان لە لاریجانی، سەرۆکی پارلمانی ئێران کردووە تا کۆبوونەوەیەکی نائاشکرا لەمەڕ باس و لێکدانەوە لەسەر دەرکردنی مۆڵەت بۆ بەکارهێنانی خاکی ئێران لە لایەن ئەرتەشی ڕووسیەوە، بەڕێوە بچێ.

لەو نامەیەدا داوا کرداوە تا لەو کۆبوونەوەیەدا، بەرپرسانی پەیوەندیدار ئامادە ببن.

ناوبراو گوتیشی لەوانەیە ئەو کۆبوونەوەیە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێ.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی جێگیربوونی فڕۆکە سەربازییەکانی ڕووسیە لە فڕۆکەخانەی هەمەدان کە دەگوترێ بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەودای فڕینیانە بۆ لێدان لە بنکەی دژبەرانی ئەسەد لە سووریە، نوێنەری ئیسلام ئابادی غەرب و داڵاهۆ لە پارلمانی ئێران، دژکردەوەی نیشان دا و بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی ئێرانی زانی.

حیشمەتووڵا فەلاحەت پیشە، لە کۆبوونەوەی ئاشکرای ڕۆژی چوارشەممە 27ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاویی مەجلیس، جێگیربوونی فڕۆکە ڕووسیەکان لە پایەگای هەمەدانی بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی ئێران زانی و گوتی: “جێگیربوونی فڕۆکە شەڕکەرە ڕووسیەکان لە پایەگای هەوایی شەهید نۆژەی هەمەدان، بەپێچەوانەی ئەسڵی ١٤٦ـی یاسای بنەڕەتیە کە تێیدا جێگیربوونی فڕۆکەی بیانی تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەش، ڕێگەپێنەدراوە”.

.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.