ژنێک لە ژێر ناوی “شەڕەف” سووتێندرا

0
708

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێڕی مهاباد، دوو برا لە ژێر ناوی “نامووس” خوشکەکیان سووتاندووە و دواتر نامەیەکیان لەسەر تەرمەکەی داناوە کە ئێمە وەک برای ئەو ئافرەتە بۆ پاراستنی شەڕەفی خۆمان و بە هۆی بێ ئەخلاقیی ئەو، کوشتوومانە.

ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، 21ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی لە لای نەخۆشخانەی مهاباد، تەرمی سووتاوی ژنێک بینراوە کە نامەیەکی لەسەر تەرمەکەی بوو: “ئێمە براکانی تووبا، بۆ پاراستنی شەڕەفی خۆمان، کوشتوومانە”.

تووبا. ع، تەمەن ٣٠ تا ٣٥ ساڵان، کچی ڕەحیم و عیسمەت، خەڵکی گوندی وسووکەندی مهاباد، کوڕێکی هەیە و خێزاندار کە شووەکەی ژنێکی تری هەیە و دەگوترێ ئەو ژنەی پشت گوێ خستووە و لەگەڵ ئەوەی تریان دەژی و تووبا بە ناچاری لەگەڵ منداڵەکەی لە لای دایک و باوکی دەژیا. براکانی تووبا، چەند جار هەڕەشەیان لێکردووە و لێیان داوە تا دەست لە هەبوونی پەیوەندیی سێکسی هەڵگرێت بەڵام دەگوترێ ئەو هەر بەردەوام بووە تا لە ئەنجامدا براکانی دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر دەیکوژن و دواتر دەیبەن بۆ نزیک گوندی “بادام” و لەوێ ئاگر لە جەستەی بەردەدەن و دواتر تەرمەکەی لە نزیک نەخۆشخانەی مهاباد فڕێ دەدەن و ناشیشارنەەوە کە ئەوان خۆیان و بە وتەی خۆیان بۆ ۆاراستنی “شەڕەف” ئاگریان داوە.

کەسێکی ئاگادار بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “مێردەکەی تووبا بە مانگیش سەردانی نەدەکرد، تووبا لە ڕووی عاتفییەوە بێ پەنا بوو، لە لایەکەوە هەم مێردی هەبوو و نەیدەتوانی مێردی تر بکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە تەنیا و سەڵت بوو، مێردەکەی کە شۆفیری ترۆمبیلی گەورەیە لەگەڵ ژنەکەی تری خەریکی ژیانی خۆیانن و تووبای پشت گوێ خستبوو”.

دوای دۆزرانەوەی تەرمەکە، تووبا نێژراوە و ئەسپاردەی خاک کراوە بەڵام کەس ئامادە نەبوو سەرەخۆشیشی بۆ دابنێت.

براکانی تووبا دەستبەسەرکراون بەڵام هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆسیەکە و دۆخی براکانی لەبەردەستدا نیە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.