دوو برای گوندی قەرەسەقەلی شنۆ، مەترسی مەرگیان لەسەرە

0
678

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە شاری شنۆ، ماوەی چەند ڕۆژە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دوو برای گوندی قەرەسەقەلی ئەو شارەیان بە تاوانی یارمەتیدان بە پێشمەرگەکان لەو گوندە دەست بەسەر کردووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو برا بە ناوەکانی جەلال و کەماڵ مەسرووری خەڵکی گوندی قەرەسەقلی سەر بە باژێڕی شاری شنۆیان دەستبەسەر کردووە و لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا تا ئاستی مەرگ ئەشکەنجەیان کردوون.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد هەروەها باس لە مەترسیی مەرگ لەسەر ئەو دوو برایە و بەتایبەت لەسەر کەماڵ دەکات.

دەگوترێ ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی پووشپەڕ و دوای چەند ڕۆژ ئەشکەنجەی گران و بەردەوام و بە هۆی لەخۆچوون و بەرەو مەرگ چوونی کەماڵ، ئیدارەی ئیتلاعات کەماڵ مەسرووری ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری شنۆ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی ڕاگەیاندووە کە ئیدارەی ئیتلاعات بە نیازە دوای باشتر بوونەوەی کاتیی کەماڵ دووبارە ئەشکەنجەی بدەنەوە.

لە ئێستادا بە هۆی دۆخی نالەباری ئەو دو برایە و بەردەوامیی ئەشکەنجە و لێدانیان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە مەترسی مەرگ لەسەر گیانی ئەو دوو برایە هەیە و دەگوترێ هەر لە ئێستادا هیوایەکی ئەوتۆ بە مانەوەی کەماڵ نیە.

لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ بە بەردەوامی هاووڵاتیانی ئەو شارەی دەستبەسەر کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت