بڕیارە لە مەریوان پاڵاوگەیەکی نەوت دابمەزرێ/ڕاگەیێندراوی ئەنجومەنی سەوزی چیا

0
2548

ڕۆژی کورد: دوای ئەوەی کە عەبدولمحەممەد زاهیدی، پارێزگاری پارێزگای سنە ڕایگەیاند، ڕێکخراوی ” محیط زیست” مۆڵەتی لێدانی پاڵاوگەیەکی نەوتی لە مەریوان دەرکردووە و زەوی و شوێنی ئەو پاڵاوگەیەەش لە دەشتی بێڵو، تەرخان کراوە،، چالاکوانانی ژینگەپارێز و لە ڕیزی پێشەوە، ئەنجوومەنی سەوزی چیا، هەڵوێستی دژ بەو بڕیارەیان دەربڕی و ئەو بڕیارە بە لەناو بردنی ژینگە و ویشک کردنی زرێبار و سەرچاوە ئاوییەکان دەزانن.

بەشی فارس نشینی ئێران هەر لە ئێستاشدا تووشی بێ ئاوییەکی زۆر هاتووە و لە داهاتوویەکی نزیکی ٥ تا ١٠ ساڵەدا، ئەو گرفتە دەبێتە قەیرانێکی جیدیی بۆ سەر ئێران، هەر بۆیەش ڕژیم بڕیاری ڕاکێشانی ئاوی لە ناوچەکانی تری ئێرانەوە بۆ ناوچە فارس نشینەکان دەرکردووە و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرینی لێکەوتۆتەوە.

ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجومەنی سەوزی چیا سەبارەت بە دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە مەریوان بەو شێوەی خوارەوەیە:

بە داخێکی گرانەوە دەبێ بڵێم کەم وڵاتێ هەیە وەکوو ئێران دەستی داوەتە کاولکردنی ژینگەی خۆی. (ئەسکەندەر فیرووز- دامەزرێنەری ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران).

وڵاتی ئێران لە پشتوێنەی وشکی دنیادا هەڵکەوتووە و هەبوونی دیاردەگەلێکی وەک دارستانەکانی زاگرۆس، زەلکاو و گۆلاوەکان و … تەنیا ڕێکەوتێکە و پاراستنییان تەنیا ڕێگە چارەمانە، چونکە ژیانەوەی پاش مردنیان مەحاڵە. زرێبار یەکێ لەو سەرچاوە سروشتییانەیە کە بەردەوام لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی هەلپەرەستاندایە و ڕۆژانە تووشی برینی تازە بوە. پسپۆڕان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەگەلێکی زۆریان لەسەر زرێبار ئەنجام داوە و دڵسۆزانی زرێباریش زۆر جاران لەگەل بەرپرسان پێوەندییان گرتوە و چەندین جار لە وۆرکشاپ و سمینارگەلی زانستیی جۆراوجۆردا مەترسییەکانی لەناوچوونی زرێباریان خستوەتە ڕوو، کەچی هێشتا زرێبار لەگەل هەمان دەردەکانی جاران دەستەویەخەیە و ئیتر بەرگەی کۆستێکی لەوە گەورەتر ناگرێت.
لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی پاراستنی زیاتر و بەدواداچوونی تۆمارکردنی زرێبار لە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ڕامسەردا بوون، کەچی بەرپرسان لە ڕاگەیاندراوە فەرمییەکاندا بەڵێنی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە دەشتی بێلوو و لە مەودای کەمتر لە دوو کیلۆمێتری زرێباردا ڕادەگەیەنن و تەنانەت هەوڵی ژینگەپارێزان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم پرۆژەیە وەک پڕووپاگەندەیەکی میدیایی لە قەڵەم دەدەن. وادیارە کۆبوونەوەی دە هەزار کەسی ڕێوڕەسمی “ڕۆژێکم بۆ زرێبار”یان لە بیر چوەتەوە و نایانەوێ باوەڕ بکەن کە مانەوەی زرێبار تا چ ئاستێک گرێدراوی مێژوو، کولتوور و مان و نەمانمانە.

ڕاگەیاندنی پڕ لە شانازیی دانانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە، بە واتای دەرهێنانی ڕەگ و ڕیشەی زرێباری بریندار و تاساندنی ژیانی خەڵکی ناوچەیە و تاوانێکی تر وەکوو گۆلی ورمێ دەخولقێنێ. دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە ژێر ناوی پەرەسەندن و بردنە سەرەوەی ئاستی پیشە و کەم کردنەوەی هات و چۆی تانکەرە مەرگ هێنەرەکان، فریوێکی گەورەیە کە سەدان جاری تر لەو چەشنە بەڵێنانە لەسەر کاغەز هاتوە و جیا لە ماڵوێرانی هیچی تری پێوە نەبوە! سەیر لەوەدایە کە تا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەک لە پلاندانەرانی ئەو گەڵاڵە وێرانگەرانە نەکراوە.

ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە هیچ شێوەیەک تەحەمولی بەڕێوەچوونی ئاوەها پرۆژەگەلێکی کاولکارانە ناکەین و نایەڵین زرێباری باوانمان کە گرێدراوی هەست و نەستمانە بەرەو باوەشی مەرگ بەرن. ئێمە تاقەتی بینینی برینی قووڵی پاڵاوگەی نەوت لە سەر جەستەی زرێمارمان نییە و لە ئاستیدا بێدەنگ نابین، چونکە بێدەنگیمان بە واتای نەمانمانە.

بەم بۆنەوە لە سەرجەم خەڵک و ڕێکخراوەکان، کارناسان، ژینگەپارێزان، میدییا و بەرپرسان چاوەڕوانین لە ئاست دانانی ئەم پرۆژەیە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو بگرن، چونکە هەموومان لە بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرپرسین.

“کە دارستان ئاگری گرت داری بێ لایەن کامەیە؟”

ئەنجومەنی سەوزی چیا

۲۸ی ڕەزبەری ۲۷۱۶

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت