لە ٧ ڕۆژی ڕابردوودا ١٩ کەس لەئێران لە سێدارە دراون

0
809

ڕۆژی کورد: بەپێی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی کە بڵاو بوونەتەوە، تەنیا لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا (١٩) زیندانی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون و (٧) چالاکی مەزهەبیی کورد حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی ٤ی جۆزەردان (٣) زیندانی بە تۆمەتی کوشتن و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لەسێدارە دران.
هەواڵدەریی هێرانا ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان بڵاوی کردەوە کە (١١) زیندانیی تەمەن ٢٢ بۆ ٢٥ ساڵ کە بە تۆمەتی “کۆشتنی بە ئەنقەست” حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕابۆوە، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج حوکمەکەیان جیبەجێ کرا.
ئەو سەرچاوە بڵاویشی کردبۆوە کە لە هەمان ڕۆژدا (٢) زیندانی لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون و (١) زیندانیی دیکەش ڕۆژی دواتر لەبەرچاوی خەڵک لەسێدارە دراوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان (زیندانییەک)ی خەڵکی مازندەران لە باکووری ئێران، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لەسێدارە دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردان، (پیاوێکی تەمەن ٣٥) ساڵ بەناوی “ئەسغەر” کە بە تۆمەتی کوشتن، حوکمی لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپابوو، لە نێو زیندانی بیجاڕدا حوکمەکەی بەڕێوەچوو.
ڕۆژنامەی “ئێران” ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی جۆزەردان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، ئەو زیندانییە بەهۆی کوشتنی بنەماڵەیەکی ٤ کەسییەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕابۆوە.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، ئەسغەر کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٣ حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕابۆوە، لەلایەن بەرپرسان و نیگابانانی زیندانی بیجاڕەوە بە “بێ بەزەیی‌ترین” زیندانی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بانگ دەکرا.
هەروەها هەواڵدەریی کوردپا ڕۆژی ٥ی جۆزرەدان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە (٧) “چالاکی مەزهەبی”ی کوردی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.