کەسایەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ سزای زیندانی کردنی “نەرگس محەمەدی”یان مەحکووم کرد

0
598

ڕۆژی کورد: دوابەدوای بڕینەوەی سەپاندنی سزای ١٦ ساڵ زیندان بۆ “نەرگس محەمەدی” ژنە چالاکی سیاسی، لەلایەن ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، چالاکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی داکۆکیاری مافی مرۆڤ دژکردەوەی بەرینیان بەو حوکمە نیشان دا.

کومیساریای مافی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە زیندانی کردنی نەرگس محەمەدی، یەکەمین ناوەند بوو کە دژایەتیی حوکمی دەزگای قەزایی رژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد.

کومیساریای مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی حوکمی ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ نەرگس محەمەدی، خوازیاری ئازادیی ئەو ژنە چالاکە بووە.

لە بەیاننامەی کومیساریای مافی مرڤدا هاتووە: ” ئێمە بە بیستنی حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی بۆ نەرگس محەمەدی تووشی سەرسووڕمان بووین”.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە: ” ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم داکۆکیکارەی مافی مرۆڤە بە شێوەی زۆر جیدی پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە و پێویستە بە زووترین کات پزیشک چاوی پێی بکەوێت”.

ئەو بەیاننامەیە باسی لەوەش کردووە: “نوێنەرایەتیی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی دیکەی مافی مرۆڤ بۆ ماوەی چەندین ساڵ داوایان لە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە نەرگس محەمەدی لە زیندان ئازاد بکات، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ ئاکام مانەوە و مەحکووم کردنەوەی سەرلەنوێی نەرگس محەمەدی دەرخەری ئەو راستییەیە کە لە ئێراندا رۆژ لە دوای رۆژ قبووڵ کردنی مافی مرۆڤ ئەستەمتر دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە سامانتا پاور، نوینەری ئەمریکا لە شۆرای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا لە فەیسبووک لە نووسینێکی کورتدا خوازیاری ئازادیی نەرگس محەمەدی بوو.

ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە لەو نووسینەیدا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ نەرگس محەمەدی بە جێگەی سەرسووڕمان لە قەڵەم داوە و رایگەیاندووە کە ئەو ژنە چالاکە بەبێ هۆکار دەستبەسەر کراوە.

هاوکات لێبوردنی نیونەتەوەیی ٢ رۆژ پێش ئیستا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، حوکمی دەزگای داوەریی رژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ بڕینەوەی حوکمی ١٦ ساڵ زیندان بۆ نەرگس محەمەدی مەحکووم کردووەو بە هێرشی هەمە لایەنە بۆ سەر چالاکانی مافی مرۆڤی لەقەڵەم داوە.

هەروەها گوتراوە ئەو سزایە دەرخەری ئەوەیە ڕژیمی ئیسلامی وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی بەربڵاوی خەڵک، کەڵک لە دەزگای دادوەری وەردەگرێت.

هەروەها فیلیپ لۆتەر، بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: “حوکمی نەرگس محەمەدی نموونەیەکی دیکەی ئەو ڕاستییەیە کە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی سەرکوتی چالاکییی هێمنانە پەنا بۆ تۆمەتی مەترسی دروست کردن بۆ تەناهیی نەتەوەیی دەبات”.

لۆتەر گوتووشیەتی: ” بێ‌گومان نەرگس محەمەدی بەهۆی بەڵێنیی شێلگیرانە لەمەڕ داکۆکی لە مافی مرۆڤ سزا دەدرێ و لێپرسراوانی رژیمی ئێرانیش هێڵی سەرکوتی چالاکانی مافی مرۆڤ و تۆقاندنی رەخنە گرانیان گرتۆتە بەر”.

ئەو لێپرسراوە حومی زیندانی کردنی نەرگس معەمەدیی بە جێگەی شەرم و شوورەیی وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە : “هیچ کاتێک لەگەڵ داکۆکیکارێکی مافی مرۆڤ کە وەکوو چرای هیوا، ڕوون و بەرچاوە، هاوشێوەی جینایەتکارێک هەڵسووکەوتی لەگەڵدا ناکرێ”.

فیلیپ لۆتەر خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی نەرگس محەمەدی بووەو گوتووشیەتی: “ئیدعای مافی مرۆڤ لە زاری بەرپرسانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە جگە لە درووشم هیچی تێدا بەسەر نییەو ئەمەش سووکایەتی کردن بە بنەماکانی عەداڵەت و ئازادیی رادەربڕینە”.

نەرگس محەمەدی، یەکێک لە چالاکە ناسراوەکانی ئێرانە، کە لەلایەن “دادگای ئینقلابی تارانهەوە حوکمی ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزری بۆ بڕاوەتەوە و رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی مانگی مەی ئەو حوکمەی پێ راگەیاندراوە.

بڕینەوەی ١٠ ساڵ حوکمی زیندان بەهۆی وەڕێخستنی کەمپەینی “هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاو”ی سێدارە”، ١ ساڵ زیندان بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی رژیم و ٥ ساڵ زیندانیش بۆ تۆمەتی پێکهێنانی کۆبوونەوە بە مەبەستی پرۆپاگەندا کردن بە دژی ڕژیمی ئێران بۆ نەرگس محەمەدی بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.