16 هەزار مامۆستای حەقوتدەریس، ٩ مانگە مووچەیان پێنەدراوە

0
728

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد 16 هەزار مامۆستای قوتابخانە لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە تا ئێستا مووچەیان پێنەدراوە.

ئەو مامۆستایانە کە مامۆستای حەقوتتەدرسن، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٥ ی هەتاوی و بۆ ماوەی ٩ مانگە تا ئێستاش مووچەیان پێنەدراوە.

تا ئێستاش لە لایەن فەرمانگەی پەروەردەی شارەکانەوە هیچ هۆکارێک بۆ پێنەدرانی ئەو مووچەیە بەو مامۆستایانە کە نزیک بە ١٢ ساڵە بە شێوەی حەقوتەدریس مامۆستان، ڕانەگەیێندراوە.

بەشێک لەو مامۆستایانە ئەو کەسانەن کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو و پاش ماوەیەک دوورخرانەوە لە پیشەی مامۆستایەتی و لەسەر بڕیاری فەرمیی نوێنەرانی مەجلیس و پارلمانی ئێران، گەڕێندراونەتەوە سەر کارەکانیان.

یەکێک لەو مامۆستایانە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ ڕٶژی کورد گوتی: “لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە هیچ مووچە و مانگانەیەکمان پێ نەدراوە و دەنگیشمان بە هیچ شوێنێک ڕاناگا و مامۆستایانیش کە بەشێکیان پێشتر دەرکرابوون و دوای بەدواداچوونێکی زۆر، ٢ ساڵە گەڕێندراونەوە سەر کارەکانیان، لە ترسی دەرکرانی دووبارە ناوێرن دەنگ هەڵبڕن”

فانی، وەزیری لە سەر کار لادراوی پێشووی پوەردەردەی ئێران، پێشتر ئاماژە بەوە دابوو کە “ئێمە وڵامی مامۆستاێانی خۆپێشاندەرمان بە گۆپاڵ و تێهەڵدان دایەوە”.

ئەو مامۆستایە ئەو دۆخەی گەڕاندەوە بۆ سەر دزییە بەرچاوەکانی ناو بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانیان وهەروەها کاریگەریی گەمارۆکانی سەر ئێران و گوتیشی: “پەیوەندی کردن و گوشارەکانمان بۆ نوێنەرانی پارلمانیش تا ئێستا هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و ناشزانین بە چ هۆکارێک مووچەی ئێمە ڕاگیروە و لە ژێر گوشاری زۆری حەراسەتی پەروەردە، ئەو مامۆستایانە تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێکبێنن “.

دەگوترێ دۆخی ئابووریی ئەو مامۆستایانە و بنەماڵەکانیان بە هۆی پێنەدرانی مووچەی نزیک بە ٥ مانگیان زۆر نالەبارە و لە ژێر گوشارێکی ئابووریی زۆر دان.

مامۆستای حەقوتەدریس لە سیستەمی پەروەردەدا بە جۆرێک لە مامۆستا دەگوترێ کە بە شێوەی فەرمی دانەمەزراوە و لە هەمبەر کاری دیاریکراو و بەپێی کاتژمێر کاری مانگانەی، مووچە وەردەگرێ.

مامۆستایانی حەقوتەدریس بە هیوای دامەزرانیان لە داهاتوودا، درێژە بە پیشەی مامۆستایەتی لە دۆخی ئاڵۆزی هەنووکەییاندا دەدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت