وەزیری ئیتلاعات: 1500 کەسمان شناسایی کردووە کە بە نیازبوون بچنە ناو داعش

0
712

ڕۆژی کورد: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ناوەناوە بەرپرسانی ڕژیمی تاران، هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەسانێک بڵاو دەکەنەوە  کە بە نیازبوون بچنە ناو داعش یان هەواڵی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ داعش لە ناو ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، بڵاو دەکەنەوە.

مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعات لە قسەکانی خۆیدا لە پێش وتاری نوێژی هەینیی ئەومڕۆ 5ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە باژێڕی قوم باسی لەوە کرد کە 1500 کەسیان شناسایی کردووە کە بە نیازبوون بچنە ناو ڕیزەکانی داعشەوە.

عەلەوی گوتیشی: “دوای ئەوەی کە ئەو کەسانەمان شناسایی کردوون، بەپێی هەڵوێستی قورئان و پێغەمبەر، قسەمان لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە و پێشمان بە چونیان بۆ ناو داعش گرتووە.

ئەوە یەکەم جار نیە بەرپرسانی ڕژیمی ئێران، لێدوان و هەواڵی لەم شێوە بڵاو دەکەنەوە.

پێشتریش ڕٶژی چوارشەممە 3ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی، وەزیری ئیتلاعات باسی لە کوژرانی “ئەبوو عایشە کوردی”، فەرماندەی تیپی موسڵی داعش، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژئاوای ئێران کردبوو و گوترا کە ئەبوو عایشە کوردی هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسێک لە هاوڕێکانی کوژراوە.

ڕێکەوتی 24ی مانگی گەلاوێژی 1395 هەتاویش، پارێزگاری کرماشان باسی لە لەناوچوونی تیمێکی خۆکوژیی داعش لە یەکێک لە باژێڕەکانی پارێزگای کرماشان کردبوو و گوتی ئەو تیمە بەنیازبوو لە باژێڕەکانی ناوەندی ئێران، تەقینەوە ئەنجام بدەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت