شەڕکردن بە کامێراوە:نووچەی بەرەکانی شەڕ لە دەوروبەری مووسڵدا

0
500
سیاوەش محەمەدی
سیاوەش محەمەدی

ڕاپۆرتی شتیفانی گرۆس و کارامان یاووز

وەرگێڕان لە ئاڵمانییەوە: سیاوەش محەممەدی

[پیشەکیی وەرگێر: ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٦ کاناڵی NDR ئاڵمانی ڕاپۆرتە هەواڵێکی لە دوو بەشی  جیاوازی ماڵپەڕ و تلویزیۆن لەسەر “هەواڵی بەرەکانی شەڕ لە دەوروبەری مووسڵدا بڵاو کردەوە، هەرچەند ڕاپۆرتی بەشی تلویزیۆنی ئەو کاناڵە جیاوازییەکی  زۆرتری لەگەڵ هەمان ڕاپۆرت لە بەشی ماڵپەڕدا هەبوو بەڵام بە هۆی هێندێک خاڵ و ڕەخنەی گرنگ کە بە تایبەت لە ڕاپۆرتی بەشی ماڵپەڕی NDRی ئاڵمانی لەسەر میدیای کوردی و بە تایبەت دوو میدییای “ڕووداو” و “کوردستان ٢٤” و بە گشتی میدیاکانی ئێراق دا دیتم و بە هۆی هەستیاری و گرنگی تایبەتی بابەتەکە، بە پێویستم زانی ئەو بابەتە وەڕبگێڕمەوە سەر زمانی کوردی و بیخەمە خزمەت خوێنەرانی هێژا و بە تایبەت میدیاکارانی کوردەوە.]

هەموو شتێک لە چرکەساتێکدا تێپەڕ دەبێت. یەکەمجار تەقە و زرمەییەکی تاقەت پڕووکێن و دواتر گەردەلوولێک لە تەپ و تۆز. دوای تێپەڕبوونی برووسک ئاسای هەمووی ئەمانە، خۆشی و هەرای سەربازەکان بە ڕوونی دیارە: ئەوان(سەربازەکان)  سەیارەییەکی داعشیان بەر گۆڵلە دابوو و ئاماژەیان بە ئاسۆی ئەو شوێنە دەکرد، لەو شوێنە و کەمتر لە کیلوومترێک ئەولاتر هەورێکی چڕی دووکەڵی تەقینەوەکە بە ئاسماندا بەرزبووبوویەوە. لە نێوان جەنگاوەرەکاندا  ڕۆژنامەنووس “بەرگەشت ئاکرەیی”  ڕاوەستاوە.
بە پیتی گەورە، وشەی “Press” لە سەر جریقە دژە گۆلڵەکەیەوە زەق دەنوێنێت. بە بەردەوامی و دڵەڕاوکەوە لەبەردەم کامێراکەوە بۆ کاناڵی هەواڵدەری کوردستان ٢٤ ی کوردی قسە دەکات و  ڕاپۆرت دەدات: بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی ناوەرانەوە کە تەنها ٥٠ کیلومتر لە مووسڵەوە دوورە.
ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی شەڕەوە
ئاکرەیی تەنها یەکێک لە سەدان ڕێپۆرتەرە، ئەوانەی کە لە پێشەوەی سۆپای ئێراق و میلیتارەکان لە سەر ڕێگای مووسڵ بەدواداچوون دەکەن و  سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕێپۆرتاژ بۆ چەندین کاناڵی جیاوازن، لە زۆربەی بەشەکانیشدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و تا ئەوشوێنەش کە بۆیان دەلوێ خۆیان نزیکی بەرەکانی شەڕ دەکەنەوە.
کاناڵی هەواڵدەری ڕووداوی کوردی هەموو ڕۆژێک بە شێوەی ڕاستەوخۆ و جاران هەتا پێنج تیمی هەواڵدەری، ڕۆژانە لەگەڵ هێزە کوردیەکانی پێشمەرگەیە. ئەم کاناڵە سێ ساڵ پێش بەدەر لە کولتووری باوی میدیاکان دامەزرا و پرۆگرامێکی خستە ڕوو و باسیان لە کۆمەڵێک ئامانج وەک جیهانێکی کراوە ، ڕەخنە و پلوڕالیسم کرد.
ڕووداو بە دیزاینێکی سەردەمیانە و ڕۆماڵی نێونەتەوەیی هەواڵەکانەوە هات و زیاتر لە هەموویشی لە نێو بینەرانی گەنج توانی جێگای خۆی بکاتەوە و پانتاییەکی زۆری گرتووەتەوە.
ڕووداو (ئەجێنداییەکی) بەرنامەییەکی دیاریکراوی سیاسیشی هەیە
لەسەر ئەجندای سیاسی ئەو کاناڵە  پیاو بۆی نییە لەگەڵ ئەوەش هەست بە هیچ وەهمێک بکات. بە پێچەوانەی پروگرامە کلاسیکەکان هیچ لایەنگرییەکی ڕاستەوخۆی حیزبی  ناکرێت، ئەگەر چی دامەزرێنەر و پاڵپشتی دارایی “ڕووداو” نچیروان بارزانی، سیاسەتمەداری پارتی دێموکراتی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراقە.
ڕووداو لەگەڵ بەشێک لە پەیامنێرەکانی خۆی و لە گەڵ دەستپێکردنی شەڕی مووسڵ و بۆ نزیکەی چوار هەفتە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕووماڵی شەڕەکەی کرد و ڕاپۆرتەکانی بە میدیاکانی تریش دەیدا. وەکوو نموونەش کاناڵی بریتانیی “کاناڵ ٤” و کاناڵی عەرەبی “ئەلجەزیرەش” ئەم ئۆڤەرەیان  وەرگرت و ڕەوەندی پێشڕەوییەکانی سوپای ئێراق و میلیشیاکان بەرەو مووسڵیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە فەیسبووک بڵاو کردەوە.
بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ڕاستەوخۆ و هاوکاتی ناوچەکانی شەڕ چی دی  ئەوەندەش نائاسایین نین، ئەم پەرەسەندنە رەهەندێکی نوێ بە خۆییەوە بینیوە: بینەر، لە کاتی پیاسەکردنیش دەیتوانی و دەتوانێت  گەرماوگەرم لە ڕێگەی وەشانی ڕاستەوخۆوە بەدواداچوونی  ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بکات.
بە شکڵۆکە و دەمەلاسک، کۆمێنت دانان لەسەر شەڕ

بە پێ ڕۆژنامەی بریتانیایی گاردیەن، لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکە لە ناوەڕاستەکانی مانگی ئۆکتۆبر نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە ڕێگەی فەیسبووکی کانال ٤ی بریتانی بەدواداچوونیان بۆ شەڕەکە دەکرد و هاوکات بینەرەکانی ئەلجەزیرەش گەییشتبوونە  ٨٩٢٠٠٠ کەس.
پەرچەکردارەکان لەهەمبەر هەردوو ماڵپەرەکە: بە گشتی بە شێوەییەکی ڕەخنەگرانە بوون، زیاتر لە هەموویشیان ئەم پرسیارە بوو کە ئایا کاناڵێکی هەواڵدەری دەتوانێت لە ڕێگەی شەڕەوە، وەکوو ئامرازی ڕابواردن و بەسەربردنی کات، بۆ بەدەست هێنانی  داهاتی زیاتر کەڵکی لێ وەربگرێت. بەتایبەتیش پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا بینەر دەتوانێت لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە بە “شکڵۆکە” پەرچەکرداری خۆی دەرببڕێت.

“ڕوویشتن لە نێوان ژیان و مرگ”
بۆ ئەوەی بتوانن هەموو کاتێک بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو  ئامادە بن، زۆر هەستیار بوون، لەگەڵ ئەوەش کە  کەرەستەکان زۆر بە پێ پێویستیش نەبوون،  بەڵام پێشکەشکارە کوردەکان زۆرتر بەلایانەوە گرنگ بوو کە “بنەماکانی ڕۆژنامەنووسی لەبەرچاو بگرن.”
محمەممەد کەریم بەرپرسی کوردستان ٢٤ باس لەوە دەکات کە: “هاوکات لەگەڵ وەشانی ڕاستەوخۆمان دەمانهەوێ هەم گیانی ڕۆژنامەنووسەکانمان پارێزراو بێت و هەمیش  گیانی پێشمەرگە نەخرێتە مەترسییەوە، بەم بۆنەوە هێندێکجار وەشانی ڕاستەوخۆمان بە تەئخیرەوە بڵاو دەکرێتەوە” . ” ئێمە نامانهەوێ دژبەرەکان ئەم زانیارییانە وەربگرن و هێرش پێک بێنن. ئەمە لە نێوان ژیان و مەرگ تێدەپەڕێت.”
بەهەمان شێوە هێویدار ئەحمەد، یەکێک لە هەواڵنێرەکانی ڕووداو، لەکاتی دەستپێکردنی هێرشەکەوە هەموو ڕۆژێک لە بەرەکانی شەڕدا بەسەردەبات.  ئەمە بۆ ئەو زیاتر لە هەواڵنێڕێکی شەڕ بەسەریدا دەچێت: ” ئێمە هەموومان ئازادیمان دەوێت. کوردستان سەربەخۆیی دەوێت. پێشمەرگەش تەنها دژ بە داعش شەڕ ناکات بەڵکوو پێشمەرگە بە تایبەت بۆ ئازادیش خەبات و شەڕ دەکات. بەهەمان شێوە میدیای کوردیش بۆ ئازادی خەبات دەکات.”
ڕۆژنامەنووسی و ئەکتیویستی(چالاکی)
ڕۆژنامەنووسەکان، ئەوانەی دەیانهەوێت “ئەکتیویست” بن.
ئانیا وۆلنبرگ لە نوێنەرایەتی برلینی ڕێکخراوی “میدیا ، هاوکاری و گواستنەوە MiCT” دەڵێ: “خۆبایی و باوەربەخۆبوون لە دۆخێکی ناوچەیی[تایبەت] دەبێتە هۆی ڕوودانی هەڵە .” ئەو [ ئانیا وۆلنبرگ] کە لە دە ساڵی ڕابردوودا چاودێری میدیاکانی ئێراقی کردووە و چەندین جار بە شێوەی مەیدانی ڕێپۆرترەکانی ڕاهێناوە و لەگەڵیان قسەی کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە : “زۆربەی هەرەزۆری ڕۆژنامەنووسەکان خۆیان بە ڕۆڵگێڕێکی چالاک لە بەگژداچوونەوەی داعشدا پێناسە دەکەن.  لە ئاکامدا سرووشتییە کە ئەوان[ڕۆژنامەنووسەکان] لە ڕۆڵی چاودێرێکی بێ لایەن و شرۆڤەکار و [بە گشتی] واتا گەلێکی کلاسیک کە ئێمە لێرە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژنامەنووسیی هەمانە، دوور بخرێنەوە و خواحافیزی لێ بکەن.”
وۆڵنبرگ دەڵێ: “پیاو نابێت ئەوەیش لەبیر بەرێت کە بۆ نموونە بینەرانی کوردستان ٢٤ و ڕووداو، مەبەستم کوردەکان لە هەولێرە، کەمتر لە ١٠٠ کیلۆمتر لە بەرەکانی شەڕەوە دوورن.هەربۆیە  ئەم میدییایانە شوێندانەری زۆریان لەسەر بەکارهێنەران و بەردەنگەکانیان دەبێت. سرووشتیشە کە بەردەنگ و بەکارهێنەرانی ئەم میدیایانە خوازیاری چیرۆکی قارەمانەکان بن و بیانهەوێت بینەر و بیسەری ئەوەی بن کە پێشمەرگە ئەم شەڕە دەباتەوە.”
چیرۆکی قارەمانەکان باڵی بەسەر ڕووماڵی ڕووداوەکاندا کێشاوە
چیرۆکی قارەمانەکان، بەستراوەتەوە بەوەی کە کام وێزگەت گرتبێت بۆیە هەرجارە و شتێکی جیاواز دەبیستیت. بەستراوەیی حزبی یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی  ڕوانگەی میدیاکانی ئێراقییە. لەڕاستیدا ئێستا گێڕاندنەوە و ئەرکێکی هاوبەش لەهەمبەر داعش و زێدەڕۆییەکی [لەڕادەبەدەر] لە قووڵکردنەوەی کێشە تاییفی و مەزهەبییەکان کە تەنانەت کۆمەڵگایشیان شەق کردووە، هەیە.  بەڵام جیاوازییەکان کاتێک زیاتر خۆیان دەر دەخەن کە [بزانرێت] دەستخۆشانەی کێ دەکرێت لە بردنەوەی شەڕ لەهەمبەر داعشدا. لێرەدا هەر وێزگەییەک و زانییارییەک دەدات،ئەوەش  بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو[وێزگەیە] نزیک لە کام فرکاسیۆنی(گرووپی) خۆیە، پێشمەرگەکان، میلیشیاکانی شێعە یان سوپای وڵات.”
ئەمە شموولی هەموو وێزگەکان دەکات: هێڵێکی ناسک لە نێوان  بنەماکانی ڕۆژنامەنووسی، ئەجێندای سیاسی و هەڕەشەی ڕۆژاندا هەیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت