بۆ بیرئانینا مامۆستا محەمەد شێخۆ، ترۆپکی سترانبێژیی کوردی

0
872

بەشی فەرهەنگ و هونەری ناوەندی ڕۆژی کورد

مامۆستا محەمەد شێخۆ یەکێکە لەو هونەرمەندانەى کوردستان کەهەمیشە لە ڕیزى گەل و نیشتماندا بووە و هەر بۆ کورد و بە کوردی ژیاوە، کەسێکی کە دەگوترێ بە ڕەگەزی سەرەکیی خۆی کورد نەبووە و خێڵەکەی دوای گیرسانەوە لە کوردستان، دەیان ساڵ بەر لە لەدایک بوونی مامۆستا شێخۆ، بوون بە کورد، بەڵام کوردایەتی و کوردستانی بوون و کوردو نیشتمان و ئاڵاخۆشەویستی لە ناو دەمارەکانی مامۆستا شێخۆدا پنگی خواردبۆوە و بە کوردی ژیا و بە کوردی مرد.

شێخۆ ساڵى 1948 لەگوندى گرباوى نزیک بە شاری قامیشلۆ چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و لە گوندى خجۆکێ خوێندنى سەرەتایی تەواو کردووە. خوێندنی ناوەندى لە قامیشلى تەواو کردووە و هەر لەو تەمەنەڕا بایەخى بەمۆسیقا و گۆرانىی کوردى داوە.

مامۆستا شێخۆ، ساڵى 1969 چۆتە بەیروتى پێتەختی لوبنان و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسف ـدا تیپى مۆسیقاى نەورۆزیان دامەزراندووە کە تیپێکى هونەرى بووە و بایەخى بە گۆرانى و مۆسقاى فولکلۆرى کوردى داوە.

ساڵى 1972 گەڕاوەتەوەو بۆ کوردستانی ڕۆژئاواو دواتر بە هۆی گۆرانى و سروودە نیشتیمانپەروەری و شۆڕشگێڕەکانییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى حکوومەتى سوریاوە تەنگى پێ هەڵچنراوە و چەند جار ڕەتى کردۆتەوە کە لە ئاهەنگە ڕەسمییەکانى حکوومەتدا بەشدارى بکات.

ساڵى 1974 پەیوەندى بە شۆڕشى ئەیلوولەوە کردووە. پاش نسکۆ وەکو سەدان هەزار تێکۆشەرى تر ئاوارەى ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) بووە و لە شاری مهاباد نیشتەجێ بووە و هەر لەوێش لەگەڵ کیژێکی مهابادی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و لە شاری سنەش وانەی موزیکی وتووەتەوە و مامۆستای موزیک بووە.

مامۆستا محمد شێخۆ له‌نێو ڕیزی پێشمه‌رگه‌دا مایه‌وه تاوه‌کو ڕێکه‌وتننامه‌ی ڕه‌شی جه‌زائیر ساڵی ( 1975 ) و دوابه‌دوای ئه‌و کاره‌ساته له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر لە کورده‌کان کۆچی به‌رە‌‌و وڵاتی ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) کرد، له ‌ئێران له‌ڕێگه‌ی چه‌ن گۆرانیه‌ک وه‌ک (هه‌ر ئه‌ڕۆم ئه‌ڕۆم ، ئێره‌م ، نا دڵ هه‌ر ، د به‌هاره) توانی عه‌رشی گۆرانیی فارسی بله‌رزێنێت به‌ڵام هونه‌‌رمه‌ند تووشی بێزاری و خه‌مۆکی بوو، ئەوەش بە هۆی  چه‌ند هۆکارێکی وەک، له‌لایه‌ک چاودێری کردنی له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی ئێران به‌هۆی هه‌ستی کوردایه‌تی و چه‌ند گۆرانییه‌کی کوردی و له‌ لایه‌کی دیکهوە، جیابونه‌وه‌ی له ‌هاوڕێکانی به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێکیان بۆ کوردستانی باشوور و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ندێکی دیکه‌یان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای جیهان.

دواتر ساڵی (١٩٨١) به‌یه‌کجاری گه‌ڕایه‌وه کوردستانی ڕۆژئاوا و له‌شاری قامیشلۆ نیشته‌جێ بوو و به‌رده‌وام بوو له سترانبێژی و تیپێکی مۆسیقای منداڵانی دامه‌زراند تاوه‌کو منداڵان فێری گۆرانی و ئاوازو سروودی کوردی بکات و هاوکات هاوکاریی هونه‌رمه‌ندانی کوردی دە‌کرد.

 ‌ساڵی ( 1986 ) سترانە به‌ناوبانگه‌که‌ی (جوانی ئازادی) چڕی کە هۆنراوەی شاعیری مه‌زنی کورد ( سەیدا جگه‌رخوین) ـە که‌ بووه ئوستوره‌ی گۆرانیی کوردی.

 مامۆستا محمد شێخۆ کەسێکی دڵ ناسک بوو و زۆر خه‌م و ئازار و سته‌م و زوڵمی مرۆڤەکانی دەخوارد. م‌خابن هێشتا له‌ سه‌ره‌تای ژیان و گه‌رمیی هونه‌ردا بوو کە ڕێکەوتی(9-3 -1989) و له ‌ته‌مه‌نێکی کورتدا به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌کی کوتوپڕ ماڵاوایی یەکجارەکی لە کوردستان و جیهان کرد و له‌ گۆڕستانی “ئەلهیلالیە”، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ناو ئاپۆرای خزم و که‌س هه‌زاران دۆستانی هونه‌ره‌که‌ی به‌ده‌م فرمێسک وگریانه‌وه و له ڕێوڕەسمێکی شیاودا به گه‌وره‌یی خۆی به‌خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت