گوتووبێژی تەلەفوونیی ترامپ و ئۆلاند، لەمەڕ ڕێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران

0
733
ترامپ و اولاند

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕٶیتێرز، ئەمڕۆ هەینی ٢١ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا و فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە ڕێگای تەلەفوونەوە باسیان لە هەندێک بابەتی سیاسیی جیهان و لە ناویاندا ڕێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵە، ستراتژیگەلی پەیوەندیدار بە شەڕ بە دژی تیرۆر، قەیرانی سووریە و ئۆکراین و ڕێککەوتننامەی ژینگەیی پاریس باسی تری ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییە بووە.

هەرچەند دیار نیە ئۆلاند و ترامپ لەمەڕ وزەی ناوکیی ئێران چیان گوتووە بەڵام دەگوترێ ئەو باسە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی ئەو پەیوەندییەی نێوان دوو لایەن بووە.

لە هەمان کاتدا بەپێی هەواڵی چەند هەواڵنێری جیهانی، ڕاوێژکاری ترامپ ڕایگەیاندووە کە هەندێک هەوڵ بۆ خرانە ناو لیستەی تیرۆری گرووپی ئیسلامیی “ئیخوانولموسلمین” لە ئارا دایە و یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ترامپ دەبێت.

وەلید فارس، ڕاوێکاری ترامپ لە سیاسەتی دەرەکی، لە وتووێژێک لەگەڵ بی بی سی و لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ترامپ، ڕێکەوتننامەی بەرجام دەدڕێنێ گوتی: “لەوانەیە دڕاندن، وشەیەکی قورس بێت بەڵام ئەو ڕێکەوتننامەیە کە پێشتر کراوە، وێڕای ئوروپاییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، جارێکی تر چاوی پێدادەخشێندرێتەوە”.

فارس ئاماژەی بە دەست تێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا کرد و گوتی: “ئەو ڕێکەوتننامەیە بەو شێوەی کە ئێستا هەیە و ١٥٠ میلیارد دۆلار بۆ ئێران بنێردرێ ئەویش بێ ئەوەی لە هەمبەردا ئێران هیچ شتێک بدات و لە لایەکی تریشە ئێران لە ئێستادا لە ٤ وڵاتی ناوچەکە دەست تێوەردان دەکات، بۆ دەوڵەتی ترامپ قەبووڵ ناکرێ”.

وەلید فارس لەمەڕ ڕیزبەندیی سیاسەتی دەرەکیی ترامپ گوتی:”یەکەم بابەتی گرنگ بۆ دەوڵەتی ترامپ لە ڕووی سیاسەتی دەرەکییەوە، نەمانی داعش ـە و شێوەی هەڵسووکەوتی دەوڵەتی ترامپ لەگەڵ داعش، لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ئێستا زۆر جیاواز دەبێت و چڕ وپڕ دەبێ.

وەلید فارس باسی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان ئێران و عەڕەبەکان کرد و گوتی: “دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا، هاوپەیمانەتییەک لەگەڵ عەڕەبەکان پێک دێنێت و سیستەمی بەرگریی ئوروپاییەکانیش بۆ وەستانەوە لە هەمبەر تیرۆریسم بەکار دێنێ.

ڕاوێژکاری ترامپ، لەمەڕ چۆنیەتی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ڕووسیەش لە دەوڵەتی ترامپدا گوتی: “هەڵبەتە ترامپ لەگەڵ ڕووسەکان دانوستان دەکا بەڵام ئەوە بە واتای دابەش کردنی جیهان لەگەڵ ڕووسەکان نیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش، هاوکاری لەگەڵ ڕووسەکان پەرە پێدەدەین.

وەلید فارس هەر وەها گوتیشی: بەر لە هەر شتێک هەوڵ دەدرێ هاوپەیمانییەک لەگەڵ عەڕەبە میانەڕەوەکان بکرێ و حەزمان وایە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وەک ئۆردۆن و میسر بکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت