کوردانی نیشتەجێی کانادا لە بەردەم باڵیوزخانەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی ناڕازیان پێکهێنا

0
775

کۆبوونەوە ناڕزایەتییەکانی کوردستانیان لە هەمبەر هێرشی سپای تیرۆریستیی قودسی ئێران و میلیشاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، لە وڵاتانی جیاجیا بەردەوامە

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، سەدان کەس لە کوردانی نیشتەجێی وڵاتای کانادا لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کۆبوونەوە.

بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، لە حاڵێکد ئاڵای کوردستانیان لە دەست دابوو، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر بێدەنگیی ئەمریکا لەهەمبەر هێرش بۆ سەر خاکی کوردستان، دەربڕی.

کوردستانیانی بەشداربوونی ئەو کۆبوونەوەیە، داوایان لە ئەمریکا کرد، پشتیوانیی ڕوونی خۆی بۆ کورد دەرببڕێ.

دوکتور ڕۆژان ئاشتاب، پزشکی نەشتەرگەر و چاوەدێری سیاسیی ناسراوی کوردستان و نیشتەجێی وڵاتی کانادا، لەو کۆبوونەوەیەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێک لە وتارەکەیدا، دوکتور ڕۆژان باسی لە خەباتی پێشمەرگە و هاوکاریی کورد لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕی داعش دا کرد و گوتی، ئێستا نۆرەی ئەمریکایە تا پشتیوانی لە کورد بکات.

دوکتور ڕۆژان، لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، باسی لە ئازارە مێژووییەکانی گەلی کورد کرد و جەختیشی کردەوە، خەباتی کورد ناوەستێ و بەردەوامە و لە ئەنجامدا کورد دەگا بە ئاواتە مێژوویی و مافە ڕەواکەی خۆی واتا سەربەخۆیی.

لە هەمان کاتدا، لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویس و بە بەشداریی کۆمەڵێک لە کوردستانیان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە هەمبەر دەستدرێژی کردنی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران و لە ناویاندا حەشدی شەعبی بۆ سەر خاکی کوردستان پێکهات.

سەلام ڕۆستەمی زادە، چالاکی سیاسیی کوردی نیشتەجێی وڵاتی سویس، لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، ڕاگەیێندراوێکی خوێندەوە و جەختی لەسەر خۆڕاگریی کورد لەسەر مافەکانی کردەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە چەندین وڵاتی تری وەک ئاڵمان، نۆروێژ، هەرێمی کوردستان و دانمارک، کۆبوونەوەی بەربەرینی ناڕەزایەتی پێکهاتوون.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.