قوتابخانەکانی دەورووبەری ئورمیە قوتابیان ناچار بە دانی پارە دەکەن/لێدوانی تایبەت

0
359

158ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، بەرپرسانی قوتابخانەکان لە ناوچەی مەرگەوەر و تەڕگەوەری سەر بە باژێڕی ئورمیە، لەگەڵ دەست پێکردنی وەرزی سەرما لەو ناوچانە، بۆ دابین کردنی بڕەپارەی سووتەمەنی، گوشاریان خستۆتە سەر قوتابیەکان.

بەرپرسانی قوتابخانەکان بە قوتابییەکانیان ڕاگەیاندووە کە بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی زستان پارە و بوودجەیان نیە و بۆیەش قوتابی و بنەماڵەکانیان دەبێ تێچووی سووتەمەنیی قوتابخانەکان دابین بکەن.

ئەوان داوایان لە هەر قوتابییەک کردووە کە لانیکەم دەبێ بڕە پارەی ٥٠ هەزار تمەن وەک یارمەتی بدەن بە قوتابخانە ئەگینا لە سەرمای زستاندا و بێ کەرستەی گەرمایی دەمێننەوە.

سەرچاوەیەک لە دزە ـی مەرگەوەر بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی ڕاگەیاندووە: “وەرگرتن و داواکردنی ئەو بڕەپارەیە لە قوتابیان و خەڵکی هەژاری ناوچەکانی دەورووبەری ئورمیە کە هەمووی کوردنشینە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی زانیاریی دروست و جێگای بڕوا، بەڕێوەبەری دوو قوتابخانەی دزە ـی مەرگەوەر ساڵی پار پارەیان لە دەمی قوتابیان گێڕاوەتەوە و بۆ مسۆگەر کردنی پلە و پایەی خۆیان، گەڕاندوویانەتەوە ئیدارەی پەروەردە و وەک بەڕێوەبەری دەست پێوەگر، ڕێزتان لێگیراوە”.

بەپێی مادە ٣ و ٣٠ـی یاسای ئێران، خوێندن لە قوتابخانە تا کۆتایی پەروەردەی گشتی بە خۆڕاییە و دەوڵەت دەبێ سەرجەم پێداویستییەکانی مامۆستا، قوتابی و قوتابخانە دابین بکات بەڵام هەموو ساڵ لە ژێر ناوی یارمەتی بۆ قوتابخانە، قوتابی و بنەماڵەکانیان ناچار دەکەن پارەیەکی دیاری کراو بدەن بە قوتابخانەکان.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی، چالاکی سیاسی و پسپۆڕی بواری پەروەردە لەمبارەوە لە لێداوانێکی تایبەت بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “پرسی وەرگرتنی پارەی زۆرە ملی لە ژێر ناوی یارمەتی بۆ قوتابخانەکان، بابەتێکی نوێ نیە، لە سەرجەم تەمەنی قوتابی بوون و مامۆستابوونی خودی خۆمدا بەردەوام هەبووە و بینیومە بەڵام بەپێچەوانەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییە و لە مادەکانی ٣ و ٣٠ ـی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا بە ڕآشکاوانە گوتوویە کە سەرجەم کەرستە و پێداویستییەکانی قوتابیان و قوتابخانە تا ساڵی یەکەمی دواناوەندی (کە دواتر کرا بە دیپڵۆم) دەبێ دەوڵەت دابینی بکا و تەنانەت تا کاتێک کە ئێران بەتەواوی لەسەرپێی خۆی ڕادەوەستێ (خودکەفا دەبێ) پێویستە دەوڵەت تێچوەکان دابین بکات بەڵام وەک هەموو ئەو خاڵانەی کە لە یاسادا بە قازانجی خەڵکن، داپۆشەیان لەسەر داندراوە و تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا ماونەتەوە”.

مەعرووفی لە درێژەی لێدوانی خۆیدا گوتی: “سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی وەک سیستەمێکی توتالیتر و گشتیخواز، تەنیا یەک ئامانجی سەرەکی هەیە ئەویش بریتییە لە داگیرکردنی مێشک و جەستەی قوتابی بە شێوە و شێوازی خۆی و بۆ ئەوەی کە تاک لە کۆمەڵگادا هەیکەلێک بێ کە ئەوان دایانتاشیوە هەر بۆیەش هەوڵ دەدەن لێرەدا وێڕای ئەوەی کە بابەت و مادە دەرسییەکان بەپێی ئامانجی ئەوانە و مامۆستا و بەڕێوەبەریش تەنیا جێبەجێکەری ئەو بابەتانەن (نە کەمتر نە زیاتر)، هەموو هەوڵی ڕژیم ئەوەیە کە تێچووشی کەمتربێ، بۆ نموونە چاو لێکەن تاقیگە کەمترین پێگەی لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی هەیە و هەرچەندیش لە ناوەندەوە بەرەو ناوچە کەمینەنشینەکان بێت دەبینی ئەو گرنگییە کەمتر دەبێ و تا لە ئەنجامدا دەتوێتەوە”.

مامۆستای پێشووی قوتابخانە و چالاکی سیاسی هەروەها باسی لە زێدەتر بوونی ئەو زەخت و گوشارانە و هۆکارەکانیان کرد و گوتی: “کۆماری ئیسلامی باش تێگەیشتووە کە سیستەمە پەروەردەکەی بەتایبەتی لە ناوچە کەمینەنیشینەکان و بەتایبەتیتر لە کوردستان نەک وڵامدەر نەبووە بەڵکوو دەرهاویشتەی سیستەمی پەروەردە، پێچەوانەی هەیکەلی دڵخوازی ڕژیمە، ئێستاش گەمارۆکان تەنگیان بە ڕژیم هەڵچنیوە و بوونی ڕاسان و خەبات لە کوردستانیش وێڕای دەرگریبوونی ڕژیم لە چوار وڵاتی تری وەک سووریە و عێراق و یەمەن و بەم دواییانە پەلکێشان بۆ ئەفریقاش، وایکردووە تێچووە سەربازییەکانی ڕژیم ڕٶژ بە ڕٶژ زێدەتر بن، لێرەدا هیچ شوێنێک بێ دەسەڵاتتر و بێکەستر لە سیستەمی پەروەردە نیە، وەزیری پێشنیارکراوی نوێی پەروەردەش کە یەکەم وتەی کەمکردنەوەی تێچووی پەروەردە لە ژێر درووشمی بچوک کردنەوە و هاوچەرخ کردنی ئەو سیستەمەیە، لێرەدا تەنیا قوتابی تێچووەکەی دەدات مخابن”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت